هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ، چوارشەممە 20/10/2021، چوارەمین ساڵوەگەڕی داستانی مەزنی پردێیە كە دوای ئەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا داگیر كرد، ویستیان بەرەو هەولێر پێشڕەوی بکەن، بەڵام بە فەرمانی سەرۆك بارزانی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پردێ ڕێگەی لە میلیشیاكان گرت و نەیانهێشت پێشڕەوی بكەن و داستانی مەزنی پردێیان تۆمار کرد.
دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شاری کەرکووک و زۆربەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیان داگیر کرد. ڕۆژی 20ی ئۆکتۆبەر، حەشدی شەعبی بە پاڵپشتیی هێز و میلیشیاکانی عێراق و هێزە هەرێمییەکان هەوڵی دا هێرش بکاتە سەر هەولێر بە مەبەستی داگیرکردنی ئەم شارە و نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە فەرمانی سەرۆک بارزانی کە چاودێریی شەڕەکەی دەکرد، هێزی پێشمەرگە لە پردێ پێشی بە دوژمن گرت و هێرشەكانی میلیشیاكانی تێك شكاند و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك شەڕ لە پردێ بەردەوام بوو تا بە ئازایەتی و خوێنی ژمارەیەك شەهیدی پێشمەرگە نەیارانی كوردستان ناچار بە پاشەكشێ کران و داستانی مەزنی پردێ بووە جێگەی هیوا و پاراستنی خاک و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.
نووری حه‌مه عه‌لی، فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری ڕۆژئاوای كه‌ركووك، بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''له ساڵیادی داستانی پردێدا سڵاو و ڕێز بۆ پێشمه‌رگه گیانفیداكان و سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، داستانی پردێ یه‌كێك بوو له داستانه مه‌زن و گه‌وره‌كان، كه له‌و ڕۆژه‌دا خواستی سته‌م و داگیركردنی كوردستان به گیانبازیی هێزی پێشمه‌رگه پووچه‌ڵ كرایه‌وه. له‌و ڕۆژه‌دا هه‌وڵ درا قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان لەنێو ببرێت و پیلانگێڕی له‌سه‌ر كوردستان هەبوو بۆ دووباره قه‌تڵوعامكردنی گه‌لی كوردستان، به‌ڵام به فه‌رمانده‌ییی سه‌رۆك بارزانی ڕێگا له شكاندنی شكۆی گه‌لی كوردستان گیرا و لووتی سه‌رجه‌م ئه‌و جه‌یش و جاشانە شكێنرا کە بۆ داگیركردنی هه‌ولێر ئاماده كرابوون. هێزی پێشمه‌رگه بۆ یه‌كه‌م جار توانیی چه‌كی قورسی ئه‌مه‌ریكا له‌و شه‌ڕەدا تێك بشكێنێت كه كاتی خۆی ئه‌و چه‌كه بۆ پارێزگاری له عێراق درابووه سوپاکەی، كه‌چی خودی ئه‌و چه‌كه له‌دژی گه‌لی كوردستان به‌كار هێنرایه‌وه و یه‌كێك له دیوه شاراوه‌كانی ئه‌و داستانه ئه‌وه بوو كه پێشمه‌رگه به تاكیتكی سه‌ركه‌وتووانه توانیی كۆكراوه‌ی چه‌ند هێزێك تێك بشكێنێت كه به ناوی یه‌ك هێز هێرشیان كرد و به هاوكاریی زۆر هێزی دیكه ویسترا نزیكی هه‌ولێر ببنه‌وه، به‌ڵام ئه‌و تاكتیكه‌ی پێشمه‌رگه خه‌ونه‌كانی له گۆڕ نان".
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: ''پێشمه‌رگه له چه‌ند قۆڵێكه‌وه هێرشه‌كه‌ی تێک شكاند و ئیتر میلیشیكان شپرزه بوون و نه‌یانتوانی له یه‌ك ئاراسته‌وه سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه ببڕن، جیا له‌وه‌ش، هێزی دژی پێشمه‌رگه ترسی زۆریان لێ نیشتبوو و شپرزه ببوون و نه‌یانتوانی له‌وه زیاتر پێشڕه‌وی بكه‌ن''.
لەو شەڕەدا کە دواتر بە داستانی پردێ ناسرا، پێشمەرگە توانیی تانکی ئابرامزی ئەمەریکی کە بەهێزترین تانکی جیهانە و حەشدی شەعبی بەهۆیەوە هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان، تێک بشکێنێت و بەمەش ورەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بەتەواوی ڕووخا و بە ناچاری پیلانەکانیان لەدژی هەرێمی کوردستان ڕاگرت و تۆمارکردنی داستانی پردێ ئومێدی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە و خاک و قەوارەی هەرێمی کوردستانی پاراست.
حەماسەی پردێ کە بە خوێنی چەندین ڕۆڵە و پێشمەرگەی کوردستان تۆمار کرا، وەک لاپەڕەیەکی زێڕین لە دیرۆکی خەباتی ئازادیخوازیی کوردستاندا دەمێنێتەوە، لە بەرگری و حەماسەی پردێدا پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لەژێر ناوی (فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوای كەركووك) ڕۆڵی بەرچاویان گێڕا و بە ڕۆحێکی کوردستانییانە و لەخۆبردووانەوە بەشدارییان کرد و چەندین پێشمەرگەیان لەو حەماسەیە و شەڕەکانی دیکەی دژ بە داعشدا شەهید بوون.
د. فه‌رهاد كه‌ركووكی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كه‌ركووك-گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''زۆر دیوی شاراوه هه‌بوو له داستانی پردێدا، به‌ڵام سێ دیوی به‌هێزی شاراوه‌ی سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه ئه‌مانه‌ن بوون: یه‌كه‌م، ڕابه‌رایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی كه خۆی هه‌م پێشمه‌رگه بوو، هه‌م فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه و شاره‌زایییه‌كی به‌هێز و ئه‌فسانەیی هه‌یه له شه‌ڕه‌كاندا و بوونی سه‌رۆك بارزانی توانایی زیاتری دایه هێزی پێشمه‌رگه. دووه‌م، خیانه‌ت له‌ناو هێزی پێشمه‌رگەدا، به‌تایبه‌ت لەنێو پارتیدا نه‌بوو، یه‌ك كه‌س سەرکردایەتیی پێشمه‌رگەی ده‌كرد و هێزی پێشمەرگە فه‌رمانی له كه‌سێك وه‌رده‌گرت، ئه‌ویش سه‌رۆك بارزانی بوو، بۆیە ده‌یزانی چۆن شەڕ ده‌كات و چۆن به‌رگری ده‌كات. سێیه‌م، ئیداره‌دانی شه‌ڕ زۆر گرنگ بوو، پێشمه‌رگه نه‌خشه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی شێواند و به‌شێك له زێره‌ڤانی بۆ میحوه‌رێك، به‌شێك له پێشمه‌رگه بۆ میحوه‌رێكی دیكه و به‌شێك له هێزه‌كانی حوسێن یه‌زدانپه‌ناش له مێحوه‌رێكی دیكه جێگیر کران و به‌م شێوه‌یه ئه‌ژنۆی دوژمن شكا.''
سەرکردەکەی پارتی ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: گرنگیی ئه‌م داستانه له‌وه‌دا بوو كه هه‌ر ته‌نیا سوپای عێراق نه‌بوو هێرشی كرده سه‌ر پێشمه‌رگه، به‌ڵكوو ده‌زگای هه‌واڵگریی چه‌ند وڵاتێك و زیاتر له 4 هێزی جۆراوجۆر هێرشیان كرد، كه‌چی نه‌یانتوانی سه‌ركه‌وتوو بن و ئامانج له‌و هێرشه هه‌ولێر بوو، بەڵام لە 20ی ئۆکتۆبەر کە ئەو هێزانە هێرشیان هێنا بۆ سەر پردێ، تێک شکان و، ئەو تێکشانە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ورەی پێشمەرگە لە میحوەرەکانی دیکەش، لەوانە لە ''بازاڕگەی مەخموور و سحێلا و مەحموودیە''ش هێرشی هێزە عێراقییەکان تێک شکێندرا و لە هەموو شوێنێک سەرکەوتنی پێشمەرگە ڕاگەیەندرا، دوای ئەمە له هه‌موو لایه‌كه‌وه فشار له به‌غدا كرا کە هێرش ڕابگرێت و به‌مه‌ش پێشمه‌رگه سه‌ر كه‌وت.
د. فه‌رهاد كه‌ركووكی گوتیشی: ''ئامانجی میلیشیا و هێزە عێراقییەکان داگیرکردنی تەواوی هەرێمی کوردستان بوو، ئەو هێزانە نیازیان هەبوو تا حاجی ئۆمەران و زاخۆ نەوەستن، بەڵام ورە و ئازایەتی و قارەمانیەتیی پێشمەرگە تێکی شکاندن.''
هه‌رله‌م بارەیە‌وه د. ناسیح غه‌فوور، چاودێری سیاسی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''هێز و میلیشیا عێراقییەکان دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەیانویست لە هەولێر تا نزیک قوشتەپە و لە سلێمانییش تا نزیک بانیمەقان داگیر بکەن، به‌ڵام به ئازایه‌تیی هێزی پێشمه‌رگه پیلانی دوژمنان تێك شكێنرا و به‌رگریی و قاره‌مانیەتیی پێشمه‌رگه ئه‌و پیلانه چه‌په‌ڵه‌ی له گۆڕ نا و شكستی هێنا به داگیركاریی هه‌ولێر، بەوەش بۆ یەکەم جار میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لووتیان شکا و نەیانتوانی بە ئارەزووی خۆیان داگیرکاری بکەن و بەرەوپێش بچن، ئەگەر ئەو بەرگرییەی لە پردێ کرا لە کەرکووکیش بکرابایە، ئەو دۆخەی ئێستا لە کەرکووک هەیە، نەدەبوو.''
دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و بەدەستەوەدانی کەرکووک و زۆرینەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەلایەن گرووپی خیانەتکار، میلیشیاکان هەوڵیان دا پێشڕەوی بکەن و هەرێمی کوردستانیش داگیر بکەن، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە لە پردێ، سحێلا، مەخموور و مەحموودیە ڕووبەڕووی داگیرکەران بوونەوە و شکستیان بە هێرشەکانیان هێنا.
ڕاپۆرتی كارزانی سه‌باح هه‌ورامی