Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 24 APR 2024 05:57 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پەروێز ڕەحیم: پارتی دەتوانێت پێگەی ھەرێمی کوردستان پتەوتر بکات
| KDP.info


ھەولێر -KDP.info- لە دوای‌ ھەڵبژاردنەکانی ‌ئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیاندنی دەرئەنجامە بەراییەکان ھەر لایەنێکی‌سیاسیی عێراقی و کوردستانی ژمارەیەک کورسیی پەلەمانیان بەدەست ھێنا کە جیاواز بوو لە خولەکانی تر، دکتۆرێکی زانستە سیاسییەکان دەڵێت، کورد وا باشترە لەنێو خۆدا یەکگوتار و یەکڕیز بن و کێشە ناوخۆییەکان ھەر لە نێوماڵی خۆماندا چارەسەر بکەین، جا بچینە عێراق بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی عێراق.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە وەک ئەوەی خەڵک دەیانویست گۆڕانکاری بکرێت و ھەڵبژاردنی پێشوەختە کرا، ئەم ھەڵبژاردنە لە خواستی داواکارییەکانی خەڵک بوو؟ د. پەروێز ڕەحیم قادر، دکتۆرای ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای کۆلێژی زاستە سیاسییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''تاکوو ئێستا بەهۆی واقعی سیاسیی عێراق و باڵادەستیی سەربازی و ئایینی و تەنانەت سیاسی و ئابووریی هێزە پرۆئێرانییەکان و پاڵپشتیی توندی ئێران لەو هێزانە و لە لایەکی تریشەوە نا یەکگرتوویی و پەرشوبڵاویی هێزە ناڕازییەکان کە بە تشرینییەکان ناسراون و بە جۆرێکیش نوێنەرایەتیی شەقامی ناڕازیی عێراق دەکەن، پێ دەچێت ململانێیەکی توند لەگەڵ براوەکانی هەڵبژاردنەکاندا پەیدا ببێت. جگە لەمانەش، بایکۆتی بەربڵاو و بەرفراوانی خەڵکی ئاساییی عێراق وای کردووە کە تاکوو ئێستا ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە نەتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵک بێت. بەڵام ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە مەرجێک براوەکان، وەکوو سەدرییەکان و کورد و سوننە و تشرینییەکان و سەربەخۆکان، نەکەونە ژێر گوشاری دەرەکی و هێزە چەکدار و توندڕەوەکانی لایەنگری ئێران کە زۆربەی کورسییەکانیان لەدەست داوە، دەتوانێت ڕەوتی ڕووداوەکان بگۆڕێت و ئەمەش جارێکی تر هیوا بۆ جەماوەر دەگەڕێنێتەوە و ئەگەری ئاشتبوونەوەی جەماوەر لەگەڵ سندووقەکانی دەنگدان و هیوا بە گۆڕانکاری لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە لە عێراق زیندوو.

بۆیە خەڵک بە بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنەکاندا و ئەوەشی بەشداری کردووە بە دەنگپێنەدان بە هێزە دەسەڵاتدارەکان، زۆربەی هێزە سیاسییەکانیان لە عێراق سزا داوە و ئەمەش چەشن و جۆرێک لە هەڵوێستی سیاسییە بەرامبەر کۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، تەنانەت دەتوانین بڵێین هاووڵاتییانی عێراق پەیامیان ئەوە بووە کە دەرفەتێکی دووبارەی دەدەینەوە هێزە سیاسییە پەراوێزخراو و ناڕازییەکانی ڕابردوو لە پرۆسەی سیاسیدا، بە مەبەستی چاودێریکردنی هێزە سیاسییەکان کە ئایا پرۆسەی سیاسیی ئاشتیانە و لە ڕێگەی هەڵبژاردن هیچ لە واقعی سیاسی و ئابووریی عێراق دەگۆڕێت؟ بەم واتایە کە ئەگەر هێزە براوەکان ئەم جارە نەتوانن وڵامی داواکارییە کەڵەکەبووەکانی جەماوەر و هاووڵاتییان بدەنەوە و هەروەها نەتوانن پەیامی ڕوونی بایکۆتی خەڵک بخوێننەوە و جارێکی دیکە مێژوو دووبارە ببێتەوە و هەر ئەو هێزانە کە خەڵک سزای داون، دووبارە باڵادەست ببنەوە، ئەوە نەک گۆڕانکاریی ئەرێنی بە ئاراستەی داواکاری خەڵک ناکرێت، بەڵکوو عێراق بەرەو چارەنووسێکی تاریکتر لە ئێستا و ناسەقامگیریی زیاتر و تەنانەت دۆخی نا-ئاسایشی و جەنگی ناوخۆییش دەڕوات.

لە وەڵامی ئەوەدا کە ئەنجامە بەرایییەکان، ژمارەی کورسییەکانی ھەر لایەنێکی بۆ ئاشکرا کردوین، ئایا کورد لەگەڵ سەدر، یان مالیکی ڕێککەوتن بکات بۆ کورد باشترە، ھەرچەند ئەزموونی مالکیمان ھەیە لە ڕابردوو کە کورد تێیدا بودجە و مووچەبڕاو کرا، د. پەروێز گوتی: ''چونکە کورد ئەم جارە بەهۆی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و کێشە لە ناوماڵی شیعەکان دەتوانێت جارێکی تر هاوکێشەکان لە عێراق و هاوسەنگیی هێز یەکلایی بکاتەوە، بە بڕوای من ئێمە وەکوو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هیچ بەرە و لایەنێکیان یەکلایی نەبینەوە، بەڵکوو لە لایەک چاودێریی دۆخەکە بکەین و لە لایەکی تریشەوە، سەرەتا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموو هێزە سیاسییەکان لەسەر کار و بەرنامەی هاوبەش ڕێک بکەوین و ناوماڵی خۆمان ڕێک بخەینەوە. بەم واتایە کە بە یەک گوتار و یەک دەستەی نوێنەرایەتی بچینە دانووستان لە بەغدا و بە نوێنەرایەتیی هاوبەش بچینە ناو هاوکێشە نوێیەکانی پەرلەمانی عێراق، ئەوەش بۆ ئەوەی کە ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی تاڵی چەند ساڵی ڕابردوو بگرین کە لە بەغدا لەلایەن چەند لایەن و پەرلەمانتارێکەوە ببووە شوێنی گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان و یەکلاییکردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان.

جگە لەمانەش، ئەم جارە بە داواکاریی ڕوون بچینە ناو دانوستانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان لە چوارچێوەی ئەجێندا و بەرنامەیەکی ڕوون بخرێتە بەردەستی لایەنە سیاسییەکانی شیعە. هەروەها پێویستە ئەولەویەت لەو وەرەقە کوردستانییە بە ئاشکرا دەستنیشان بکرێت، واتە پلەبەندیی خاڵ و داواکارییەکان دەستنیشان بکرێت کە کامە خاڵ و داواکاری ستراتیژییە و یاخود ئەولەویەتی هەیە و پێویستە جێبەجێ بکرێت و لە چ ماوەیەک و هەروەها کامە داواکاری و خاڵیش پلە دووهەمە و جێگەی دیالۆگ و دانوستاندنە.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەم خاڵێکی گرنگ بکەین کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە حوکمی پێگەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها ژمارەی کورسی و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەرکێکی قورسی دەکەوێتە سەرشان و بە هاوکاری و هەماهەنگی لایەنەکانی دیکەی کوردستان دەتوانێت لەم دۆخە سیاسی و چارەنووسسازەی عێراق و ناوچەکەدا پێگەی هەرێمی کوردستان پتەو بکات و هەروەها ماف، پشک و داواکارییە دەستوورییەکانی کوردستان جێگیر و دەستەبەر بکات.

فایزە کۆیی




دوایین هەواڵەکان

سەرۆکی حکوومەت لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێرێت

TUESDAY, 23 APRIL 2024 22:04:47

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای تەرخانکردنی دارایی دەکات بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان.

 
حزبەکانی کوردستان بۆ KDP: سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا گرنگی پێگەی کوردستان دەردەخات

TUESDAY, 23 APRIL 2024 21:04:02

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسانی باڵای حزبی سۆسیال دیموکرات و بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی زەحمەتکێشان، سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ھەولێری پایتەختی کوردستان بەگرنگ دەزانن لەم كاته‌دا، ھاوکات پێشیان وایە، دەوڵەتی تورکیا پێگەی ھەرێمی کوردستانی لا گرنگە و دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ فراوان بکات لەڕووی دیبلۆماسی و سیاسی و ئابووری.

 
سەرۆكایەتی هەرێم و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنیان كرد

TUESDAY, 23 APRIL 2024 20:04:51

ھەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسێكی باڵای یۆنامی، تاوتوێی كێشە و بەربەستەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەروەها كورسی پێكهاتەكان كرا.

 
لە پارێزگای سەلاحەددین کورد دوو پۆستی بەدەستهێنا

TUESDAY, 23 APRIL 2024 18:04:03

سەلاحەددین _KDP.info_ ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەددین بۆ کاروباری ئەمنی دەڵێت، ئەمڕۆ ژمارەیەک پۆستی دیکەی پارێزگای سەلاحەددین یەکلاکرانەوە و دوو پۆستی پارێزگاکەش بەر کورد کەوتن، ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بەر پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێوەبەری وەبەرھێنانیش بەر یەکێتی نیشتمانی کەوت.

 
میری ئێزدیان بۆ KDP.info: سەرۆک بارزانی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە

TUESDAY, 23 APRIL 2024 16:04:38

شێخانKDP.info-  میر حازم تەحسین  بەگ میری ئێزدیان لە جیهان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی مان ئەنجامدا و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact