سلێمانی -PDK.info- ڕێکخراوى ئه‌نجومه‌نى په‌نابه‌رانى دانیمارکى، هاوکاریى هه‌موو ئه‌و گه‌نج و لاوانه دەکات که خاوه‌نى فکر و پرۆژه‌ى ئابوورین، هاوکارییه‌که‌ش به‌پێى جۆر و گرنگیى هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک ده‌گۆڕێت.
وه‌سفى خه‌لیل، ڕاوێژکاری ژوورى بازرگانیى سلێمانى، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "به مه‌به‌ستى هاوکاریکردن و سه‌رپێخستنى تواناکانیان، ڕێکخراوێکى دانیمارکى بڕیاری داوه هاوکاریى هه‌موو ئه‌و گه‌نج و لاوانه بکات که ده‌یانه‌وێت ببن به خاوه‌نى پرۆژه‌ى خۆیان، به‌تایبه‌تی ئه‌و پرۆژانه‌ى که لایەنی ئابوورییان هه‌یه، هه‌ڵسانگاندن بۆ هه‌ریه‌ک له پرۆژه‌کان ده‌کرێت و به‌پێى گرنگیى پرۆژه‌که له‌لایه‌ن ڕێکخراوه‌که‌وه په‌سه‌ند ده‌کرێت".
گوتیشى: "هاوکارییه‌که بڕه‌پاره‌یه‌کى دیاریکراو له‌خۆ ده‌گرێت، که له‌سه‌ر بنه‌ماى جۆر و ته‌نانه‌ت گه‌وره‌یى و بچووکیى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ده‌خرێته ڕوو، دیارى ده‌کرێت، به‌دڵنیاییشه‌وه هه‌ر که‌سێک که خاوه‌نى فکر و پرۆژه بێت، ده‌توانێت به‌شدار بێت".
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: "خۆشبه‌ختانه پێشتریش پرۆژه‌ى هاوشێوه هه‌بووه، بۆ نموونه له‌گه‌ڵ ڕێکخراوى میرسیکۆ پرۆژه‌یه‌کمان هه‌بوو بۆ گه‌نجانى سلێمانى و ده‌ربه‌ندیخان، ته‌نانه‌ت گەنجانی ڕاپهڕینیشى تێدا بوو، پرۆژه‌که تێ په‌ڕێنرا و هه‌مووشیان سوودمه‌ند بوون، هیوادارین ئه‌مه‌ى ڕێکخراوه دانیمارکییه‌که‌ش هه‌مان سوود و قازانجى هه‌بێت".
ئەرسه‌لان ئه‌حمه‌د