ئەمیر جەرجیس
٧٤ ساڵ لەمەوبەر و لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ دا، بە سەرکردایەتی ژەنەڕاڵ بارزانی نەمر، سەرکردەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتیمانی کوردستان، سوپای شۆڕشگێری کوردستان، کە لە بەرگریکارانی سەرسەختی یەکەمین کۆماری کوردستان بوون لە مێژوو دا و لە نێویاندا بە شانازییەوە باوک و باپیرانی پێشمەرگە و شۆڕشگێرمان داستانێکی پڕ لە ئازایەتی و مەردایەتی بێوێنە و مێژوویەکی زیندووی گەورەیان تۆمار کرد کە سەری کوردیان پێی بەرز کردەوە. دوای شەڕ و نەبەردی مێژوویی و پوچەڵکردنەوەی هەڕەشە و پیلانی دوژمنان و ٥٣ رۆژ رێکردن بە جەنگ و بەرگرییەکی قارەمانانە و بەکارهێنانی تاکتیکی جەنگی پارتیزانی و پلانی ستراتیژی و بە شەڕ و نەبەردی دوژمن بەزێنەوە هەر لە مەهابادی خوێنینەوە بۆ بارزان و بۆ ماوەی ٥٣ رۆژ و بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر لە قۆڵایی کوردستانەوە بەنێو سنووری سێ وڵاتی داگیرکەری کوردستاندا بەسەر شاخە بەرزەکان و پێدەشت و رێگا شاخاوییە سەخت و پڕ بەفر و سەرما و سۆڵەی سەر ریگاکاندا گوزەریان کرد و تا سەر رووباری ئاراس شەڕ و داستانی یەکلاکەرەوەیان بەسەر سوپای پڕچەک و مودێرنی هەر٣ دەوڵەتی داگیرکەری کوردستاندا تۆمار کرد و بە تێکشکاندنی هێزەکانی داگیرکەری کوردستان رۆژی ١٨/٦/١٩٤٧ لە رووباری ئاراس پەڕینەوە بەرەو یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو. کە دوای رووخاندن و گەڵەکۆمەی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی کە بوو بە هۆی رووخانی یەکەمین کۆماری دیمۆکراتی کوردستان لە مێژوودا، ژەنەڕال بارزانی و پێشمەرگەکانی کوردستان ژیانی ژێردەستەیی و خۆبەدەستەوەدانیان رەت کردەوە و بڕیاری بەرگرییان دا. بە سەرکردایەتی بارزانی نەمر و بەشداری (٥٠٣) پێشمەرگەی گیانفیدا کە دروشمیان کوردستان یان نەمان بووە، گەورەترین داستانی بەرگرییان لە مێژووی هاوچەرخی کوردستان دا تۆمار کرد کە بۆ دۆست و دوژمنان جێی سەرسوڕمان بوو و تا بە ئەمڕۆ رەهەندەکانی نەتەوەیی و سیاسی و ستراتیژی و مێژوویی و سەرکەوتنی سەربازی بارزانی و پێشمەرگە یاوەرەکانی بەسەر سوپای پڕچەکی ٣ دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان لە ناوچەکە دا لە بواری شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیژی و سەربازییەوە سەڵمێندراوە لە تاکتیکی سەربازی و سەرکەوتنەکانی سوپای شوڕشگێری کوردستان تا بە ئەمڕۆ جێی بایەخی ناوەندەکانی ئەکادێمی سەربازییە. داستانی سەرکەوتنەکان و بەرگری و شەڕ و نەبەردییەکانی بارزانی نەمر و یاوەرانی لە سەردەمی بەرگریکردن لە کۆماری کوردستان و قۆناغی دوای کۆمار و لە داستانی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانی نەمر و یاوەرانی لە رووباری ئاراس لە ٧٤ ساڵی رابردوو دا بوو بە هۆی بەرزکردنەوەی ورە و هیوا بەخشین بۆ هەڵسانەوە و بەردەوامیدان بە خەبات لە پێناوی مانەوەی گەڵی کورد و گیانی رزگاریخوازی و ئازادیخوازی لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستان دا بە نەتەوەکەیان کە ڕووخانی یەکەمین کۆماری کوردستان لە مێژوویی هاوچەرخی گەڵەکەمان بە تراژێدیایەکی مەزن لەو سەردەمە دا هەژمار دەکرا. بەڵام بە ئازایەتی و حیکمەتی ژەنەڕاڵ بارزانی نەمر و سەرکەوتنیان بەسەر پیلانی دوژمنان دا و بە لەبەرچاوگرتنی رەهەندەکانی سیاسی و مێژوویی و ستراتیژی سەربەزی و پتەوکردنی پێگەی نەتەوەیی و نیشتیمانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بە تۆمارکردنی داستانی بەرگریی بارزانی نەمر و یاوەرانی بناغەیەکی بەهێزیان بۆ پەروەردەکردنی مرۆڤی کوردستانی بە هەستی نەتەوەیی و هوشیاری نەتەوەییەوە لە قوتابخانەی بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ کوردایەتی راستەقینە دامەزراند کە دواتر بە ئاوێتەبوون لەگەڵ رێبازی بارزانی دا کوردستانیان گەیاندە قۆناغی ئەمڕۆ و لەسایەی خەبات و قوربانیدانیان ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە شەکاوەیی مایەوە و کوردستان و کوردیش لەوپەڕی بەهێزیدا درێژەیان بە خەباتی رزگاریخوازی و سەربەخۆخوازانەیان دا. پیلانی دوژمنان بۆ تواندنەوەی گەڵی کورد و سەرکوتکردنی خەباتی رزگایخوازی و سەربەخۆخوازانەی نەتەوەی کوردیان لە گۆڕ نرا و رۆڵەکانی گەڵی کورد بندەستیان رەتکردەوە و بە ئۆمێد و باوەڕەوە خەبات بۆ کوردستانێکی ئازاد و گەڵێکی یەکگرتوو و سەرفەراز تا بە ئەمڕۆی خایاند.
نەمری و جاویدانی بۆ بارزانی و یاوەرانی
سڵاو لە گیانی پاکی باوکم (عەبدوڵڵا حوسێن جەرگیس) و باپیرم (حوسێن جەرگیس پێندرۆیی – مزووری) کە شاڕیگەی کوردایەتی و خەبات بۆ ئازادی گەڵی کورد و کوردستانی سەربەخۆیان هەڵبژارد و وەک میراتێکی پڕ بەهای بۆ بەجێی هێشتین کە تا هەتایە شانازی بە خەبات و تێکۆشانی کوردایەتیانەوە بکەین، هەر لە بەشدارییان لە شۆڕشەکانی بارزانی یەکەم و دووەم دا، و پێشمەرگەی گیانفیدای پاراستنی یەکەمین کۆماری کوردستان بوون لە مێژوو دا و یاوەری بارزانی نەمر و هەڤاڵانی بوون لە هەموو شەڕ و نەبەردییەکانی دوای رووخانی کۆماری و لە داستانی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانی و یاوەرانی لە رووباری ئاراس بەرەو یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و لە قۆناغی دوای گەڕانەوەی بارزانی و هەڤاڵانی بۆ نیشتیمان و لە سەردەمی سەرهەڵدانی شۆڕشی مەزنی ئەیلولی و شۆڕشی ٢٦ی گوڵانی نیشتیمانی پێشکەوتنخواز دا و ئاوارەبوون لە پێناوی کوردایەتی و بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان، لە یادی ٧٤مین ساڵیادی داستانی پەڕینەوە لە رووباری ئاراس دا، ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادی بارزانی نەمر و یاوەرانی و هەموو شەهیدانی رێی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دەکەینەوە .
نەمری بۆ شەهیدان ...شکۆمەندی و سەربەخۆیی بۆ کوردستان