Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 05:34 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

د. عەبدولحەکیم، ورده‌كاریی جێبه‌جێكردنی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی بۆ KDPده‌خاته‌ ڕوو
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ھەنگاوی باشیان لە یاسای چاکسازی بڕیوە و ھەموو یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان وەکو خۆیان جێبەجێ کراون،‌ چونکە یاسای چاکسازی دەڵێـت، ھەر حاڵەتێکی نوێ روو بدات، دەبێـت لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان بێت و نابێت کەس بە نایاسایی خانەنشینی وەربگرێت، هەروەها نابێ کەس ماف و ئیمتیازاتێکی زیاتر وەربگرێت لەوەی کە لە یاسادا ھەیە.

له‌ پێناو هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی له‌ نێوان سه‌رجه‌م سوودمه‌ندان و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی، ئەنجوومەنی وەزیران لە ١٢-٢-٢٠٢٠ بڕیاری پێکھێنانی لیژنەی باڵای بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی له‌ مووچه‌و و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نشینی له‌ هه‌رێمی كوردستان دەرکرد، لە سەرەتای نیسانی ٢٠٢٠ـدا رەشنووسی پەیڕەوی جێبەجێکردنی یاساکەی پەسەند کرد و لە وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، یاسای چاکسازی لە ١ی ٧ی ٢٠٢٠ەوە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، ھەموو ئەو یاسا بەرکارانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەن، وەکو خۆیان جێبەجێ کراون، چونکە یاسای چاکسازی دوو قۆناغی ھەیە، قۆناغی یەکەمیان، بریتی بووە لە جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکان، چونکە یاسای چاکسازی، یاسایەکی گشتگیرە، ئاماژە بە چەندین یاسا دەکات، لەوانە، یاسای خانەنشینی، خزمەتی مەدەنی، خزمەتی سەربازی و پێشمەرگایەتی، خانەنشینیی پێشمەرگە و رێزلێنانی پێشمەرگە، ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراون و کیمیاباران، زیندانیانی سیاسی، یاسای کەمئەندامان، یاسای وەرگرتنەوەی قەرزە گشتیەکان، یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، یاسای موو‌چەی فەرمانبەران و فەرمانبەرانی مەدەنی، یاسایی دادوەران، لەگەڵ ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگە، یاسای پلەبەرزکردنەوەی پلەی سەربازی، ئەمانە کۆمەڵێک لەو یاسایەنەن کە لە ١-٧ەوە ئەو یاسایانە وەکو خۆیان جێبەجێ کراون، واتە لە ھەر حاڵەتێکی نوێ کە رووی دابێـت لە دوای ١-٧ یاساکان جێبەجێ کراون و ھیچ رێگرییەکیش نەبوووە لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.

ناوبراو نموونە بەوە دێنێتەوە، کە ھیچ کەسێک خانەنشین نەبووە لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکان، بۆ بابەتی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەش بە ھەمان شێوە، روونیشی دەکاتەوە، ئەوەی کە ھەیە بەپێی یاسا بەرکارەکان مامەڵە لەگەڵ گشت حاڵەتەکاندا کراوە، چونکە یاسای چاکسازی تەنھا یاسایەک نییە، لەبەر ئەوەی پێشتر لەوانەیە کەموکوڕی و ناڕوونی ھەبووبێت لە جێبەجێکردنی، ھەروەھا زۆر جار کێشە ھەبووە لە رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاساکان لە پێش ١ی٧ەوە، ئەمە قۆناغی یەکەمە کە گشت وەزارەتەکان جێبەجێیان کردووە ئەگەر حاڵەتێکیش ھەبێت پێچەوانەی یاسا بەرکارەکان، بە دڵنیاییەوە دەزگا چاودێرییەکانی ھەرێمی کوردستان چاودێریی جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکانیان کردووە.

ھه‌روه‌ها دەشڵێت، پەتای کۆرۆنا و کەرەنتین و راگرتنی دەوام، ھۆکار بوونە بۆ زووتر جێبەجێنەکردنی ھەنگاوەکانی چاکسازی، بەڵام سەرەڕای ئەمە لە ١ی٧ەوە تا ئێستا توانیویانە پێداچوونەوە بە ھەموو وردەکارییەکانی دۆسیەی فەرمانبەراندا بکەن.

قۆناغی دووەم

سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون، باسی قۆناغی دووەمی چاکسازی دەکات و دەڵێت، قۆناغی دووەم، بریتییە لە پێداچوونەوەی ئەو حالەتانەی کە لە پێش ١ی٧ی٢٠٢٠ەوە رووی داوە و ئه‌وانه‌ی سوودمەند بوونە لە بودجەی گشتی، بە تایبەت حاڵەتەکانی خانەنشینیی پێشمەرگە، پلەبەرزکردنەوە و ھەژمارکردنی خزمەتی سەربازی و مەدەنی، ئەوەی پەیوەستیشه‌ بە فەرمانبەری مەدەنی، لە قۆناغی کۆتاییدایە، ھاوکات پێداچوونەوە بە فایلەکانی فەرمانبەران کراوە و زۆرێک لە وەزارەتەکان کارەکانی خۆیان تەواو کردووە.

یەکگرتنەوەی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠

عەبدولحەکیم خەسرۆ گوتی، ئەمە بریتییە لە ئامادەکردنی گشت مەلەفی خانەنشینیی پێشمەرگە وە گواستنەوەی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە لە کارکردنی بەردەوامدان بۆ رێکخستنەوەی فایلەکان و بەپێی ئەو بڕیارەی دراوە بۆ یەکگرتنەوەی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ کە دەبێت خۆیان بگونجێنین لەگەڵ ھەیکەلیەتی ‌وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمەش پرۆسەیەکی ئاڵۆزترە و پێویستی بە کاتێکی زیاترە، رێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەش تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، ئەویش بە ھاوکاریی ھێزەکانی ھاوپەیمانان، بۆیە وردە وردەش وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ یاسای چاکسازی.

وەرگرتنەوەی قەرزە گشتییەکان

سەبارەت بە وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان، خەسرۆ رایگەیاند، پێشتر حکوومەتی ھەرێم قەرزی دابووە خەڵکێک، ئەوجا بە چ ھۆکارێک بووبێت پارەکانیان نەگەڕاندۆتەوە، بەشێکی زۆر لەو پارەی دراوە بە سەرمایەداران یان وەبەرھێنەران، لە بەرامبەردا رەھنێکی وەرگرتووە، بەپێی یاسای وەرگرتنەوەی قەرزە گشتییەکانیش، ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووری لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان خەریکی وەرگرتنی ئیجرائاتەکانە، ئەمەش لە رێگای وەزارەتی دادەوە جێبەجێدەکرێت، بۆیە ناوبراو جەخت دەکاتەوە، ئەگەر ئەو کەسانەی پارەکانیان نەگەڕاندۆتەوە و موڵکەکانیش نەفرۆشران، ئەوکات ئەو موڵکانە دەچێتە سەر ناوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەشێک لەوانە قەرزەکانیان گەڕاندۆتەوە، بەڵام رێژەکەی زۆر نییە، بۆیە ھەموو رەھنەکانی ئەو بازرگان و سەرمایەدارانە دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەمەش لە بەرامبەر ئەو قەرزانەیە کە نەیانگەڕاندۆتەوە لەو ماوەیەی کە بۆیان دەستنیشان کرابوو، ئاماژە بەوەش دەکات لە مانگی ٥ی ٢٠٢٠ەوە ئەوەی قەرزداری گشتی بێت، ھەموویان ئاگادار کراونەتەوە و ماوەیەکی زەمەنییان بۆ دیاری کردوون.

ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران

پەیوەست بە کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون، ئاشکرای دەکات، ئەم پرۆسەیە پەیوەستە بە سیستەمی بایۆمەتری، واتە ھەژماری بانکیمان بەو سیستەمە بەستۆتەوە، سیستەمی بایۆمەتری بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتەکان ناوی گشت ئەو فەرمانبەرانەیان داوەتە وەزارەتەکان کە لە تۆماری بایۆمەتریدان و تۆمار کراون، بۆیە فۆڕمێک دراوەتە فەرمانبەران، ئەو فۆڕمەش بریتییە لە راستکردنەوەی زانیارییەکانی فەرمانبەران واتە لە ناو بێت یاخود لە تەمەن، لێرەدا لە بایۆمەتریدا کۆدێک بۆ فەرمانبەران دروست دەکرێت، ئەم کۆدەش پێی دەڵێن (کۆدی بێ ھاوتا)، ئەم کۆدە ھەرچی زانیاریی ئەو فەرمانبەرە کە پەیوەست بێت بەوه‌وه‌ لە چوارچێوەی ئەو کۆدەو لە سیستەمی بایۆمەتری زانیارییەکان داخیل دەکرێت، ئەمەش لە قۆناغی کۆتاییدایه‌ چونکە ئەو فۆڕمەی بەسەر وەزارەتەکان دابەش کراوە رێژەیەکی زۆری تەواو بووە، دواتر دەگەڕێندرێتەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری و پاشان بۆ بایۆمەتری و فەرمانگەی تەکنۆ‌لۆجیای زانیاری. ده‌شڵێت، ئەو کۆدە کە دروست بوو، خودی ئەم کۆدە دەبێتە ئەساسێک بۆ کردنەوەی ھەژمێری بانکی بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، واتە فەرمانبەران و ئەوانەی ئیستفادەیان کردووە لە خەزێنەی گشتی، بۆ نموونە، کاروباری کۆمەڵایەتیە، زیندانیانی سیاسی، لەگەڵ میراتگری شەھیدە ‌سەربەرزەکان، ئەمانەش لە زمنی ئەو پرۆسەیەدان.

دوومووچەیی

بۆ ئەم پرسەش عەبدولحەکیم خەسرۆ جەخت دەکاتەوە، ئەوەی پەیوەستە بە دوومووچەیی ھەموومان تەواو کردووە، ھەموو ئەوانەی کە دوو مووچەیان ھەیە و بە نایاسایی وەریات گرتووە، مووچەکانیان راگیراوە، ئەوانەی کە دوو جار تۆمار کراون لە بایۆمەتری، پێیات راگەیاندراوە کە پێویستە لە یەکێک لە فەرمانگەکان داوا بکەن کە مووچەیەکیان ببڕدرێت، ئاماژە بەوەش دەکات، لە ھەر شوێنێک بتەوێت سوودمەند بیت لە بوودجەی گشتی ئەو کۆدە پێت دەلێت تۆ لەچەند شوێنی تر سوودمەندی، جگە لە زیندانیانی سیاسی، کەسووکاری شەھیدان و شەھیدانی سەنگەر، لەگەڵ کاروباری کۆمەڵایەتی، واتە ئەوانەی فەرمانبەرن و خاوەن پێداویستیی تایبەتن، مووچەی ئەوانمان نەبڕی، تەنھا رێکمان خستەوە، بەڵام لە یاسای چاکسازی ئەمەمان چارەسەر کردووەو بۆمان کردوونە دەرماڵە، ئەم دەرماڵەش خراوەتە سەر مووچەی ئەو فەرمانبەرەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتە.

دەرماڵە

خەسرۆ روونیشی دەکاتەوە،‌ بڕیاری رێکخستنەوەی دەرماڵەکانمان کردووە، ئەمەش بە مانای بڕینی دەرماڵەکان نییە، ھەر دەرماڵەیەک بە یاسا رێکخرابێت ئەوا خەرج دەکرێتەوە، ھەر فەرمانبەرێک بە ھەر ناونیشانێک بێت لە ھەر وەزارەتێک، دەبێت بە ھەمان شێوەی فەرمانبەرانی تر سوودمەند بن، نابێت جیاکاری ھەبێت لە نێوان فەرمانبەرەکان، باس لەوەش دەکات، بودجەیەکی زۆری ھەرێمی کوردستان بۆ مووچەو خەرجییەکان دەڕوات، بۆیە دەبێت بە شێوازێک داھاتی ھەرێمی کوردستان رێکبخرێتەوە کە بتوانین بەشێکی بۆ خزمەتگوزاری بێت و گشت ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لێی سوودمەند بن.

 

ھەڵکەوت محەمەد




دوایین هەواڵەکان

وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact