Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 25 APR 2024 06:52 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بەناوئاگر بۆ سەر فەرشى سوور
| KDP.info


عوسمان رانیەیی*

لەکاتێکدا ناوچەکە و عێڕاق و چەند شوێنێکى سنوورى هەرێمى کوردستان لەناو پوورەى ئاگردا دەسوتێن و ئاسۆى داهاتووى ئەو شوێنانە لەناو تارمایی دۆخێکى ناسەقامگیردا گووزەردەکات، لەوکاتەدا ( نێچیرڤان بارزانى) سەرۆکى هەرێمى کوردستان خەمخۆرانە و بە دڵێکى گەش و بەهەگبەیەکى تژى لە پرسگەلى گەرم، لە وڵاتى کوێستان و بەفر دەڕوات بەرەو دوورگەى گەرمەسێرى عەرەبى، سەرۆکى هەرێم کە تازە مۆمى دوو ساڵەى دەست بەکاربوونى داگیرساند، هاوڕێ لەگەڵ شاندێکى باڵا بەبانگهێشتى فەرمى سەردانى دەوڵەتى ئیماراتى عەرەبى یەگکرتووى کرد، بەپێى پرۆتۆکۆڵێکى فەرمى ئاست بەرز وەک ئەوەى بۆ سەرۆک و سەرکردەى باڵاى وڵاتان دەکرێت ئەو پێشوازییە فەرمیەش هاتەکردن لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هەر لەساتى پێشوازیکردنیان لە فرۆکەخانەى تایبەتى ( بەتین ) لە ئەبوزەبى لەلایەن وەزیرى دەوڵەتى ئیمارات و باڵیۆزى عێراق لە ئەبوزەبى و کونسوڵى گشتى ئیمارات لە هەولێر. بەپێى پێوەر و بنەما ڕیزلێگیراوەکانى پەیوەندییە گشتییەکان کۆى ئەو رێوڕەسمەى بۆ پێشوازى سەرۆکى هەرێم رێکخرابوو دەڕژێنە خانەى باڵایی لە گرنگى سەردانەکە، و هاوکات نیشانەیەکى دیارى ئەو پێشوازییە پرۆتۆکۆلییە فەرمییە دانانى ئاڵاى کوردستان بوو لەپاڵ هەردوو بەیداغى عێراق و ئیمارات، لەگەڵ پشکنینى پاسەوانى شەرەف و راخستنى فەرشى سوور، بەدیوە سیاسیەکەشیدا کۆى ئەم نیشانە میواندارییە دۆستانەیە گوزارشت لە فەرمیبوونى قەوارەى هەرێمى کوردستان دەکەن لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێڕاقى فیدراڵى ئیتیحادى، هاوکات دەرخستنى سەنگ و پێگە بەهێز و گرنگەکەیەتى لەسەر شانۆى نێودەوڵەتى وەک قەوارەیەکى یاسایی و دەستوورى لەعێراقى فیدراڵى ئیتیحادى یەکگرتوودا، جگە لەوەى راستییەکى حاشا هەڵنەگریشە لەسەر بەردەوامى و چەسپاندنى هەرچى زیاترى راگرەکانى بوون و مانەوەى قەوارەى هەرێمى کوردستان، کە لە زۆر لاوە هەوڵى نەمان و لاوازکردنى دەدرێت. 

لەماوەى دوو ساڵى رابردوو ئەوە دووەمجارە نێچیرڤان بارزانى بەفەرمى سەردانى ئیماراتى عەرەبى یەکگرتوو دەکات، هەرجارێکیش لەبارودۆخێکى تایبەتدا سەردانەکان ئەنجام دراون، سەردانى ئەمجارەیان لەکاتێکدایە جیهان لەناو رەوشى پەتاى کرۆنا (کۆڤید19)و لێکەوتەکانیدایە، هاوکات گۆڕانکاریەکانی ترى سەر گۆڕەپانى سیاسى و ئابوورى و جەنگ و پێکدادانە سەربازییەکان و ململانێ و ناکۆکییە هەرێمى و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

سەبارەت بە ئیماراتى عەرەبى یەکگرتوو وەک دەوڵەتێکى دیار و خاوەن پێگەى بەهێز لەناوچەکە لەڕووى ئابوورى کە هەردەم لە پێشوەچووندایە و گرتنەبەرى سیاسەتێکى هاوسەنگ لەگەڵ جیهانى دەرەوە و بەهێزبوونى شوێنپێى وڵاتەکەى لە ناوەند و دامەزراوە نێودەوڵەتییە گەورەکان کە دواترینیان بەئەندام بوونى بوو لە ئەنجومەنى ئاسایشى نێو دەوڵەتى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمەش وەک دەستکەوتێکى گەورە دەژمێردرێت لەسایەى گرتنەبەرى سیاسەتێکى ژیرانە و دیبلۆماسیەتێکى کارا و لێهاتوویی و گەشەکردنیکى ئابوورى دینامیکى ئەو دەوڵەتە بووە لەساڵانى رابردوودا. 

دربارەى هەرێمى کوردستان و ئەنجامدانى ئەو سەردانە لەو کاتەدا بۆ ئیمارات، دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار و فاکتەرى ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانى هەروەک لەسەر زارى (فەوزى هەریرى) سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان هاتە پەژراندن و گووتى" خاڵى هاوبەشى زۆر لە نێوانماندا هەیە، وەک بەرژەوەندى دوولایەن و پەرەپێدانى دۆستایەتى لەمێژینەى نێوان هەرێمى کوردستان و دەوڵەتى ئیمارات، هەروەها بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و توندوتیژى و بیروبۆچوونى توندڕەویی و هەوڵدان بۆ سەقامگیرى و ئاسایشى ناوچەکە و گەشەپێدانى ئابوورى و بەرزکردنەوەى ئاستى بژێوى هاوڵاتیان و ئەو گۆرانکاریانەى روودەدەن و چاوەڕێ دەکرێت لەداهاتوودا رووبدەن، گۆڕانى ئیدارەى کۆشکى سپى لە ئەمریکا و گفتوگۆکانى نێوان ئەمریکا و کۆمارى ئیسلامى ئێران سەبارەت بە چەکى ناووکى. 

ئەمانە و چەندین خاڵى تر دەخرێنە سەر مێزى دیدار و گفتوگۆ و کۆبونەوەى لوتکەی نێوان نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و شێخ محمد زاید جێنشینى ئیمارات و حاکمى دوبەى و گەروە بەرپرسانى ئیماراتى و شاندى باڵاى هەرێم. ئەوەندەى پەیوەستە بەهۆکارە ناوچەییەکان، وەک دیارە هەرێمى کوردستان لەناو وڵات و ناوچەیەکى پڕ لەکێشە و ناکۆکى و ناسەقامگیر هەڵکەوتووە بەڵام توانیویەتى کەشێکى جێگیر بۆ ژیانێکى ئارام دروست بکات، ئەمەش بە پشوو درێژى و لێهاتوویی سەرکردایەتى سیاسى کوردستان هاتۆتە دەست و دەپارێزرێت، کە ساڵانێکە لە چەندین لاوە جۆرەها هەڕەشەى لەبارچوونى ئەزموون و قەوارەى سیاسى هەرێم دەکرێت، تەحەدیەکان زۆرن، بەڵام بەهۆى ئەو سیاسەتە هاوسەنگییە سەرکەوتووەى لەلایەن سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەتى کوردستان پیادە دەکرێت، توانراوە متمانەى هێزە سیاسیەکانى ناوچەکەو جیهانیش بەدەست بهێنرێت ئەمەش لەمیانى ئاڵوگۆرکردنى سەردانە فەرمییە ئاست بەرزەکانى نێوان هەرێم و جیهانى دەرەوە دەبینرێت، وەک ئەو سەردانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ ئیمارات و دواین سەردانى بەرێز سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان (مەسرور بارزانى) بۆ ئەوروپا و دیدارى لەگەڵ گەورە بەرپرسانى کیشوەرە پیرە مۆدێرنەکە. هاتنى چەندین شاندى وڵاتان بۆ کوردستان و پەویوەندییە بەردەوامەکانى هەرێم لەگەڵ جیهانى درەوە.

لەم ڕوانگەیەوە ئەوە دەبینین کە هەموو ئەو جموجۆڵانە واتاى ئەوە دەگەیەنن هەرێمى کوردستان وەک کیانێکى بەهێز و خاوەن پێگەى دەستوورى لە لایەن وڵاتانى ناوچەکە و جیهان بایەخى پێ دەدرێ و گوێی لێ دەگیرێ و مەبەستیانە هەڵوێستى هەرێم لەسەر پرسە گەرم و هەنووکەییەکان و گۆرانکاریەکان لە نزیکەوە بزانن و پێکەوە لە بەردەم گۆرانکاریەکان بوەستن و ئامادەبن. لەو پەیوەندییەدا ( فەلاح مستەفا ) راوێژکارى باڵاى سەرۆکى هەرێمى کوردستان روونیکردەوە " وەک دیارە هەرێمى کوردستان یاریزانێکى بەهێزە لە ناوچەکە و رۆژهەڵاتى ناوەراست و عێراق، لەم چوارچێوەیەدا هەرێم رۆڵ و بیروبۆچوون و دیدگاى تایبەت بەخۆى هەیە لەسەر کۆى پرس و کێشە و گۆرانکاریەکان، بەتایبەتى ئەو پرسانەى جێگەى بایەخ پێدانى هاوبەشن لەگەڵ دۆستەکانمان، لە نموونەى پرسە سیاسیەکان و ئەوانى پەیوەندارن بە ئاسایش و ئابوورى و رەوشى عێراق بەشێوەیەکى گشتى و تێڕوانینى هەرێم لەسەر پەرەسەندنەکانى ناوچەکە، هەروەها بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموون و پێگەى ئیمارات و گوێگرتن لە خوێندنەوەى ئەوان بۆ بارودۆخەکان و ئەو بابەتانەى جێى گرنگى پێدانى هەردوولان بەگشتى، ئەم سەردانە ئەنجام درا". 

چاوەڕوانییەکى زۆر هەیە لەلایەن شەقامى کوردستانى و هێز و لایەنە سیاسییەکان کە ئەو هەوڵە دیبلۆماسى و دۆستانەیەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە داهاتوودا بەرهەمێکى باشى ببێت بۆ خەڵکى هەرێم و گەلى کوردستان بەگشتى، چونکە دواجار سەرخستنى ئەو هەوڵانە و گرنگى پێدانى وڵاتانى جیهان بە هەرێمى کوردستان لە ئێستا و ئایندەدا بە پشتگیرى سەرجەم پێکهاتە و لایەن و چین و توێژەکانى گەلى کوردستان هاتۆتە دەست، ئەوەش بڕوایەکى چەسپاو و هەست پێکراوى روونە لە ئەجێنداى سەرۆکى هەرێمى کوردستان وەک باڵاترین مەرجەعى سیاسى و یاسایی. 

 

* شارەزا لە دیبلۆماسیەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان                                              

 




دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی ناوخۆ ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 00:04:55

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات كە بی مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەیان بەدەست هیناوە و تاوەكوو ئێستا بۆیان هەژمار نەكراوە.

 
ھەرێمی کوردستان بەشداری لە دیداری ئەبوزەبی بۆ وەبەرھێنان دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:39

ھەولێر -KDP.info- دەستەی گشتی وەبەرھێنان بەشداری لە سێزدەمین دیداری وەبەرھێنان لە ئەبوزەبی دەکات و سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنانیش دەڵێ، ھەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەمە بەشداری لە دیدارەکە دەکات.

 
ئەنجومەنی وەزیران: بەپێی یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:56

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 
مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 18:04:37

مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

 
راوێژکارێکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاریگەری ھەبووە"

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 17:04:54

ھەولێر-KDP.info- دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرانەوەیەک ھەیە لەنێوان ھەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم و دەنگەکانی کورد لە کەرکووک و نەینەوا و خانەقین گۆڕانکاریان پەیداکردوە. 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact