Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 18 APR 2024 05:59 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بەربژێری شەڕی بە وەكالەت
| KDP.info


زکری مووسا

بزووتنەوەی حەماس لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەزاران مووشەكی كورت مەودای لە خاكی ئیسرائیل گرت و بەشێكی زۆریان كەوتنە داوی سیستەمی گومەزی ئاسنینی ئیسرائیل و لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل پەلاماری فەلەستینییەكانی لە غەززە داوەتەوە.

ئەنجامەكەی كوژران و برینداربوونی سەدان هاووڵاتی و وێرانبوونی بەشێكی تری جەستەی ماندووی غەززە بووە. پێشتریش لە ساڵانی ڕابردوو حاڵەتی لەم جۆرە دووبارە بووەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردنە ئەم گرژی و موشكەباران و تەنگژانە دۆزی ڕەوای گەلی فەلەستینیان تەنانەت یەك میلیمیش نەبردۆتە پێش و، زەرەرمەندی سەرەكیش هاووڵاتیانی فەڵەستینی بوونە.

ئیسرائیل دەوڵەتێك نییە بەم جۆرە مووشەكانە و هاشوهووشی فەیسبووك بڕووخێت و، مافی گەلی فەڵەستینیش لەم گرژییانەدا ناهێتەدی. بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە غەززە توانای بەرهەمهێنانی مووشەك و درۆنی نییە و لایەنێكی بیانی ئەو جبەخانەیەی بۆ دەستەبەر كردوون. ئەمە دەمانباتە ئەنجامگیریێكی تر كە ئەو شەڕ و گرژییانە دەچێتە چوارچێوەی شەڕی بە وەكالەت. لە شەڕی بە وەكالەتدا لایەنی سەرەكیی بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ناكەوێتە شەڕ بەڵكو بە هۆی هەندێ گرووپ و ڕێكخراوی ئایدیۆلۆژی و توندڕەو لە ڕێی دابینكردنی چەك و پارە، لەپێناو گۆڕینی هاوكێشەكان و بەرژەوەندیدا شەڕ هەڵدەگیرسێنێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا لە یەمەن و لوبنان و سووریا و تەنانەت عێراقیش لە ڕێی گرووپە توندڕەوەكانەوە بە داعشیشەوە ئەم تەرزە شەڕانە بینراون و ئەنجامەكەشی تەنیا كاولكاری و دواكەوتوویی و ناسەقامگیریی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە. هیچ یەك لەم شەڕانە ئاو و نان و كارەبا و ژیان و ئازادی و دادپەروەریی بۆ گەلان بەدی نەهێناوە. بەڵام ئەو شوێنانە كوێن كە هەمیشە دەبنە بەربژێر بۆ هەڵگیرسانی شەڕی بە وەكالەت؟ بەپێی ئەزموونەكان ئەو وڵاتانەی كە سەروەرییان لاوازە و دابەشبوونی سیاسی و تاییفی و سەربازیی قووڵ لەنێوان لایەن و گرووپ و ڕێكخراوەكانیاندا هەیە هەمیشە لەبارن بۆ دەستوەردانی دەرەكی و دواجاریش بەكارهاتنیان بۆ شەڕی بە وەكالەت.

بە داخەوە عێراقیش یەكێك لەو شوێنانەیە كە ئاوسە بە ڕووداوی لەناكاو و دەستوەردانی دەرەكی و ناكۆكیی سیاسی و دابەشبوونی تاییفی و، ئەمە ژینگەیەكی خەتەرناك بۆ شەڕی بە وەكالەت و تەسویەی حیساباتی زلهێزانی دەولی و ناوچەیی دەرەخسێنێت. بە تایبەتیش كە زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی عێراقی خاوەن ئایدیۆلۆژیای تاییفین و لە هەمانكاتیشدا هێزی چەكدار و میلیشیایان لەبەردەستە. لەنێو ئەو ئاشووبەی بەرۆكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە، كوردیش هێزێكی سەرەكی و كاریگەرە. ڕەنگە زۆرێك لە لایەنە هەرێمایەتییەكان تەماحی ئەوەیان هەبێ لایەنە كوردییەكان پەلكێشی ئەو جۆرە شەڕە بە وەكالەتە ماڵوێرانكارانە بكەن.

كورد سەرباری ناكۆكیی نێوخۆیی هەتا ئێستا ژیرانە توانیویەتی خۆی لەو داوانە بپارێزێت. هۆكارەكەشی بە پلەی یەكەم بۆ سیاسەت و دیدگەی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە كە هەمیشە جەختی لەوە كردووەتەوە كە كورد خۆی دۆزێكی سیاسی و مێژوویی و جیۆگرافیایی تایبەتی هەیە و نابێتە تەڕەف لە ململانێیە تاییفییەكان و ناچێتە ناو هاوكێشەیەكی هەرێمی كە دۆزەكەی لێ بزر ببێت. پێویستە لەو گرژی و ئاشووبەی لە داهاتوودا یەخەی ناوچەكە دەگرێ، هەرێمی كوردستان بە باشی خۆی بپارێزێ.

ئەوەشی هەردەم بە بیر بێت كە شەڕە بە وەكالەتەكان دۆزە نەتەوەییەكان ون دەكەن و سەقامگیری و بووژانەوە لەناو دەبەن. لەگەڵئەوەشدا هەرێمی كوردستان هاوكات لە سێ بازنەی ناوخۆ و هەرێمایەتی و دەولیدا دەژیێت. چەندە لە بازنەی یەكەمدا توندوتۆڵتر بێت ئەوەندەش لە بازنەی عێراق و هەرێمایەتیدا كاریگەرتر دەبێ و هاوتەریبیش لە بازنەی سێیەمدا زیاتر قسەی دەڕوات و، تووشی سوخرەی شەڕی بە وەكالەتیش نابێت.

 




دوایین هەواڵەکان

له‌ بەرەبەیانییه‌وه‌ تا ڕۆژی دوایی جەژنی سەری ساڵی ئێزدیان لە KDPیه‌وە بزانە

WEDNESDAY, 17 APRIL 2024 21:04:20

ھەولێر-KDP.info- جەژنی چوارشەممەی سەری ساڵی ئێزدیان (کۆنترین و پیرۆزترین جەژنی ئێزدیانە، ھەر ساڵێک ئەم جەژنە دەکەوێتە چوارشەممەی یەکەم لە مانگی نیسانی خۆرھەڵاتی، بە بڕوای ئێزدییانیش ئەم جەژنە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی گەردوون.

 
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق دەكات

WEDNESDAY, 17 APRIL 2024 21:04:55

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی چوارشەممە 17ی نیسانی 2024 لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە بەڕێز تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق كرد.

 
سکرتێری یەکێتی ئافرەتان: بەرنامەیەکی فراوانمان بۆ باشکردنی رەوشی ئافرەتان داناوە

WEDNESDAY, 17 APRIL 2024 17:04:52

ھەولێر _KDP.info_  سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان گوتی: لە دوای کۆنگرەی نۆ پرۆگرامێکی نوێمان پەسەند کردووە و ستافێکی نوێ دەستبەکاربووین، بەردەوامین لەسەر ئەنجامدانی کار و چالاکی و پڕۆژەکانمان بۆ جێبەجکیردنی ئەو ئەرک و ئامانجانەی لە پەیڕەو و پڕۆگرام بۆ ئەم قۆناغە پەسەند کراون، بۆیە چاومان لەوەیە کاریگەری باشیان لەسەر باشکردنی ڕەوشی ئافرەتان ھەبێت.

 
"کێشە سیاسییەکان ھۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن

WEDNESDAY, 17 APRIL 2024 16:04:07

ھەولێر _KDP.info_ گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی کوردستان دەڵێت: چەند ھۆکارێک وایان کردووە نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بێت گرنگترینیان کێشەی سیاسییە.

 
بەفەرمانی سەرۆکی حکوومەت کاروانی ئاوەدانی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوام دەبێت

WEDNESDAY, 17 APRIL 2024 15:04:10

سۆران _KDP.info_ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: ئەمڕۆ لەژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردی بناغەی دوو پڕۆژە دانرا و لە چەند ڕۆژی داھاتووش بەردی بناغەی کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە دادەنرێت، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت کاروانی ئاوەدانی لە سۆران بەردەوام دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact