Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 25 APR 2024 06:34 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

"پێش ھاتنی شاندەکە، بایدن نامه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ سه‌رۆك بارزانی ناردووه‌"
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- شاندێكی باڵای ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی کرد، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكوومه‌تیش كۆ بووەوە. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگای ئه‌م شانده‌وه‌ په‌یامی خۆی بگه‌یه‌نێت كه‌ به‌شێكی په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ پرسی گۆڕانكاریی ناوچه‌ و دیالۆگۆی ستراتیژیی ئه‌مه‌ریكا و عێراقه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت ڕۆڵی گرنگ ببینێت له‌ ئارامیی ناوچه‌كه و‌ ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ ببێته‌ بایه‌خی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش.

ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ئایاری ٢٠٢١، شاندێكی هاوبەشی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا كە پێك هاتبوو لە برێت مەک گۆرك، ڕێكخەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە كۆشكی سپی و دێریك شۆلێ، گەورەڕاوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و دانا سترۆل، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند ڕاوێژكاری تری ئیدارەی ئەمەریكا له‌ سه‌لاحه‌ددین سه‌ردانی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانییان كرد، دوای 100 ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌كاربوونی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مه‌ گرنگترین سه‌ردان بوو بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست و دەربارەی سه‌ردانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان، له‌ به‌یاننامه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی و شانده‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا هاتووه‌:

یه‌كه‌م: شاندی میوان سڵاوی تایبەتی سەرۆك بایدن و، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمەریكایان بە سەرۆك بارزانی گەیاند.

دووه‌م: شانده‌كه‌ پێزانینیشیان بۆ ئەو هاوبەشی و هەماهەنگییە هەبوو كە لە ساڵانی ڕابردوو لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا هەبووە. جەختیشی لەوە كردەوە كە ئیدارەی تازەی ئەمەریكا زۆر بە باشی ئاگاداری ڕەوش و گرفتەكانی عێراق و ناوچەكەیە و، وڵاتەكەیان پابەندی ئەو هاوبەشییە دەمێنێتەوە كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانەكانی تری هەیەتی.

ئه‌م سه‌ردانه‌ دوای چه‌ند ڕووداوێكی گرنگ هاتووه‌ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست، به‌ڵام له‌ ئاستی ناوخۆییی عێراق، فاكته‌ری سه‌ردانه‌كه‌ زۆرتر بوون، له‌وانه‌ گفتوگۆی ستراتیژی واشنتۆن و به‌غدا و ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر شاری هه‌ولێر كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوو ئه‌م شاره‌ كرایه‌ ئامانجی تیرۆریستان، ڕه‌نگ بێت به‌شێك له‌ ئامانجی ئه‌م سه‌ردانه‌ دووپاتكردنه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی و پێكه‌وه‌كاركردنی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا بێت. سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ خۆشی به‌شداری دانیشتنه‌كه‌ بووه‌، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "له‌ 100 ڕۆژی یه‌كه‌می ده‌ستبه‌كاربوونی ئیداره‌ی سه‌رۆك بایدن، ڕاسته‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ چه‌ند سه‌ردانێكی گرنگی كردبوو، به‌ڵام ئه‌مه‌یان شاندی هاوبه‌ش بوو كه‌ پێك هاتبوون لە جۆی هوود، جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری و كۆشكی سپی، كه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانیان بوو بۆ ده‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌ت بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست، ئه‌وانیش به‌ سه‌ركردنه‌وه‌ی چه‌ند وڵاتێكی كه‌نداو و دواتر به‌غدا و هه‌ولێر، سه‌ردانه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان بوو له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و دیدارەکانیا گرنگ و باش بوون، چونكه‌ دۆخی عێراق هه‌ستیار و تایبه‌ته،‌ هه‌ڵبژاردنی له‌ پێشدایه‌ و كۆمه‌ڵێك گرفتی ناوخۆی هه‌یه‌ و بابه‌تی دانوساندنی ئه‌تۆمی له ‌نێوان ڕۆژئاوا و ئێران ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه‌، جیا له‌وانه‌ش، دیالۆگی ستراتیژی له ‌نێوان واشنتۆن و به‌غدا له ‌ئارادایه‌، ئه‌مانه‌ بابه‌تی گرنگن و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا".

گوتیشی: "به‌شێكی دیكه‌ی گفتوگۆكان په‌یوه‌ندیی به‌ هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ هه‌بوو بۆ چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و پشتیوانی له ‌وه‌به‌رهێنان له‌ كوردستان كرا، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكی دیكه‌ی مێژووی په‌یوه‌ندیی  كوردستان و ئه‌مه‌ریكا له‌ دوای ساڵی 1991 و دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام زیاتر هاته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام ئێستا چوارچێوه‌یه‌كی نوێ هاتووه‌ته‌ ئاراوه،‌ ئه‌ویش ڕێككه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا و عێراقه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستانیش له‌ گفتوگۆكان به‌شداره‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی كاراش به‌شداریی تێدا ده‌كات، به ‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی چوارچێوه‌یه‌كی نوێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و به‌غدا و كوردستانیش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و دیالۆگه‌ له‌خۆ بگرێت و ئه‌مه‌ ته‌نیا ڕه‌هه‌ندی ئه‌منیی نییه،‌ بگره‌ ڕه‌هه‌ندی ئابووری و كلتووری و زانستی ده‌گرێته‌وه‌ و هه‌رێمی كوردستان پشتیوانیی ئه‌و دیالۆگه‌ ده‌كات له‌ هه‌مان كاتدا سه‌روه‌ریی عێراق بپارێزرێت له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ و هه‌رێمی كوردستانیش لێی سودمه‌ند بێت".

سه‌فین دزه‌یی، ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: ''مانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌م ناوچه‌یه‌ به‌ به‌هێزی گرنگه‌ و وڵاتانی جیهان به‌تایبه‌ت خاوه‌ن بڕیار مه‌به‌ستیانه‌ سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌بێت و پشتیوانی له‌ كوردستان بكه‌ن بۆ دروستبوونی ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ سیاسییه‌ هه‌م له ‌ناوخۆ و هه‌م له‌ ئاستی عێراقیش."

ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت په‌یوه‌ندیی بە‌هێز و پته‌وی سه‌رۆك بارزانی و جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایه‌ كه‌ چه‌ند جارێك دیداری یه‌كتریان هه‌بووه‌ و بایدن سه‌رسام بووه‌ به‌ ڕۆڵی سه‌رۆكی خۆشەویستیمان، سه‌رۆك بارزانی له‌ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌، له‌ كاتی دیداری شاندی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆك بارزانی، شانده‌كه‌ په‌یامی تایبه‌تی سه‌رۆك بایدنیان به‌ سه‌رۆك بارزانی گه‌یاندووه‌، سه‌فین دزه‌یی، ده‌ڵێت: "له‌ سه‌ره‌تای دیداریان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی شانده‌كه‌ سڵاوی سه‌رۆك بایدنیان گه‌یانده‌ سه‌رۆك بارزانی و ماوه‌یه‌ك پێش ئێستاش سه‌رۆك بایدن خۆی نامه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ سه‌رۆك بارزانی ناردبوو، نامه‌یه‌كی دۆستانه‌ بوو".

له‌باره‌ی هاتنی برێت مه‌ك گۆرك، بۆ كوردستان و هه‌بوونی له‌ناو شاندێكی له‌و شێوه‌یه‌ كه‌‌ پێشووتر به‌وه‌ ناسرابوو كه‌ بیروبۆچوونی جیاوازی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی كوردستان هه‌یه‌، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ڕای گه‌یاند: ''مه‌ك گۆرك ئاشنایه‌تییه‌كی له‌گه‌ڵ عێراق و كوردستان هه‌یه‌ و ئێستا به‌رپرسیاریه‌تیی له‌ ئیداره‌ی بایدن هه‌یه‌، ڕاسته‌ له‌ كاتێكدا ڕه‌نگه‌ بیروبۆچوونی جیاوازی هه‌بووبێت، به‌ڵام دواجار ئێمه‌ ئاماده‌ییمان ده‌ربڕیوه‌ بۆ دۆستایه‌تی و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئیدارەی نوێی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ویش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت."

هه‌رچه‌نده‌ مه‌ترسیی داعش له‌سه‌ر كوردستان و عێراق ماوه‌، ئایا ئه‌م شانده‌ چۆن باسی ئه‌م پرسه‌ی كردووه‌، سه‌فین دزه‌یی، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ به‌رده‌وامی له‌ ئاستی سه‌ربازیدا هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌یه،‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌وان له‌ ئاستی سه‌ربازیدا زیاتر په‌یوه‌ندار بن به‌و بابه‌ته‌وه،‌ ئه‌م شانده‌ زیاتر له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی دیكه‌ بوو، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ هه‌ولێر و به‌غدا بتوانن ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن تا بۆ شاییی ئه‌منی له ‌ناوچه‌كه‌ دروست نه‌بێت كه‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌تا داعش ڕۆژانه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان و سوپای عێراقیش، ئه‌مانه‌ گرفتن و ده‌بێ میكانیزمی خێرا بۆ چاره‌سه‌ریان بدۆزرێته‌وه،‌ ئه‌وانیش وه‌ك ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی له‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆر ده‌كه‌ن‌."

هه‌ندێك میدیای ناوخۆی كوردستان ده‌ڵێن كه‌ گوایه‌ باس له‌ په‌یوه‌ندیی یه‌كێتی و پارتیش كراوه‌، ناوبراو ده‌ڵێت: باسی یه‌كریزی و یه‌كده‌ستی و یه‌كگوتاریی ناوماڵی كوردستان كراوه‌ و گرنگه‌ یه‌كڕیزی به‌رده‌وام بێت بۆ به‌هێزكردنی كوردستان."

دوای سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی، له ‌هه‌مان ڕۆژدا شاندەکەی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆكی حكوومه‌ت، به‌ڕێز مه‌سروور بارزانییان كرد. شانده‌كه‌ له‌وێش گرنگیی په‌یوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستانیان دووپات كرده‌وه‌.

هاوكات كیفاح محه‌مه‌د، ڕاوێژكاری سه‌رۆك بارزانی، له‌باره‌ی گرنگیی سه‌ردانه‌كه‌وه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی گوتی: "سه‌ردانی شاندی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئیداره‌ی بایدن به‌م ئاسته‌ كه‌ پێك هاتوون له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری و ده‌ره‌وه‌ و كۆشكی سپی گرنگ بوو، شانده‌كه‌ په‌یامی سه‌رۆك بایدینیان گه‌یانده‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌ڕێز مه‌سروور بارزانی، له‌وێ دووباره‌ باس له‌ په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و كوردستان كرایه‌وه‌، ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی بایدن ده‌یه‌وێت دۆستایه‌تی و هه‌ماهه‌نگیی به‌رده‌وامی ئه‌مه‌ریكا و كوردستان درێژه‌ پێ بدات، ئه‌و تێروانینه‌ گرنگه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا كه‌ جانبی ئابووری و كلتووری و سه‌ربازیش بگرێته‌وه‌ و پشتیوانیی هه‌ولێر و به‌غدا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی گرفته‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".

گوتیشی: "له‌م بارودۆخه‌دا كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق له ‌ئارادایه‌ و ڕه‌نگه‌ هاوكێشه‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ر بێت و پرسی قه‌یرانی دارایی و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و دۆخی داراییی كوردستان و بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان له‌ به‌غداوه‌ هه‌موویان گرفتی گه‌وره‌ن له‌ عێراق و كوردستان، ئه‌م شانده‌ پشتیوانیی ته‌واوی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستانیان كردووه‌ و پشتیوانی كوردستانن، به ‌تایبه‌ت سه‌رۆك بارزانی، له‌م قۆناغه‌دا هه‌رێمی كوردستان ڕێزی له‌ دراوسێكانی و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ڕۆژئاواییش گرتووه‌، ئه‌مه‌ هۆكار و فاكته‌ری گه‌وره‌ن بۆ ئه‌مه‌ریكا له ‌كاتی هاتنی شاندی ئەمەریکا بۆ لای سه‌رۆك بارزانی ئه‌مه‌ش دووپات كراوه‌ته‌وه‌."

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆك بایدن، كیفاخ مه‌حموود ڕایگه‌یاند: "بایدن ڕێز و خۆشه‌ویستیی زۆر هه‌یه‌ بۆ سه‌رۆك بارزانی و ئه‌م شانده‌ له‌م ئاسته‌دا كه‌ بۆ كوردستان هاتووه‌ ده‌رخه‌ری گرنگی و بایه‌خدانی بایدنه‌ به‌ ناوچه‌كه،‌ به‌ تایبه‌تی خۆی یه‌كێك بووه‌ له‌و سیاسییانه‌ی كه‌ خاوه‌نی بیرۆكه‌ی فیدراڵی بووه‌ له‌ عێراقدا."

ڕاپۆرتی كارزانی سه‌باح هه‌ورامی




دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی ناوخۆ ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 00:04:55

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات كە بی مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەیان بەدەست هیناوە و تاوەكوو ئێستا بۆیان هەژمار نەكراوە.

 
ھەرێمی کوردستان بەشداری لە دیداری ئەبوزەبی بۆ وەبەرھێنان دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:39

ھەولێر -KDP.info- دەستەی گشتی وەبەرھێنان بەشداری لە سێزدەمین دیداری وەبەرھێنان لە ئەبوزەبی دەکات و سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنانیش دەڵێ، ھەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەمە بەشداری لە دیدارەکە دەکات.

 
ئەنجومەنی وەزیران: بەپێی یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:56

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 
مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 18:04:37

مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

 
راوێژکارێکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاریگەری ھەبووە"

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 17:04:54

ھەولێر-KDP.info- دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرانەوەیەک ھەیە لەنێوان ھەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم و دەنگەکانی کورد لە کەرکووک و نەینەوا و خانەقین گۆڕانکاریان پەیداکردوە. 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact