سلێمانی-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانی و حیزبی سۆسیالیست کۆدەبێتەوە. دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لەگەڵ گۆڕان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو هەوڵێکیان بۆ دروستکردنی یەکڕیزییە و لەگەڵ حیزبەکان هەوڵی جیددی دەدەن بۆ کەمکردنەوەی ئەو کێشانەی لە هەرێمی کوردستان هەن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکان قسەی بۆ رۆژنامەوانان کرد، باسی لەوە کرد، "پێشتر کۆبوونەوەیەکمان کرد لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیارماندا سەردانی حیزبەکان بکەین و لەگەڵ حیزبەکان هەوڵی جیددی بدەین بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی لە هەرێمی کوردستان هەن، کەمیان بکەینەوە."
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکان تاوتوێ دەکرێت بابەتی دەستوورە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ویستویانە "هەوڵ بدەین لەسەر دەستوور هەندێک بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ بکەین لەگەڵ حیزبەکان."
لەبارەی یەکدەنگیی کورد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وایە، دوای هەڵبژاردنیش پێویستە کۆدەنگی لەنێوان حیزبەکان هەبێت، گوتی، "پێویستە هەموو حیزبەکان چوارچێوەیەک بدۆزنەوە بۆ هاوئاهەنگی، چونکە ئەگەر هەموومان پێکەوەبین، ئەوکاتە دەتوانین هەندێک لەو دەستکەوتانەی خۆمان لە بەغدا جێبەجێ بکەین، ئەگەر پەرتەوازە بین، بەبێ شک، هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم دەبێت و هەموو هەوڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەوەیە بتوانین ئەو یەکڕیزییە دروست بکەین."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی گوت، لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە کۆبوونەوە و گفتوگۆدان بۆ دانانی میکانیزمێک کە ئەوەش کاری پەرلەمان دەبێت. "بەڵام بە دڵنیاییەوە هەوڵی جیددی هەیە بۆ ئەوەی دەستوور جێبەجێ بکرێت."