Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 24 APR 2024 20:40 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە ھەرێمی کوردستان دا
| KDP.info


دهۆک -KDP.info- پێکهاتەکان هەمیشە لە کۆمەڵگادا پەنا دەبەنە بەر ڕێگایەک بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئەرکەکانیان، بۆیە هەر چەندی هەوڵی سەرکوتکردنیان هەبێت، ئەوان دەیانەوێت لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕێگە بە کار و خەباتیان بدرێت و، بۆ ئەو مەبەستەش دەسەڵاتی یاسادانان یەکێکە لە سێ دەسەڵاتە گرینگەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو لە بەرانبەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەریدا.

هەرێمی کوردستان وەڵاتێکی فرەئایین و فرەنەتەوە و ئایین و ئایینزایە و بەوەش ناسراوە کە بووەتە مەڵبەندێکی پێکەوەژیانی تەواوی پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکان و هەر لەبەر ئەوەش، لە دنیای دەرەوەدا هەرێمی کوردستان بە شوێنیکی ئارام بۆ پێکەوەژیانی ئایین و پێکهاتەکان ناوی دەرکردووە. بە شێوەیەکی یاسایی دەسەڵاتی یاسادانان بە چەند بڕیار و یاسایەک توانیویەتی مافی ئەم پێکهاتانە دەستەبەر بکات و پشکداریی کارایان لە دەسەڵاتی تەنفیزیدا هەبێت و ئێستا ئەوان بە فەرمی لە دەسەڵاتی یاسایی و تەنفیزی و دادوەریی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵیان هەیە. پەرلەمان کە بەرزترین دەزگای یاسادانانە ١١ کورسیی کۆتای بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان تەرخان کردووە، لەوانەش ٥ کورسی بۆ تورکمان و ٥ کورسی بۆ مەسیحی و ١ کورسی بۆ ئەرمەنەکان.

دەسەڵاتی یاسادانان چییە؟

دەسەڵاتی یاسادانان توانای هەیە بۆ یاسادانان و بە چەند ناوێکی جۆراجۆر لە جیهاندا دەناسرێت؛ لەوانەش هەندێک وەڵات بە ناوی پەرلەمان و هەندێک بە ناوی ئەنجومەنی نوێنەران و هەندێکیش بە ناوی کۆنگرێس و دەستەی نیشتمانی ناوی دەنێن. لەو وەڵاتانەی سیستمی وەڵاتەکەیان بە پەرلەمانی دادەنرێت، پەرلەمان دەبێتە بڵندترین دەسەڵاتی یاسادانان و خۆی نوێنەرانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دادەنێت.

ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە پاراستنی مافی پێكهاتەكان و چاودێریكردنیاندا

بەهۆی کەمیی ژمارەی دانیشتووانی ئەو پێکهاتانەوە هەندێک وڵات مافەکانیان پێشێل دەکەن. هەرێمی کوردستان بۆ لە بەرچاوگرتنی مافەکانیان ئەو پێکهاتانەی لە دەسەڵاتی یاساداناندا کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە پشکدار کردووە و چەند کورسییەکی بۆیان تەرخان کردووە.

هەرێمی كوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لە توركمان و مەسیحی و ئێزدی و...هتد، لەژێر سیاسەتی داپلۆسێنەر و نادیموكراتیی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق ڕووبەڕووی قورسترین فشار و پەراوێزخران بووەتەوە.

هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە پەرە ناسەنێت و گەشە ناكات تەنها لە ژینگەیەكی سیاسی و دیموكراتدا نەبێت کە باوەڕی بە فرەیی و یەكسانی و قەبووڵكردنی بەرانبەر و مافی هەمووان هەبێت لە پێكەوەژیانی ئاشتیی دوور لە ڕووحی ململانێ و ناكۆكیی گرووپەكان هەر وەك لە دیباجەی جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لە ساڵی (1992) سەبارەت بە مافی ئەو كەسانەی ئینتیمایان بۆ نەتەوە یا گرووپ یا پێكهاتەی ئایینی و زارەكی هەیە كە بە بەناوبانگترین بەڵگەنامەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان لەو بوارە دەژمێردرێت، هاتووە: "قووڵكردنەوە و پاراستنی مافی ئەو كەسانەی كە ئینتیمایان هەیە بۆ نەتەوە، یا گرووپ، یا پێكهاتەی ئایینی و زارەكی، هاوكار دەبێت بۆ سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتانەی تێیاندا دەژین".

تورکمانەکان بەشێكی گرنگی پێکهاتەی نەتەوەییی کوردستانن، لەو بارەیەوە، د. سۆران سەڵاحەدین شوکر، کە دکتۆرای لە یاسادا هەیە، هاوکاتیش سەرۆکی هاوپەیمانیی تورکمانییە دەڵێت: "یاسای نێودەوڵەتی بایەخ بە مافی پێكهاتەكان دەدات، بوونی چەندین ڕێكکەوتننامە و بەڵگەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە ڕێكخستنی ئەم بوارە ئەم بۆچوونەمان دەسەلمێنێت. لێرەدا ڕۆڵی یاسادانەری نیشتمانی (پەرلەمانی كوردستان) بەدەر دەكەوێت لە گواستنەوەی دەقە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافی پێكهاتەكان بۆ سیستەمی یاساییی هەرێمی كوردستان. ئەگەر واقیعی پێكهاتەكان لەژێر ڕۆشناییی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستاندا هەڵبسەنگێنین ویژدانی دادپەروەرانە وامان پێ دەڵێت كە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی فیعلی ددانی ناوە بە مافەكانی پێكهاتەكاندا لە ڕێگای دەركردنی کۆمەڵێك یاساوە بۆ زامنكردنی مافی پێكهاتەكان. لاوازیی ڕێكخستنی پێكهاتەكان كاریگەر بووە لەسەر توانای ڕكابەریی پارتە گەورەكان و گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لە هەڵبژاردنەكاندا."

 

پەیوەندیی دەسەڵاتی یاسادانان بە دەسەڵاتەکانی ترەوە

هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری، مافی چاودێریکردن و کاریگەریدانانیان هەیە، هەموو دەسەڵاتەکان مافی مومارەسەکردنی دەسەڵاتەکانی خۆیان هەیە، بەڵام ناکرێت چاوپۆشی لە دەسەڵاتەکانی تر بکات، دەسەڵاتی یاسادانان یاسا و بڕگەکانی یاسا پێشنیاز دەکات بۆ بڕیاردان و چاودێرکرنیان، هەروەها داوا دەکات بۆ چاودێریی کاری دەسەڵاتی جێبەجیکار، پەرلەمان چاودێریی ئەدای حکومەت دەکات، دەسەڵاتی یاسادانان پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری هەیە؛ وەک سەپاندنی یاسا و پابەندبوون بە بەندەکانی و چاودێریکردنیان.

دەسەڵاتی یاسادانانی کوردستان بەرانبەر پێکهاتەکان

پاڵپشت بە حوكمی بڕگەی (1)ی ماددەی (٥٦)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو و، لەسەر پێشنیاری ژمارەی یاساییی ئەندامانی پەرلەمان، پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق لـە دانیشـتنی ئاسـاییی ژمـارە (٩)ی ڕۆژی 21/4/2015دا بڕیـاری دەرچوواندنی ئەم یاسایەی دا: ''یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2015 بە ناوی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە كوردستان ـ عێراق.''

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەش و ماددەکانی ئەو یاسایە بڵاو دەکاتەوە؛ بەشی یەکەم لە ٣ ماددە پێک هاتووە و بەشی دووەم لە ٤ ماددە پێک هاتووە و بەشی سێیەمیش لە ٣ ماددە پێک هاتووە. هەروەها ئێستا لە هەرێمی کوردستان پێکهاتەکان پشکداری یاساییی دەسەڵاتی یاسادانانن، لەوانەش پێکهاتەی مەسیحی لە پەرلەماندا ٥ کورسی و تورکمان ٥ کورسی و ئەرمەنیش یەک کورسییان هەیە.

ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی سەندیکای پاریزەرانی کوردستان، لقی هەوڵیر دەڵێت: ''یاسای پێکهاتەکان کە بە یاسای ٥ی ساڵی ٢٠١٥ ناسراوە، یاسایەکی گرنگە کە لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانەوە دەرچووە و، بەپێی ئەو یاسایە پێکهاتەکان دەتوانن ڕۆڵی خۆیان لە سیستمی یاساداناندا بگێڕن، چونکە پێکهاتەکان خۆیان ژمارەیان کەمە، بۆیە دەتوانن لەو ڕێگەیەوە گوشار لە دەسەڵاتی جێبەجێکار بکەن تا بە مافەکانیان بگەن."

دەسەڵاتی یاسادانان ڕێگایەک بۆ پێکهاتەکان لە دامەزراوە تەنفیزییەکاندا

وەک د. سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "سیستەمی كۆتا یەك لە بژاردە گرینگەكان بوو بۆ زامنكردنی نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنە خۆجێییەكاندا. یەكەم هەنگاوی پراكتیكیی جێبەجێكردنی سیستەمی كۆتا لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ هەمواری پێنچەمی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانیی هەرێمی كوردستان ژمارە (2)ی ساڵی (2009) كە بەم هەموارە بە فەرمی كۆتا لە سیستەمی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا جێگیر كرا؛ بە شێوەیەک کە (11) كورسی لە كۆی گشتیی (111) كورسییەکەی پەرلەمان بۆ پێکهاتەکانە؛ (5) كورسی بۆ پێكهاتەی توركمان و (5) كورسی بۆ پێكهاتەی مەسیحی (كلد و ئاشووری) و (1) كورسی بۆ پێكهاتەی ئەرمەن دابین كرا. جگە لەوەش، سیستەمی كۆتا لە ئەنجومەنە خۆجێییەكانیش بە دەقی ماددە (32/دووبارە) لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و قەزا و ناحیەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (4)ی ساڵی (2009) جێگیر كرا، بە شێوەێك کە لە ئەنجومەنی پارێزگای هەوڵێر (2) كورسی بۆ پێكهاتەی (سریان و كلد و ئاشووری) و (3) كورسی بۆ پێكهاتەی توركمان و لە ئەنجومەنی پارێزگای سلیمانی یەك كورسی بۆ پێكهاتەی (سریان و كلد و ئاشووری) و لە پارێزگای دهۆك (2) كورسی بۆ پێكهاتەی (سریان و كلد و ئاشووری) و (1) كورسی بۆ پێكهاتەی ئەرمەن دابین كرا. لە دیوێكی ترەوە یاسادانەری هەرێمی كوردستان لە ڕێگای پەسەندكردنی هەردوو یاسای مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان ژمارە (5)ی ساڵی (2015) و یاسای زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان ژمارە (6)ی ساڵی (2014) هەوڵی پاراستنی مافی پێكهاتەكانی داوە؛ وەك مافەكانی پەروەردە بە زمانی دایك و هەژماركردنی بە زمانی فەرمی و ڕاگەیاندن بە زمانی دایك و دامەزراندنی پارتی سیاسی و ڕێكخراوەكانی کۆمەڵگای مەدەنی و بایەخدان بە خەسڵەتە کۆمەڵایەتی و كەلتوورییەكان و ڕێكخستنی پەیوەندی لەگەڵ هاوشێوە و هاوتاكانیان لە دەرەوەی هەرێم و لەناو عێراق و دەرەوەی عێراق و تەحریمكردن و بەتاوانناساندنی هەر كردارێك ببێتە هۆكاری برینداركردنی هەستی گرووپە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و زمانەوانییەكان و... هتد. بێگومان هەنگاوە تەشریعییەكان ڕەنگدانەوەی گەشەی دیموكراسی و ئیرادەی سیاسیی هەرێمی كوردستانە و جێگای ڕێز و تەقدیری چاودێرانی سیاسیی ناوخۆیی و وەڵاتانی بیانییە، پێكهاتەكان ئەم هەڵوێستە بەرز دەنرخێنن كە بووەتە مایەی سەقامگیری و ئاشتەواییی کۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان بە گشت پێكهاتەكانییەوە، لەگەڵ جەختكردن لەسەر ئەوەی کە پاراستنی مافی پێكهاتەكان تەنها بە بوونی یاسا و ڕێساكان نابێت، بەڵكو بە ئاستی كاركردن دەبێت بەو یاسا و ڕێسایانە، ئەمەش ئەركی دەسەڵاتی یاسادانانە لە چاودێریكردنی چۆنیەتیی كاركردن بە یاساكان.

بەپێی لێدوانێکی وەزیری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعرووف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێشتا ژمارەی دانیشتووانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کورستان دیار نییە، چونکە تا ئێستا سەرژمێرییەکی فەرمی نەکراوە، ئەو ژمارانەی لە سەرژمێریی پێکهاتەکانەوە دەدرێن، هەموویان تەخمینین، بەڵام زۆربەی پێکهاتەکان لە کوردستاندا جێگیر بوون و هەموویان توانیویانە خۆیان لە کوردستاندا بگرن و پارێزراو بن و حکومەتی هەرێم توانیویەتی مافەکانیان بپارێزێت و لە دەسەڵاتی یاسایی و تەنفیزیدا کاریان پێ بکات. گوتیشی: ''دەسەڵاتی یاسادانان ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و یاسایشی بۆ دەرکراوە و پێکهاتەکان دەتوانن بەو یاسایە بەرگری لە مافی خۆیان بکەن و هیچ کەس نییە بتوانێت مافەکانیان بخوات."

لەسەر ئاستێ ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەرێمی کوردستان پێگەیەیەکی دیاری هەیە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان، وەک فارس کەتی، مامۆستای زانکۆ و چالاک لە بواری پێکهاتەکان دەڵێت: "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە جوانترین شتە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە دەسەڵاتی یاسادانانیشدا ماددەیەک بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان هەیە."

لە وەزارەتی ئەوقافی عێراقدا تا ئێستا ددان بە چوار ئاییندا نراوە، کەچی لە هەرێمی کوردستان ددان بە بوونی ٨ ئاییندا نراوە و هەرهەشتیان نوێنەریان هەیە لە وەزارەت، وەک فارس بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان ددانی بە بوونی ٨ ئاییندا ناوە کە نوێنەرایەتییان هەیە، ئەمە لە ڕووی پاراستنی مافی کەمینەکانەوە شتێکی باشە و بۆ جیهانی دەرەوەش کارێکی گرنگە، لە وەزارەتی ڕۆشنبیریش یاسایەک هەیە هەموو کەسێك مافی ئەوەی هەیە مومارەسەری تقووس و کاری پیرۆزی ئایینی خۆی بکات."

پەرلەمانێ کوردستان بە بڕیاری ژمارە ١١ی ٣ی ٨ی ٢٠١٩ پشت بە حوکمەکانی بڕگەی ١ی ماددەی ٥٦ی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی هەمووارکراو، بڕگەی یەکەمی ماددەی ٧٧ی پەیڕەوی ناخۆی پەرلەمانی کوردستان، لە دانیشتنی نایاساییی ژمارە ٣ی ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٩دا بڕیاری دا ئەو کوشتار و کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانەی دەرهەق بە ئێزدییان لە ٣ی ٨ی ٢٠١٤ لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامەوە کرا بە جینۆسایدی ئێزدییەکان دیاری بکرێت.

٦٨ ئەندامی پەرلەمان واژوویان بۆ دەنگدان لەسەر بڕیاری جینۆسایدی ئێزدییان کردبوو لە پەرلەمانی کوردستان، کەچی ٨٧ ئەندام دەنگیان بە پرۆژەیاسای جینۆسایدی ئێزدییان دا. هەدیە موارد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و نوێنەری کوردانی ئێزدییە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بۆ کوردانی ئێزدی دەسەڵاتی یاسادانان هەنگاوێکی گرنگە کە کوردانی ئێزدی لە کوردستان ماف و ئیمتیازەتەکانیان بەدەست بێنن و لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا توانیومانە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە ٣ی ٨ی هەموو ساڵێک وەک ساڵڤەگەڕی جینۆسایدی ئێزدیان دیاری بکەین.''

موراد گوتیشی: ''دەمانەوێت هەندیک یاسای تر هەموار بکەین، لەوانەش یاسای بێسەروشوێنانی بارزانی و فەیلییەکان و مافی ئەو خێزانانەی کەسوکاریان لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییاندا لە دەست داوە، چونکە ئەوەش دەتوانێت مافی ئێزدییەکان بپارێزێت."

بەپێی قسەکانی نەبەز ئیسماعیل کەمال، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: ''جگە لە ئایینی ئیسلام، ٧ پێکهاتەی تر نوێنەرایەتیان لە وەزارەتی ئەوقاف هەیە؛ وەک مەسیحی و ئێزدی و بەهائی و سابیئەی مەندائی و زەردەشتی و کاکەیی و یارسان و جوو.''

گوتیشی: ''لەبەر شەڕوشۆر و کۆچبەری تا ئێستا ژمارەی ئەم پێکهاتانە نەزانراوە و تا ئێستا کەسیش نازانێت چەندن، ئەوەی دەگوترێت تەخمینییە، مەسیحییەکان نزیکەی ٤٠٠هەزار کەسن لە کوردستان."

هاوکات ئەمیر ئۆسمان مەولوود، بەڕێوەبەری پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بەپێی ئەو داتایانەی لە کاروباری مەسیحییەکان هەن، ٢٥٠ هەزار تا ٣٠٠ هەزار کەس لە هەموو عێراق ماون و بوونەتە ئایینی سێیەم لە کوردستاندا و ئێزدییەکان بوونەتە دووەم گەورەترین ئایین بەپێی ئەوەی کە ٤٥٠هەزار کەسن کە کوردستاندا."

بەپێی ئامارەکانی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، نزیکەی ٥٥٠هەزار ئێزدی لە تەواوی عێراقن و نزیکەی ١٠٪ دەکەونە سەر هەرێمی کوردستان. هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەوقاف نزیکەی ٨٠هەزار کەس پەیڕەوانی کاکەیی و یارسان لە هەرێمی کوردستانن، پەیڕەوانی سابیئەی مەندائی نزیکەی ١٠٠٠ کەسن."

بەپێی قسەکانی خالد ئەلبێر، بەڕێوەبەری گشتیی مەسیحییەکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: "ئێستا ژمارەی مەسییحییەکانی هەرێمی کوردستان ٢٥٠هەزار تا ٢٧٥ هەزار کەس دەبن و ئێستا لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ بە تایبەتی بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان دەرکراوە.''

تورکمان لە هەرێمی کوردستاندا لە دەسەڵاتی تەنفیزی و تەشریعیدا پشکدارییەکی کارایان هەیە و، عەبدولقادر بازرگان، سەرکردەیەکی سیاسیی تورکمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بەهۆی نەبوونی سەرژمێرییەکی تەواو ژمارەی پێکهاتەکان بە دروستی نازانرێت، بۆیە پێ دەچێت ژمارەیان دەوری ٤٠٠ هەزار کەس زیاتریش بێت." ھەندێ لە چاودێرانیش دەڵێن ژمارەی تورکمانەکان لە ھەرێمی کوردستان دەگاتە سێسەد ھەزار کەس.

سەباڕەت بە ژمارەی کاکەییەکان لە ھەرێمی کوردستاندا رەجەب کاکەیی، بەرپرسی ریکخراوی میترا بۆ گەشەپێدان و رەشەونبیری یارسانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پاڕتی دەڵێ، نزیکەی ٢٥ هەزار کاکەیی لە کوردستان ھەن لە ھەریەک لە ناوچەکانی هەولێر، خەبات، سلێمانی، هەڵەبجە و کەلار.

ئێستا هەوڵی دامەزراندنی تۆڕی هاوپەیمانییەکی کەمینە و پێکهاتە ئایینییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەدرێت، ئەو تۆڕە ڕاستەخۆ بۆ کاروباری پێکهاتەکان سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێم دەبێت و بەپێی قسەی د. سەعید خودیدا، بەشدارییان کردووە لە پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە و دەڵێت: "مەبەستیان لەو هاوپەیمانییە دروستکردنێکی تۆڕیکە بۆ ئەوەی کاروباری پێکهاتەکان بە سەرۆکایەتیی هەرێمەوە ببەسترێتەوە.''

گوتیشی: ''مەبەست لەو هاوپەیمانییە جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەکان و یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥یە و ئەو دەستەیە ڕاستەخۆ بە سەرۆکایەتیی هەرێمەوە دەبەسترێتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی پێکەوەژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بکەینە بناغەی یەکترقبووڵکردنی تەواوی ئایین و پێکهانە و ئایینزاکان لە هەرێمی کوردستاندا، چونکە ئەم پرۆژەیە دەبێتە هاوکار و پاڵپشتی هەموو کەسێک کە لەم وەڵاتەدا خۆی وەک مرۆڤ ببینێت، سەرباری هەبوونی هەر بیروباوەڕێکی ئایینیی جیاواز."

بەپێی زانیارییەکان، هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە حکومەتدا توانیویەتی دەسەڵاتێکی یاسایی بە پێکهاتەکان بدات کە نوێنەراتییان هەبێت و ٨ ئایین لە دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەتدا مافی بەشداریی ڕاستەقینەیان هەبێت، لە ئەنجومەنی پارێزگاکانیشدا مافی بەشداریکردنیان هەیە، چونکە یاسایەکی تایبەتیان هەیە و دەبێ پێکهاتەکان هەم لە ئەنجومەنی پارێزگەکاکانی هەریمی کوردستاندا و هەم لە جومگەکانی دەسەڵاتیشدا پشکدارییەکی کارایان هەبێت."

بۆ پاراستنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناوچە کوردستانییەکان، لە پەرلەمانی کوردستان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە دانانی لیژنەکاندا لیژنەیەکی تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێک هێنراوە و ئەندامانی لیژنەکەش لە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان پێک دەهێنرێت.

ڕەشنووسی دەستەی ڕاوێژکاری پێکهاتەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەشت ماددە لە خۆی دەگرێت: ماددەی ٧ی ئەو ڕەشنووسە کارەکانی دیار دەکات کە بریتین لە سەقامگیریی و جێبەجێکردنی ماددەی ٥ و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی فەرمانی مافی نەتەوە و ئایین و تائیفە ئایینییەکان لە هەرێمی کوردستان و پارێزراوبوونی ناسنامەی پێکهاتە جێگیرکراوەکانی هەرێمی کوردستان و یەکسانی و ناجیاکاری و بەشداریی کارایان لە دەسەڵاتەکاندا.

بەدواداچوون و ئامادەکردنی کاروان باعەدری

 




دوایین هەواڵەکان

ھەرێمی کوردستان بەشداری لە دیداری ئەبوزەبی بۆ وەبەرھێنان دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:39

ھەولێر -KDP.info- دەستەی گشتی وەبەرھێنان بەشداری لە سێزدەمین دیداری وەبەرھێنان لە ئەبوزەبی دەکات و سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنانیش دەڵێ، ھەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەمە بەشداری لە دیدارەکە دەکات.

 
ئەنجومەنی وەزیران: بەپێی یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:56

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 
مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 18:04:37

مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

 
راوێژکارێکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاریگەری ھەبووە"

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 17:04:54

ھەولێر-KDP.info- دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرانەوەیەک ھەیە لەنێوان ھەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم و دەنگەکانی کورد لە کەرکووک و نەینەوا و خانەقین گۆڕانکاریان پەیداکردوە. 

 
"پێویستە بەغدا پارە بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێم تەرخان بکات"

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 16:04:24

ھەولێر -KDP.info-  بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پشتگیری مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم دەکەین بۆ راسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی ھەرێم و دەشڵێ، شەش ھەزار  سێ یەکەمی زانکۆ پەیمانگاکان ھەیە دانەمەزراون.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact