هەولێر-KDP.info- دوای راگرتنی پڕۆسەی دەرھێنانی كارتی زانیاری و لەزگەی ئۆتۆمبێلی تەكسی، لە ئێستادا پڕۆسەكە دەستی پێكردووەتەوە و وەزیری گواستنەوە و گەیاندنیش دەڵێ، ھەر ئەمساڵ پڕۆژەی (ستی پاس) رادەیەگەنین.
ئانۆ جەوھەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پڕۆسەی پێدانی كارتی زانیاری و لێدانی لەزگە بۆ ئۆتۆمبێلەكانی تەكسی جێبەجێ دەكرێت، ئەوەش دوای وەستانی بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بەڵام لە ئێستادا پڕۆسەكە دەستی پێكردووەتەوە و ھەموو ئۆتۆمبێلێكی تەكسی پێویستە پابەند بێت بە دەرھێنانی كارتی زانیاریی ئۆتۆمبێلەكەی، لەگەڵ بەكارھێنانی لەزگەی تایبەت بە تەكسی".
وەزیری گواستنەوە دەشڵێت: "دوای كۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن، ماوەیەك دیاری دەكرێت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆسەی پێدانی كارتی زانیاری و لەزگەی تەكسی، ھەر شۆفێرێكیش لەو ماوەیەدا پابەند نەبێت، ئەوا سزای بەدواوەیە، لەبەر ئەوەش داوا لە ھاووڵاتیان دەكەین ئەوانەی ئۆتۆمبێلی تەكسی بەكار دێنن، پابەندی بڕیاری حكوومەت بن".
ئانۆ جەوھەر روونیشی كردەوە: "پڕۆژەی (ستی پاس) لە پێداچوونەوەی كۆتاییدایە و ئەمساڵ رایدەگەیەنین، تا كۆمپانیاكانی وەبەرھێنان بێن بۆ ئەوەی كاری تێدا بكەن".
قائید میرۆ