هەولێرـKDP.infoـ بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخى داراییى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندیى نیشتمانیى زانکۆکانى کوردستان، بە ڕێژەى سەدا ۱۰بۆ ۲۰ بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندنى ساڵى ۲۰۲۰ ـ ۲۰۲۱ کەم کردەوە.
ئەمڕۆ ۲۲ی ۱۱ی ۲۰۲۰ بە سەرپەرشتىی د. ئارام محەمەد قادر، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرۆکی زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆ بوونەوە و لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگا ناحکوومییەکان کەم بکرێتەوە بە ڕێژەی سەدا ۱۰بۆ ۲۰.
سەبارەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە کارى لێژنەى تایبەتمەند لەسەر ئاستى وەزارەت بەم ئەرکە کرد و دەستخۆشیى لێ کردن بۆ کارەکانیان لە ڕابردوودا.
بۆ ئەمەش ڕایگەیاند: "هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى تایبەتدا گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەمووان ڕەچاوى بار و گوزەرانى داراییى خەڵکى خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلى خوێندن بۆ هەمووان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا گوتى: بۆ ئەوەى ڕوحیەتى کێبڕکێى زانستى لە دامەزراوە ئەکادیمییەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخى هاووڵاتییان بڕیارمان دا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بۆ ساڵى خوێندنى ۲۰۲۰ ـ ۲۰۲۱ ئەویش بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتمانیى زانکۆکانى کوردستان کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیەنراوە بەم شێوەى خوارەوە:
· ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گرووپى B، بە ڕێژەى سەدا ۱۰ کرێى خوێندن کەم دەکرێتەوە.
· ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گرووپى C، بە ڕێژەى سەدا ۱٥ کرێى خوێندن کەم دەکرێتەوە.
· ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گرووپى D، بە ڕێژەى سەدا ۲۰ کرێى خوێندن کەم دەکرێتەوە.
· سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بە ڕێژەى سەدا ۲۰ کرێى خوێندنیان کەم دەکرێتەوە.
فایزە کۆیی