Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 19 APR 2024 04:26 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

"كورد داوای پشكی خۆی لە قه‌رزی ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و یوئێن دەکات"
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- هێشتا ڕێككه‌وتنی سیاسیی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان ورده‌كاریی لیستێكی ئاماده‌ كردووه‌ بۆ ئه‌و پارانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ ده‌درێت به‌ عێراق و دەبێ پشكی كوردستانیشی لێ بدرێت، ئێستا به‌دواداچوون ده‌كرێت و بڕیاره‌ شاندێك بچێته‌ به‌غدا"

جیا له‌و بوودجە‌ی كه‌ وه‌ك پێویست له‌ به‌غداوه‌ نادرێت به‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، كه‌چی به‌غدا ئه‌و پاره‌ش نادات به‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ وه‌ك قه‌رز، یان وه‌ك كۆمه‌ك له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییەوە ده‌درێت به‌ حكوومه‌تی عێراق، ئه‌م بڕه‌پاره‌یه‌ به ‌مه‌رجێك دراوه‌ به‌ عێراق كه‌ به‌سه‌ر هه‌موو عێراقییه‌كاندا دابه‌ش بكرێت، به‌ڵام بەپێی به‌دواداچوونی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌و پاره‌یه‌ هیچ بڕێك نه‌دراوه‌ به‌ كوردستان، بۆ نموونه‌ پاره‌ی تایبه‌ت به‌ په‌ره‌پێدانی دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانه‌وه‌ دراوه‌ و پاره‌ی تایبه‌ت به‌ په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌ دراوه‌ به ‌عێراق و هیچ بڕه‌پاره‌یه‌ك نه‌دراوه‌ به‌ كوردستان، ئه‌وه‌ی كه‌ زیاتر جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌و 320 ملیار دیناره‌ بووه کە‌ مانگانه‌ له ‌به‌غداوه‌ هاتووه،‌ ئه‌ویش به‌پێی ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا بووه‌ بۆ ساڵی 2019 و دواتر درێژ كرایه‌وه‌ بۆ ساڵی 2020، به‌ده‌ر له‌وه‌ ئه‌وی دیكه‌ كه‌ بوودجە‌ی هاوكاری بووه‌ بۆ عێراق هه‌ر قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، له‌ كاتێكدا كوردستان له‌ هاتنی چه‌ك و بوودجە‌ی سیادی له‌ ساڵانی 2008 بۆ 2014 له ‌به‌غداوه‌ غه‌دری لێ كراوه‌، به‌شێكی زۆری بوودجە‌ی كوردستان به‌ پاساوی ده‌رهێنانی بوودجە‌ی سیادی، له‌ %17 و بۆ كه‌متر له‌ %10 نێردراوه‌، به‌پێی زانیاریی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ لێژنه‌ دروست كراوه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و پاره‌ی هی كوردستانه‌ و له‌ به‌غداوه‌ نه‌دراوه‌، وه‌ك بوودجە‌كانی هاوكاری و ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان، زاگرۆس فه‌تاح، بریكاری وه‌زیری پلاندانان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌مه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ڕێككه‌وتنی سیاسی و ده‌بێ شاندی سیاسی له‌ كوردستانه‌وه‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات بۆ كۆی ئه‌و پارانه‌ی چ وه‌ك قه‌رز، یان وه‌ك هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تی ده‌درێته‌ عێراق، به‌شی هه‌رێمی كوردستانیشی لێ بدرێت، هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵیش لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و تێپەڕبوونی دۆخەكە پلان و بەرنامە و پڕۆژەی هاوبەشیان هەیە، گەیشتن بە تەكامولی ئابوورییش پێویستی بە پتەوكردنی پەوەندییەكان هەیە، وابزانم بوونی ئیرادە و نییەتی باشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پتەوكردنی پەیوەندییەكان هاندەر بووە بۆ نزیكبوونەوەی هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق، ئێستاش هەندێك هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە كە پێشكەش بە حكوومەتی عێراق دەكرێت، بەتایبەتی لەلایەن بانكی نێودەوڵەتی و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و دامەزراوەكانی دیكەی نێودەوڵەتییەوە، لە ساڵانی ڕابردوو پشكی هەرێمی كوردستان كەمتر دراوە، ئێمە وەكو وەزارەتی پلاندانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا لە گفتوگۆداین لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بۆ ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان زیاتر بدرێت و ئێمەش لەو هاوكارییانە سوودمەند بین، بەتایبەتی كە ئێستا بەرنامەیەك هەیە كە سندووقی پەرەپێدانی كۆمه‌ڵایه‌تیی پێ دەڵێن كە 260 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە، لەو بڕە پارەیەش 30 ملیۆن دۆلاری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت و، دابەشی سەر پارێزگاكانی هەرێمی دەكەین، ڕاستە ئەم بڕە پارەیە كەمە، بەڵام دەمانەوێت بۆ پڕۆژە بچووكەكان سوودی لێ وەربگرین، بەتایبەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی كوردستان".

به‌پێی به‌دواداچوونی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ته‌واوی بووژانه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی بوودجە‌ی پارێزگاكانی كوردستان، له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بووه‌، له ‌به‌غداوه‌ ئه‌و پاره‌ی كه‌ ده‌بوو وه‌ك په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان بدرابایه‌ ئه‌ویش نه‌دراوه‌، سه‌ره‌نجام حكوومه‌ت خۆی پرۆژه‌كانی له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌، بریكاری وه‌زیری پلاندانان، زیاتر له‌و بارەیەوه‌ قسه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت بوودجە‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان ساڵانێكی زۆره‌ له ‌به‌غداوه‌ بۆ كوردستان نه‌هاتووه‌، ئه‌وه‌ی كراوه‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بووه‌ و خۆمان له‌سه‌ر بوودجە‌ی خۆمان كردوومانه‌، حكوومەتی بەهێز تەنیا وەزارەت و دامودەزگای بەهێز نییە، بەڵكو كەرتێكی تایبەتی بەهێزیشە، كە لە خزمەتی هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی بارگرانی بێت لەسەر شانی حكوومەت، لەسەر ئەم فەلسەفە ئابوورییە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیی بە كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان داوە، ئێستا دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بە عەقڵییەتێكی نوێ و ئامانج و ئاراستەیەكی نوێ كارەكان دەكات، ئەوەتا لەلایەك زیاتر گرنگی بە پڕۆژەكانی جۆراوجۆركردنی كەرتی ئابووری و هەمەچەشنكردنی سێكتەرەكان دەدات، لەلایەكی دیكەوە پڕۆژەیاسایەكی نوێی وەبەرهێنانی ئامادە كردووە و هەمواری یاسا كۆنەكەی كردووەتەوە، ئێمەش وەكو وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و زۆربەی وەزارەتەكانی دیكە ڕاوبۆچوونی خۆمان لەسەر ڕەشنووسی ئەو پڕۆژەیاسا نوێیەی وەبەرهێنان داوە، لەم كابینەیەشدا هەماهەنگییەكی باش لە نێوان دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتەكانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان هەیە، لە داهاتووشدا ئەو هەماهەنگییە باشتر دەكەین، لە داهاتوویەكی نزیكیشدا گۆڕانكارییەكی نەوعی و گرنگ لەسەر ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا دەبینین. لە لایەكی دیكەوە، لەم كابینەیەدا جگە لەوەی بەم قەیرانە داراییە جیاوازی لە ئەنجامدانی پڕۆژە لە نێوان پارێزگاكانیشدا نەكراوە، بە شێوەیەكی گشتی خەرجیی پڕۆژەكان لە كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی وەزارەت و پارێزگاكان بەم شێوەیە بووە:

یه‌كه‌م: پارێزگای هەولێر 119 پڕۆژە بە خەرجیی 64 ملیار دینار كە 31%ی كۆی گشتیی پارەكەیە.

دووه‌م: پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕینەوە (223) پڕۆژە بە خەرجیی 82.9 ملیار دینار كە 40%ی كۆی گشتیی پارەكەیە.

سێیه‌م: لە پارێزگای دهۆك (35) پڕۆژە بە خەرجیی 55.4 كە 25%ی كۆی گشتیی پارەكەیە.

چواره‌م: لە پارێزگای هەڵەبجە (35) پڕۆژە بە خەرجیی 8.1 كە 4%ی كۆی گشتیی پارەكەیە .

كۆی گشتیی پڕۆژەكان 412 پڕۆژەیە بە خەرجیی 207 ملیار دینار .

هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاستی په‌رله‌مانی عێراق ڕه‌نگ بێت وه‌ك پێویست باسی له‌و پارانه‌ نه‌كردبێت كه‌ وه‌ك هاوكاری ده‌درێته‌ عێراق، بۆچوونێك هه‌یه‌ یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كورد كه‌مینه‌یه‌ له ‌په‌رله‌مانی عێراق، یان نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست داوای ئه‌و مافه‌ بكرێت، له ‌هه‌مان كاتدا تیمی كوردستان له‌ناو حكوومه‌تی عێراقیش ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌یان وه‌ك پێویست به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتبێت، هه‌ر له‌م بارەیەوه‌، د. به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "به‌ یاسا و به‌ ده‌ستوور بێت، ده‌بێ حكوومه‌تی عێراق پاره‌ی ئه‌و ڕێكخرا و ئاژانس و ناوه‌ندانه‌ بداته‌ كوردستان كه‌ وه‌ك هاوكاری ده‌درێنه‌ عێراق، به‌ڵام تا ئێستا زۆربه‌ی ئه‌و یارمه‌تی و قه‌رزانه‌ نه‌دراوه‌ به‌ كوردستان". له‌باره‌ی قه‌باره‌ی ئه‌و هاوكارییانه‌وە د. حه‌داد ده‌ڵێت: "ئه‌و هاوكارییانه‌ به‌پێی ڕێژه‌ی بوودجە‌ی كوردستان دێت، ئه‌گه‌ر بوودجە‌ی كوردستان له‌ عێراقدا ‌ %17 بێت، یان %14 بێت، ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌كرێت، ده‌بێت به‌و ڕێژه‌یه‌ پاره‌ی هاوكاری بۆ عێراق بدرێته‌ كوردستان، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر بوودجە‌ی كوردستان %17 بێت له ‌به‌غداوه‌ ده‌بێت %17 پشكی ئه‌و پاره‌شی بۆ بێت كه‌ له‌ ناوه‌نده‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌ وه‌ك هاوكاری ده‌درێته‌ عێراق".

رایشیگه‌یاند: ئه‌و بوودجە‌ی بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌، به‌غدا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بدات تا بوودجە‌ی 2021 په‌سه‌ند ده‌كرێت كافییه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ گرفتمان هه‌یه‌ به‌غدا ئه‌و به‌شه‌ش نادات، بۆیه‌ ده‌بێت ڕێككه‌وتنی سیاسی بكرێت، بۆ بوودجە‌ی 2021ی عێراق و گرنگه‌ شاندی سیاسی و هونه‌ری كوردستان به‌زووترین كات له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن و له‌و بارەیە‌وه‌ شاندێكی سیاسی ده‌چێته‌ به‌غدا، به‌ڵام كاته‌كه‌ی دیار نییه‌ و بڕیاره‌ ڕێككه‌وتنی گرنگ بكرێت".

هه‌رله‌م بارەیەوه‌، سه‌عد خالید، وه‌زیری پێشووی هه‌رێم بۆ كاروباری حكوومه‌ت و په‌رله‌مان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "زوڵمێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت كه‌ هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی و هاوكارییه‌كانی ئاژانسی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان هه‌یه‌ بۆ عێراق، به‌پێی ده‌ستوور ده‌بێت به‌شی هه‌رێمی كوردستان بدرێت، سبه‌ی عێراق ئه‌و قه‌رزه‌ ده‌داته‌وه‌ پاره‌كه‌ له‌ كۆی گشتیی عێراق ده‌ڕوات به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، ده‌بێت قه‌رز وه‌رده‌گیرێت بۆ پرسی وه‌به‌رهێنان، مووچه‌، یان په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان، چۆن هاووڵاتییه‌كی پارێزگای به‌سره‌ لێی سودمه‌ند ده‌بێت، ئاواش ده‌بێت هاووڵاتییه‌كی كوردستان لێی سوودمه‌ند بێت، به‌داخه‌وه‌ چۆن تا ئێستا به‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی مه‌ركه‌زی مافی كوردستان پێشێل ده‌كرێت و مافه‌كانی كوردستان نادرێت، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له ‌هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته‌ كه‌ نایانه‌وێت هاوكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بدرێته‌ كوردستان، ده‌بێت عێراق ته‌جاوزی عه‌قڵیه‌تی كۆن بكات و جۆرێك له‌ ئارامیی سیاسی دروست بكه‌ن، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سیاسه‌تی (شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق و ته‌وازون)، ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان وه‌ك باقیی ناوچه‌كانی دیكه‌ ئه‌و هاوكارییانه‌ی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌.

گوتیشی: "پێش بڕینی بوودجە‌ی كوردستان یانی 2014 ئه‌وكاته‌ نووری مالیكی، سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تی ده‌كرد، من بیرم دێت، ساڵانه‌ كه‌ بوودجە‌ی كوردستان ده‌هات ڕێژه‌یه‌كی زۆری لێ گل ده‌درایه‌وه‌، به‌ناوی پاره‌ی سیاده‌ و حاكمه‌، كوردستانیش بێبه‌ش ده‌بوو له‌ ئه‌و بوودجانه‌ هیچ پاره‌یه‌ك بۆ پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی ناوخۆ نه‌ده‌هات، ئه‌مه‌ غه‌در بوو، ئه‌گه‌ر جاران %17ی بوودجە‌مان هه‌بووبێت قه‌د به‌ فیعلی نه‌ده‌گه‌یشته‌ %11 و ئاخر جار %10 بوو كه‌ به‌غدا ناردی".

رایشیگه‌یاند: ئه‌م سیاسه‌ته‌ له ‌قازانجی هیچ لایه‌نێك نه‌بوو، عێراقی خسته‌ سه‌ر لێواری مه‌ترسی، حكوومه‌تی فیدرالی ئه‌گه‌ر به‌ یه‌ك چاو سه‌یری هاووڵاتییان بكات، ده‌بێت به‌پێی ئه‌و مافانه‌ی هه‌مانه‌ پشكمان هه‌بێت، خۆتان ده‌زانن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌شێكه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ی ئه‌منیی عێراق، كاریگه‌ریی زۆر هه‌بوو له‌ شه‌ڕی داعش، له‌و ناوچانه‌ی سوپای عێراق چۆڵی كرد پێشمه‌رگه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی پڕ كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ به ‌خوێن پارێزگاریی لێ كرد، كه‌چی ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه‌ی ئه‌هاتن بۆ به‌غدا نه‌ده‌درا به‌ كوردستان, ئه‌وان ڕێگه‌یان نه‌ده‌دا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان فیدراكاری بكات، بۆ خاكی كوردستان كه‌ به‌شێكه‌ له‌ خاكی عێراق، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان خۆشه‌هیدكردنمان پێ ڕه‌وا نه‌بینن چۆن ماف و ئیمتیازات به‌ڕه‌وا ده‌بینن.

ڕاپۆرتی شیكار و به‌دواداچوون، كارزان سه‌باح هه‌ورامی




دوایین هەواڵەکان

شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:21

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژێ پێنجشەممە 18ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دادوەر عەباس فەرحان حەسەن سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دادوەر عامر موسا محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact