Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 24 APR 2024 10:37 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ئایا دەوڵەتی شکستخواردووی عیراق لەسەر دووڕیانە؟
| KDP.info


دکتۆر سامان سۆرانی 

ئەزموونی حوکمڕانی عیراقی پاش ساڵی ٢٠٠٣ نزیکە لە ئەزموونی حوکمڕانی ئەڵمانیای پاش جەنگی جیهانی یەکەم. زۆر کەس ترسی ئەوەیان هەیە چارەنووسی ئەزمونی عیراق لە ئایندەدا بە هەمان چارەنووسی ئەزموونی ئەڵمانیا کۆتایی بێت. 

دیارە ئەڵمانیا پاش دۆڕانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا پشتی بە دیموکراسیەکی ناجێگیر بەست، سیستەمی حوکمڕانی کۆماری پەرلەمانی فیدڕاڵی پەێڕەوکرد، کە بە پێی دەقەکانی دەستوری کۆماری ڤایمەری ساڵی ١٩١٩ داڕێژرابوو. 

ئەڵمانیای دۆڕاوی جەنگی جیهانی یەکەم یەخسیری مەرجەکانی پەیماننامەی ڤێرسای ساڵی ١٩١٩ بوو، ژمارەیەك کۆت و بەندی سەربازی بەسەر ئەو دەوڵەتە سەپێنرا. ئەڵمانیا تەنها بۆی هەبوو بەشێوەیەكی سنووردار سوپای هەبێت و لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆر لە خاکی لە بەرژەوەندی بەلجیکا و دانیمارك و فەرەنسا و پۆلەندا لەدەستدا و ناچارکرا زیانی دوژمنانی بە دوو بەرابەر قەرەبوو بکاتەوە. 

ئابووری ئەو وڵاتە دووچاری داڕمان بوو، هەڵاوسان ڕوویدا و دراوی بێ بەها بوو. ئەڵمانیا ناچار کرا بکەوێتە ناو کەمینی قەرزی نابەردەوام، هەردوو کەرتی تایبەت و حکومی ئیفلیج بوون و بێکاری و برسێتی و هەژاری زیادیان کرد.

هەموو ئەم هۆکارانە ژینگەیەکی لەبار بوون بۆ سەرهەڵدانی پەرگیری و توندڕەوی و پاڵنەربوون بۆ ئەوەی ناسیۆنال سۆسیالیستەکان (نازییەکان) بێنە سەر دەسەڵات. 

پرۆژەی ناسیۆنال سۆسیالیستەکان بە جەنگی جیهانی دووەم کۆتایی هات، ئەو جەنگەی بوو بە مایەی گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٦٠ ملیۆن کەس و برینداربوونی پتر لە ١٠٠ ملیۆن کەس. 

وێرانکاری و زیانی ماددی بێ سنوور بەرۆکی جیهانی گرت و نەخشەی گەلان و سیستەمی نێودەولەتی بە تەواوی گۆڕدرا.   

دیارە گەلی عیراقیش لە پاش ساڵی ١٩٩٠ ڕووبەڕووی دوو شکستی سەربازی بوو و بە هۆیەوە مەرجی قورس و ئابڵوقەی ئابووری بەسەردا سەپێنرا، کە کاریگەریان هەبوو لەسەر ژێرخانی ئەو وڵاتە و بوون بە مایەی لەدەستدانی سەروەری. 

لە ئێستادا سنووری خاکی عیراق بە بیانووی ئازادکردنی لە داگیرکار و ململانێی تایفەگەری و ڕەگەزی بە بەردەوامی لە لایەن وڵاتانی درواسێی عیراق پێشێل دەکرێت.  

لێرەدا ناچینە ناو باسی داڕشتنی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ و دامەزراندنی دامەزراوە دەستورییەکان لە سەر بنەمای دیموکراسیەکی بنکۆڵ و ناجێگیر، کە ناوەڕۆکەکەی حکومەتێکی پەرلەمانی فیدڕاڵی زۆر لاوازی لێ شین بوو.  

ئێمە پێمان وایە عیراق لە ئێستادا لە بەردەم دووڕیانە:

یان ئەوەیە عیراق دەست بە فیدڕاڵیەت دەگڕێت و هاوبەشی بەرز دەنرخێنێت، یان ئەوەیە گوریسی بەردەوامبوونی مێژووەکەی وەكو دەوڵەت لە ناوەندەوە دەبێت بە سێ لەت. 

دەستەواژەی "گەڕانەوەی شکۆ بۆ دەوڵەت و دامەزراوەکانی" بەردەوام وەکو دروشمێکی بریقەدار لەلایەن سەرجەم حکومەتەکانی پاش ساڵی ٢٠٠٣ بەکارهێنراوە، چونکە هەموو پێیان وابووە دۆسیەی دەوڵەت بە تەواوی دزراوە و تەنها شتێکی کەم لە جێی خۆی ماوە. 

لە ئێستاشدا حکومەتی مستەفا کازمی ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بۆتەوە و ناتوانێ بە سانایی دەوڵەت لە چنگی هێزە نادەوڵەتییەکان ڕزگار بکات. 

گەڕانەوەی شکۆ بۆ دەوڵەت لە ڕوانگەی بەشداربووان لە پرۆسەی سیاسی عیراق، بە تایبەتی لایەنی شیعەی سەر بە ئەجیندای دەرەکی، گەڕانەوەی پێگەی حزبەکانیانە لە ناو دەسەڵات، تا لەو ڕێگەیەوە بتوانن بڕیار لە بەرژەوەندی خۆیان دەربکەن و گەمە بە چارەنووسی لایەنەکانی تری وەکو كورد و سوننە بکەن و چارەنووسی گەلی عیراق و هاوڵاتیان بە نادیاری بهێڵنەوە. 

ئەم چینە سیاسیە مەبەستیە جاڕێکی تر دەسەڵاتی ڕەهای هەبێت. بەڵام لە بەرامبەردا جەماوەری ناڕازی لە ناوەند و باشووری عیراق ئەو چینە بە هۆکاری سەرەکی و بە بنەمای تێكدان و وێرانبوونی عیراق هەر لە پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو بەدەستی هێزەکانی هاوپەیمانان تا دەگاتە ئەمڕۆ دەزانن.  

ئایا حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی توانای ئەوەی هەیە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەو لایەنانە بێت، بێ ئەوەی جەنگ لە دژیان ڕاگرێت و ملکەچی ڕێکەوتن نەبێت لەگەڵیاندا؟ 

ئایا حکومەتی کازمی دەتوانێت لە ڕێگەی ئامرازەکانی میدیا و وتار بەردەوام بێت لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو میلیشیا چەکدارانەی، کە وەکو دەولەتی هاوتەریب ڕەفتار دەکەن، تا بۆ ڕای گشتی و جەماوەری ناڕازی ئاشکرای بکات کەوا ئەو مكوڕە لەسەر دەستەبەرکردنی ئارەزووەکانیان و گەڕانەوەی خەونە دزراوەکانیان و باشترکردنی بژێوی ژیانیان؟ 

تا ساتەوەختی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە حوزێرانی ٢٠٢١ تەنها هەشت مانگ لە تەمەنی حکومەتی کازمی ماوە بۆ گەڕانەوەی هیواکان. 

بەڵام ئایا ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی و سەنگەرگرتنی تایفەگەری و ڕەگەزی بەردەوام ژیان بە جەستەی ئەو ئەزموونە شکستخواردووەی حکومڕانی لە عیراق نابەخشێ، تا ببێتە مایەی بەردەوامبوونی ئەو شێوازە لە حوکمڕانی عیراق، کە زیاتر لە ١٧ ساڵە عیراقی پەکخستووە؟

هەرچەند هاوکێشەکان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بە بەراورد لەگەڵ هاوکێشەکانی پاش ساڵی ٢٠٠٣ جیاوازییان هەیە، بەڵام ئێمە دەبینین چۆن سیاسەتمەداران و حزبەکانی دەسەڵات لە عیراق هێشتا پشت بە شێوازی وتاری پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو دەبەستن.  

بە پێی ئامارەکان ڕێژەی هەژاری ٣١،٧٪ی تێپەڕاندووە و ڕێژەی بێ کاری لە ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتە ٢٧٪، واتە لە ئێستادا نزیکەی ١١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار هاوڵاتی عیراق دووچاری هەژاری و نزیکەی سێ بۆ چوار ملیۆن هاوڵاتی بێ کارن. 

شاراوە نیە کەوا بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید ١٩ گرفتەکانی ئابووری بەرخۆری لە عیراق زیاتر کردووە، بەو پێیەی حکومەت ناچار بووە لە ناوخۆ و لە دەرەوە قەرز بکات بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری. 

ئەمە لەکاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی عیراق بۆ ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە نزیکەی ٥٣ ملیۆن کەس، واتە مەترسیەکان تا دێت زەقتر دەبن و ئەگەری ئەوەش هەیە کێشەکان لە کۆنترۆڵ دەربچن. ئەگەر دیموکراسیەت لە عیراق شکست بهێنێت، ئەوا گەلی عیراق متمانەی بە حکومەت و دەوڵەت نامێنێت. بۆیە چاوەڕوانی داڕمانی دەوڵەت دەکرێت لە ئایندەدا و ڕێژەوی توندوتیژی هزری و کۆمەڵایەتی و سیاسی زیاد دەکات. 

پرۆژەی پارچەبوون و دابەشبوونی عیراق لەسەر ئاستی سیاسی ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتی بابەتێکی نوێ نیە، ژمارەیەك لە بازنەکانی بڕیار توێژینەوە و شیکاریان لەسەر کردووە. 

ئەم پرۆژەیە پاش ٢٠١٤ و بەتایبەتی پاش کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەیەکی فراوانی خاکی عیراق لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش زۆر بەرجەستەبوو، بەڵام پاش شکستهێنانی داعش لە ڕووی سەربازی و ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی لایەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە داگیرکرابوون ئەو پرۆژەیە جێ بەجێ نەکرا. بەڵام بێدەنگی نواندن لەمەڕ ئەو پرۆژەیە نیشانەی دەستبەردان لەو پرۆژەیە نیە، ئەوەی ئەمڕۆ پاڵنەر دەبێت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی دابەشبوونی عیراق ڕەفتاری هەندێ لە سەرکردە سیاسیەکانی شیعەیە لە عیراق، کە بەردەوام هەوڵ دەدەن پێکهاتە سەرەکیەکانی وەکو كورد و سوننە پەراوێز بخرێن و لە هاوبەشی ڕاستەقینە بێ بەش بکرێن.  

نەبوونی هەماهەنگی و خراپی بەڕێوەبردنی عیراقی فیدڕاڵ لە لایەن سەرکردەکانی شێعە، کە بە هۆی زۆری ژمارەیان لە حکومەت و پەرلەمان زۆرینەن و هەوڵی بەردەوامی هەندێ لەو سەرکردانە بۆ سەپاندنی ئەجیندای خۆیان بە زەبری هێز و نواندنی تاکڕەوی، بێ گەڕانەوە بۆ سازان و لێكتێگەیشتن لەگەڵ سەرکردەکانی کورد و سوننە و جیاوازی ڕوانگەی هزری ئەو سەرکردانە هۆکاری ترن بۆ دابەشبوونی عیراق لە ئایندەدا. کۆپی کردنی ئەزموونی لوبنان، کە شکستخواردووە لە عیراق سیناریۆی تۆقێنەری لێ دەکەوێتەوە. ئێمە پێمان وایە لە لوبنان دیموگرافیا و جوگرافیا و پلانە نێودەوڵەتیەکان هۆکاربوون بۆ مانەوەی ئەزموونی لوبنان بە شێوەیەکی ناسەقامگیر، بەڵام دۆخی عیراق بە تەواوی جیاوازی هەیە لەگەڵ لوبنان. 

جوگرافیای هەر سێ پێکهاتەی سەرەکی لە عیراق دابەشبووە بەسەر ناوچەیەکی جواگرافیای فراوان و دیاریکراو، ئەمە دەرفەتێکە و هانیان دەدات زۆر بە ئاسانی لەیەکتر بترازێن و دابەش بن. هەر یەك لەو ناوچانە خاوەندی سامانێکی زۆرە و دەرفەتی ئابووریەکی هاندەریان بۆ دەرخسێنێت. ئێمە پێمان وایە فاکتەری دەرەکی بوونی هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆژەی دابەشبوون، بۆ نموونە سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لەوانەیە یەكێك لەو پاڵنەرە دەرەکیانە بێت، چونکە بایدن لە ساڵی ٢٠٠٦ بە هێزەوە داکۆکی لە پرۆژەی دابەشبوونی عیراقی دەکرد و لە ساڵی ٢٠٠٧ لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگێکی زۆری لەبەرژەوەندی بەو پرۆژەیە بەدەستهێنا، ئەو لە ئایندەدا دەتوانێت جارێکی تر ئەو پرۆژەیە زیندووی بکاتەوە.  

بۆیە بەردەوامبوونی سەرکردەکانی شیعە لەسەر سەپاندنی یەك ڕەنگی و زاڵبوونی وویستی تایفەگەری بەسەر دەوڵەتی عیراق خزمەتی پرۆژەی دابەشبوونی عیراق دەکات و شەرعیەت بەو پرۆژەیە دەدات. 

کەواتە عیراق خۆی لەبەردەم دووڕیان دەبینێت و سەرکردەکانی شیعە بەرپرسیارن لە گەیشتنی عیراق بۆ ئەو دۆخە، ئەم دابەشبوونە دەتوانێت لێکەوتەی تر لەگەڵ خۆی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت، کە دەربازبوون لێی کارێکی ئاسان نابێت. ئەو هەستەی لای پێکهاتەی كورد و سوننە درووست بووە، کە بەردەوام لە لایەن شیعە وەکو زۆرینە پەراوێز دەخرێت، ئەوەش بووە بە هۆکاری نەمانی متمانە بە دەسەڵاتی شیعە لە ناو حکومەتی عیراق، کە دواجار سیناریۆی خزانە ناو ئایندەیەکی نادیار بەرهەم دەهێنێت.   

نابێت ئەو ڕاستیەشمان لە بیربچێت، کەوا گەلی کوردستان ماوەیەكی درێژە ماندوونەناسانە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی خەبات دەکات. لە ڕابردوودا هێرش و پەلامار و ئەنفالکردن و کیمیابارانکردن نەیتوانیوە چۆکی پێ داهێنێت، یان وای لێ بکات دەستبەرداری مافە ڕەواکانی بێت و ئێمە پێمان وایە ڕۆژی سەربەخۆیی و ئازادی گەلی کوردستان نزیکە. 

 




دوایین هەواڵەکان

پەیامی سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی بۆردومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 10:04:10

ھەولێر-KDP.info- رۆژی چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەنجایەمین ساڵیادی بۆدومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە،

 
په‌یامێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 09:04:30

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان  په‌یامێكی له‌ یادی (50) ساڵه‌ى شه‌هیدبوونى ده‌یان قوتابى و مامۆستاى زانكۆى سلێمانى و هاووڵاتیانى سڤیلى قه‌ڵادزێ بڵاوكرده‌وه‌.

 
سەرۆکی حکوومەت لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێرێت

TUESDAY, 23 APRIL 2024 22:04:47

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای تەرخانکردنی دارایی دەکات بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان.

 
حزبەکانی کوردستان بۆ KDP: سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا گرنگی پێگەی کوردستان دەردەخات

TUESDAY, 23 APRIL 2024 21:04:02

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسانی باڵای حزبی سۆسیال دیموکرات و بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی زەحمەتکێشان، سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ھەولێری پایتەختی کوردستان بەگرنگ دەزانن لەم كاته‌دا، ھاوکات پێشیان وایە، دەوڵەتی تورکیا پێگەی ھەرێمی کوردستانی لا گرنگە و دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ فراوان بکات لەڕووی دیبلۆماسی و سیاسی و ئابووری.

 
سەرۆكایەتی هەرێم و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنیان كرد

TUESDAY, 23 APRIL 2024 20:04:51

ھەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسێكی باڵای یۆنامی، تاوتوێی كێشە و بەربەستەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەروەها كورسی پێكهاتەكان كرا.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact