ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچووونی ئەنجومەنی وەزیران گوتی، جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بەردەوامە و بەردەوامیش دەبن لە ھەموو بوارەکاندا تا دواخاڵی جێبەجێ دەکرێت، چونکە ئەو یاسایە پەیڕەو و ڕێنماییی زۆرە، بۆیە ناتوانن کاتی کۆتایی دیاری بکەین.
دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچووونی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، دوای ئەوەی ڕاپۆرتی سێ مانگی یەکەممان ئاراستەی پەرلەمان کرد بەردەوامین لە جێبەجێکردنی یاساکە و بەردەوامیش دەبین لە ھەموو بوارەکانی تاوەکو بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت."
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچووونی ئەنجومەنی وەزیران گوتیشی: "ھەنگاوەکان خێراتر دەکەین و یاساکە جێبەجێ دەکەین، چونکە لە پەرلەمان بۆ ئێمە ڕەوانە کراوە و ئێمەش جێبەجێی دەکەین و کارکردن لەو یاسایە بەردەوامە تا دواخاڵی جێبەجێ دەکرێت."
گوتیشی: "یاساکە زۆر بوار لە خۆی دەگرێت، بۆیە ناتوانین کاتێک دیاری بکەین بۆ ئەوەی کەی دەتوانین یاساکە بەتەواوی جێبەجێ بکەین، لە ١/٧ دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و دەیان ڕێنمایی و ڕێکاری پێویستە، ھیچ یاسایەک ھێندە پەیڕەو و ڕێنماییی تێدا نییە، بۆیە کاتی پێویستە."
بڵند ئیبراھیم