ئامێدی -KDP.info- قایمقامی قەزای ئامێدی گوتی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی ٤٧ پڕۆژەی گەورە و بچووک داوە و پارەیشی بۆ تەرخان کراوە و لەم چەند ڕۆژەدا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکرێت و ئەو پڕۆژانەش لە سەنتەری ئامێدی و ھەر شەش ناحیەکەی سەر بە ئامێدی جێبەجێ دەکرێن.
قایمقامی قەزای ئامێدی، ئیسماعیل مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٥٣ ملیاری تەرخان کردووە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێڵەیی کە لە نێوان شێلادزێ و دێرەلووک بۆ ھەموو ناوچەکە دروست دەکرێت و ٢٨ ملیار دیناری بۆ پڕۆژەی جۆراوجۆر تەرخان کردووە لە سەنتەری قەزا و شەش ناحیە و ١١٢ پڕۆژە بۆ سەنتەری قەزا و پێنج ناحیە، کە ١٤٧ پڕۆژە بە بڕی ٢٨ ملیار دینار سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندیی لەسەر داون.''
ئیسماعیل گوتیشی: "ئەو پرۆژانە بریتین لە ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا و ڤێتەرنەری و ئەو پڕۆژانەی پێویستن بۆ ناوچەکە، بۆیە ھەرچی پڕۆژە پێشکەشی سەرۆکی حکوومەتمان کرد ڕەزامەندیی لەسەر داوە."
قایمقامی قەزای ئامێدی ڕوونیشی کردەوە: "ئێستا ئامادەکاری دەکرێت و تەنھا ڕێکاری تەکنیکی ماوە بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بکرێت، بۆیە پڕۆژە بچووکەکان ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکرێن و پرۆژە گەورەکانیش لە ڕێگەی تەندەرەوە جێبەجێ دەکرێن.''
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ماوەیەکە دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان کردووە و لە ھەموو ناوچەکان پڕۆژەی خستووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
بڵند ئیبراھیم