هەولێر-KDP.info- وەزارەتی کارۆباری کۆمەڵایەتی سیستەمێکی نوێی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی مینحەیەکی مانگانە بەسەر خێزانە ھەژارەکاندا دابەش بکرێت و بریکاری وەزارەتەکەش دەڵێت، ڕەوشی دارایی ئاسایی ببێتەوە خێزانە ھەژارەکان سوودمەند دەبن لە پارەی حکوومەت.
زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش ساڵی ٢٠١٥ پڕۆژەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکرا و خەڵکێکی زۆر تێیدا سوودمەند بوون، بەڵام دوای قەیرانی دارایی خەرجکردنی مینحەکە ڕاگیراوە و گلەیەکی زۆریش لەسەر ھەبوو، چونکە خەڵکێک تێیدا سوودمەند بوو، کە ڕەوشی دارایییان باش بووە، لەبەر ئەوەش پێویست بوو گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.''
بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: "وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بە ھاوکاریی وەزارەتی پلاندانان و دوو ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، ڕەشنووسی سیستەمێکی نوێی بۆ خەڵکی ھەژار ئامادە کردووە و بڕیارە دوای دیاریکردنی پێوەرەکانی ھەژاری سیستەمەکە پەسەند بکرێت و خێزانە ھەژارەکان دیاری بکرێن."
زەکیە سەید ساڵح جەختی کردەوە: "ھەر خێزانێکی ھەژار مەرجی ھەژاریی تێدا ھەبێت و لەگەڵ سیستەمی نوێ بگونجێت، ئەوە مانگانە مینحەیەکی بۆ خەرج دەکرێت لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە."
پەیوەست بە کاتی دابەشکردنی ئەو مینحەیە، زەکیە سەید ساڵح دەڵێت: "بێگومان کاتەکەی دیار نییە کەی دەبێت، چونکە ئەمە پەیوەستە بە ڕەوشی داراییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، باوەڕم وایە ڕەوشی داراییی حکوومەت ئاسایی ببێتەوە، ئەوکات مینحەکە بە خێزانە ھەژارەکان دەدرێت و سیستەمەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
قائید میرۆ