ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و خەریكە تەوا بێت، كە لە ئێستادا ٩٨% وەرگیراوە و، پارەی وەجبەی یەكەمیش گەیشتووە و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
نەوزاد ئەدھەم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، سایلۆكانی ھەرێمی كوردستان بەردەوامن لە وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەی حكوومەتی عێراق بۆ جووتیارانی ھەرێمی دیاری كردبوو و لە ئێستادا ٩٨%ی گەنمەكە وەرگیراوە، لە چەند رۆژی داھاتووشدا ھەموو گەنمەكە وەردەگیرێت، كە ٣٩٠ھەزار تۆنە.
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتیشی، ئەو چەكی پارەیە كە پێش جەژن گەیشتبوو و ھەشت ملیار دینار بوو، وەكو وەجبەی یەكەمی پارەی گەنمی جووتیاران، ئێستا پارەكەش گەیشتووە و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت، بە جۆرێك بۆ ھەولێر دوو ملیار و بۆ سلێمانی سێ ملیار و بۆ دھۆكیش سێ ملیار دینارە.
ئەدهەم دەشڵێ، ئەمە وەجبەی یەكەمە و بڕیارە وەجبەی دیكەی پارە رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكرێت، تاوەكو ھەموو پارەكە رەوانە دەكرێت.
بڵند ئیبراھیم