Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 19 APR 2024 08:54 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

دکتۆر موسڵح: زانکۆی سۆران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خاوەنی تۆڕێكی جەنجاڵی پەیوەندیی ئەكادیمیی دوولایەنەیە
| KDP.info


سۆران -KDP.info- زانکۆی سۆران یەکێکە لە زانکۆ گشتییەکانی ھەرێمی کوردستان، کە لە ئۆكتۆبەری 2009 دامەزراوە. لە ماوەی دەیەی یەکەمی تەمەنیدا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش گەشەی کردووە و بووەتە جێگەی سەرنج و گفتوگۆ لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان. زانکۆی سۆران لە هەموو خولەکانی ڕیزبەندی نیشتمانیی زانکۆکانی کوردستان کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی کوردستان ساڵانە بۆ پۆڵێنکردنی زانکۆ حکوومی و تایبەتەکان ئەنجام دەدرێت، یان یەکەمی سەر ئاستی زانکۆکان بووە، یان لە گرووپی زانکۆ یەکەمەکان بووە. ئەمە بۆ زانکۆیەک کە تازە دە بەهاری یەکەمی تەمەنی تەواو کردووە پێشکەوتنێکی گەورەیە و هی هەڵوەستەلەسەرکردن و تێڕامانە. ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ بەڕێز د. موسڵح مستەفا، دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆکی زانکۆی سۆران ئەنجام داوە بۆ ئەوەی ڕۆشنایی بخاتە سەر ئەو هۆكارانەی كە لەپشت پێشەنگبوونی زانكۆكەوەن و گرنگترین ئەو دەستكەوت و تایبەتمەندییانەش باس بكات كە زانكۆی سۆرانیان بەم ئاستەی ئێستای گەیاندووە.

دیمانەیەکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ دکتۆر موسڵح مستەفا، سەرۆکی زانکۆی سۆران.

پرسیار: زانکۆی سۆران لە ماوەیەکی کەمی تەمەنیدا و لە ناوچەیەکی جیاواز توانیی کێبرکێی زانکۆ کۆنەکانی ھەرێمی کوردستان لە بواری زانستی و پیشكەوتندا بکات. ھۆکاری سەرەکی ئەو هاتنەپێشە خێرایە چییە و چۆن لەو ماوە کورتەی تەمەنیدا زانکۆی سۆران ئاوا باڵای کرد؟

د. موسڵح مستەفا: هۆکار زۆرن ئەگەر باسیان بکەین، بەڵام با تەنیا هەڵوەستە لەسەر چەند دانەیەکیان بکەین کە ڕەنگە سوودی هەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ خوێنەران و ئەوانەی لە ئەکادیمیا و ئیدارە کار دەکەن، شەیر بکرێن. یەکەم هۆکار و كاریگەرترینیان شێواز و میتۆدی كاركردنی زانكۆی سۆرانە بە شێوازی تیم و شۆڕكردنەوەی ئەم مكانیزمەیە بۆ هەموو ئاستەكان. تیمی زانكۆی سۆران بەگشتی لە دەوری یەك ستراتیژ و ئامانج كۆ بوونەتەوە، كە سەرجەمیان بۆ خزمەتكردنی ئەم ئامانجە خۆیان تەرخان كردووە و لێنەبڕاوانە كار دەكەن. ئامانجەكەش، كە لە هەمان كاتدا وەكو سڵۆگانی زانكۆكەی لێ هاتووە، خزمەتكردنی هەمیشە زیاتر و باشتری وڵاتی خۆمانە لە ڕێگەی پێگەیاندنی كادیری ئەكادیمیی باشئامادەكراو و پڕچەككراو لە زانست و لێهاتوویی كە هەم بۆ بازاڕی كاری كوردستان بگونجێت و هەمیش خزمەتی باشتری ئایندەی قوتابیانمان و وڵاتەكەیشی پێ بكرێت.

هەربۆیە دەتوانم نهێنیی سەركەوتنەكانی زانكۆكە لە كاركردن بە شێوازی تیمدا كورت بكەمەوە. هەڵبەت ئەم شێوازەش نە دروستكردنی خودی تیمەكە ئاسان بووە، نەك ئیدارەدان و درێژەپێدان و جێگیركردنیشی. هەمیشە تۆكمەتركردنی تیمی زانكۆی سۆران پرۆسەیەكی بەردەوامە و هەمیشە لە هەوڵی ئەوەداین كە تیمەکە بەهێزتر و بەتواناتر بكەین و بەردەوامین بەدوای گەڕان و هێنانە پێشەوەی توانای بەرز و خوێنی نوێ. ئەمەش مەرج نییە بە هێنانی كەسانی دیكە بێت لە دەرەوە، بەڵكو زیاتر پشتمان بە خۆمان بەستووە و لەو توانستە مرۆییەی كە هەمانە. لە لایەك هەوڵی ڕەخساندنی دەرفەت دەدەین بۆ ستافی خۆمان بۆ ئەوەی باشتر لە بوارەكەی خۆیاندا خۆیان بەتواناتر بكەن، لە لایەكیش بواری كاركردن و ئەرك و پۆست و بەرپرسیارێتییان، لەسەر بنەمای لێهاتوویی و كارامەیی بۆ دەڕەخسێنین. بۆیە هەمیشە پێوەرەكان لێرە لێهاتوویی و شارەزایی و كارامەییی خودی كەسەكانن كە بوونەتە پێوەری كێبەركێی دۆستانە، ئەمەش كەشێكی ئەوتۆی هێناوەتە ئاراوە كە تەواوی ستافی زانكۆ هەمیشە لە هەوڵدان و كێبەركێیەكی دۆستانەدا بن بۆ ئەوەی زیاتر خۆیان پێش بخەن، بۆ ئەوەی هەمیشە زیاتر بچنە پێش و دەرفەتی بەرپرسیارێتی و هەڵكشانیان زیاتر بێت.

خۆشبەختانە وزە و توانستێكی بەجۆش و خرۆشی لاوانە لە زانكۆی سۆراندا كە بووەتە داینەمۆی بەردەوامیی هەڵكشانی توانای مرۆییمان، بەڵام وەك ئاماژەم پێ دا، ئەو دەرفەت و زەمینەسازییە ڕەخسێنراوە كە ئەم توانا گەنجانەیە پەرە بسێنێت.

فاكتەرێكی دیكەی پێشكەوتنی زانكۆی سۆران پەیوەندی بە بیركردنەوە و ئایندەبینییەوە هەیە. لە زانكۆی سۆران هیچكات ڕێگە و بوار بە پاسا و بەربەستەكان نادرێت كە ڕێگریی لەبەردەم هەنگاوەكانمان و كاركردنی بەردەواممان لەسەر كار و پلان و پرۆژەكانمان دروست بكات. لێرە ئێمە هەمیشە زانكۆكەمان بە بەهێزتر لە كۆسپ و لەمپەرەكان دەزانین و هیچ كاتیش هیچ دەرفەتێك بە بڕوبیانو و پاساوهێنانەوە بۆ ساردبوونەوە و كارنەكردن نادەین. ئەمەش لە میانەی فەلسەفەیەكی لۆژیكییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەویش دروستكردنی دەرفەتە لە قەیران و قۆستنەوەی تەنگانەكانە بۆ ئەزموونكردن و هێنانەكایەی ئەزموونی نوێ. بۆیە لە زانكۆی سۆران هەمیشە دیوە پڕەكەی پەرداخەكە دەبینین و تیمەکەشمان لەسەر ئەوە ڕاهاتوون کە هەمیشە دیوە گەشەکانی هەموو کار و پرۆسەیەک ببینن بۆ ئەوەی بتوانین کار بکەین. كەواتە كاتێك تۆ پێداگیر و مكوڕ بووی لەسەر ئەوەی كە دەبێ ئەو ئامانجەی كە دەتەوێت هەر بەدی بهێنیت، كە دڵسۆز و خەمخۆری و خۆشەویستیشت بۆ كارەكەت هەبوو، دڵنیا بە هیچ گرفتێك، هیچ قەیران و بەربەستێك نابنە ڕێگر لە بەردەمتدا، تا ئەوكاتەی مەگەر قەیرانەكان بكەی بە پاساوی كارنەكردن.

هۆکاری دیکەش بێگومان زۆرن، بەڵام ئەم دوو هۆکارە کە لە ڕاستیدا ڕەنگە كاریگەرترینی فاكتەرەكان بن و یەکتری تەواو بکەن. كە دەكرێت ببنە کلیلی سەرکەوتنی هەر دامەزراوەیەک.

پرسیار: ئەی هۆکاری دارایی؟ ئایا ئێوە بە شێوەیەکی تایبەت لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتی کراون؟ واتە ئایا ئەو بڕە بودجەیەی بۆ زانکۆی سۆران تەرخان کراوە زیاتر و تایبەتتر بووە لە بودجەی زانکۆکانی دیکە؟

د. موسڵح مستەفا: ئەم پرسیارم زۆر پێ خۆشە. بە هیچ شێوەیەک یەک دیناری تایبەت و زیاتر لەوەی بۆ زانکۆکانی دیکە تەرخان کراوە، نەدراوەتە زانکۆی سۆران. بەپێچەوانەوە، ئەو دەرفەتەی زانکۆکانی دیکە هەیانبووە بۆ سوودوەرگرتن لە پێگەی جوگرافی و بوونی سەرمایەداری گەورە و کۆمپانیای نێودەوڵەتی و ڕێکخراو و بەخشەری نێودەوڵەتی لە شارە گەورەکان، زانکۆی سۆران ئەوەیشی نەبووە بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە ناوچەیەکی دوورەدەست کە ئەو تایبەتمەندییانەی لە سەرەوە ئاماژەم بۆ کردن لە ناوچەکەی ئێمە نین.

جیاوازییەكە ڕەنگە، وەكو پێشتریش ئاماژەم پێ دا، پەیوەندیی بە دنیابینییەوە هەبێت. ئێمە لەوانەیە بوودجەمان لە هەندێك پرۆژە و هەنگاودا خەرج كردبێت كە دواتر دەرەنجامەكانی دەركەوتوون و بوونەتە خاڵی جیاكەرەوە. یانیش واقیعیبوون و ئەوپەڕی سوودمەندبوون لە توانستی داراییی بەردەست. ئێمە هیچكات پرۆژەیەك لەسەر ئەوەی كە توانای داراییمان سنووردارە، یان كەمە ڕاناگرین تا ئەوكاتەی توانا داراییەكەمان باش دەبێت، لە چوارچێوەی ئەوەی كە هەمانە ئەوپەڕی سوودی لێ وەردەگرین و بەگەڕی دەخەین.

خاڵێكی دیكەش كە پێویستە ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە كە هیچكات مەرج نییە بودجەی گەورە و زەبەلاح دەستكەوت و ئامانجی زەبەلاحی پێ دەستەبەر بكرێت و بەپێچەوانەشەوە. كەواتە لێرەدا و لە پرسی توانستی و داراییدا ئەوەی گرنگە چۆنیەتیی بەكارهێنان و خستنەگەڕی ئەو بوودجەیەی كە لەبەردەستە گرنگە، نەك چەندایەتی و ژمارە. نموونە زۆرن كە سەلمێنەری ئەم ئارگیۆمێنتەی منن لە زانكۆی سۆران. بەڵام ئەگەر تەنها ئاماژە بە نموونەیەك بدەم. ئێمە پرۆژەی گەورەترین و جیاوازترین و ناوازەترین كەمپەسی زانكۆییمان لە تەواوی كوردستان و عێراق و تەنانەت ناوچەكەشدا بەگشتی هەیە. ماستەرپلانەكەی لەلایەن باشترین كۆمپانیا جیهانییەكانەوە كراوە كە تەنها چەند هەزار دۆلارێكی زۆر كەممان تێدا خەرج كردووە، لە كاتێكدا تێچووی كارێكی هاوشێوە، ئەگەر بەو میكانیزمی كاركردنەی ئێمە نەبێت، لەوانەیە ملیۆن، یان چەند ملیۆن دۆلار بێت. یانیش پرۆژەی كەمپەسی ئەلیكترۆنی زانكۆی سۆران، كە دەرفەت هەبێت دواتر زیاتر باسی دەكەم، یەك لە گەورەترین پرۆژە ستراتیژییە ئەكادیمییەكانە و یەكەمین زانكۆین كە پرۆژەیەكی لەم شێوەیەمان بە ئەنجام گەیاندبێت، یەك دینار قورساییی نەخستووەتە سەر بوودجەی گشتی و بۆی خەرج نەكراوە.

پرسیار: ئێوە زانکۆیەکی حکوومیی لۆکاڵن، بەڵام دەگوترێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێگەتان بۆ خۆتان دروست کردووە، ئەمە چۆنە؟

د. موسڵح مستەفا: ئێمە زانکۆیەکی کوردستانیی لۆکاڵین و تەمەنیشمان تەنیا یەک دەیەیە. بەڵام خاوەنی ڤیژن و دنیابینییەكی جیهانین و تێڕوانینێكی گەورە و دوورمەودامان هەیە. كەواتە وشەی "لۆكاڵ" تەنها بە ڕەهەندە جوگرافییەكەی وەردەگرم، ئەگینا لە هەنگاونان و بیركردنەوەدا لە ئاستێكی جیهانیداین. دروستە ئێمە لە كوردستانین. لە كوردستانیش لە ناوچەیەكی دووردەست و دوور لە پایتەخت. بەڵام لە ماوەیەكی زۆر كەمدا توانیومانە تۆڕێكی جەنجاڵی پەیوەندیی ئەكادیمی لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە بەناوبانگەكانی جیهاندا دروست بكەین. پەیوەندییەكانیشمان ئێستا گەیشتووەتە سەرجەم كیشوەرەكانی جیهان، لە ئەوروپا و ئوسترالیا و ئەمەریكا و ئاسیا و ئەفریقاش. پەیوەندییەكانیش لەسەر ئاستی هەماهەنگی و یادداشتی لێكگەیشتن و ئەنجامدانی كار و پرۆژەی هاوبەشن.

لێرەشدا فەلسەفە و بیركردنەوەی ئێمە جیاوازە، ئێمە وا بیر دەكەینەوە كە زانكۆیەكی پێشكەوتووی جیهان بۆچی پێش كەوتووە و گەیشتووەتە ئەم ئاستە و ئێمە بۆ نەگەین؟ ئەوان بۆچی دەتوانن كاری بەرزی ئەكادیمی بكەن و ئێمە بۆچی نەتوانین؟ ئەوان بۆچی توێژینەوەی باش و كاریگەر ئەنجام دەدەن و ئێمە بۆچی ئەنجامی نەدەین؟ ئەوان چییان هەیە و ئێمە نەمانبێ؟ لێرەدا ئێمە واقیعین دەزانین لەوانەیە لە زۆر ڕووەوە بەراوردەكە لۆژیكی نەبێت، بەڵام سەرەنجام بە سوودوەرگرتنی ئەوپەڕی لە توانست و لێهاتووییە مرۆییەكان دەستكەوتەكانیش گەورە و مەزن و لە ئاستی جیهانیدا دەبن. هەر ئەمەشە وای كردووە كە زانكۆی سۆران بتوانێت بگاتە ناوەندە بەناوبانگەكانی دنیا و لەوێ كۆڕ و سیمنار و كۆنفرانس ساز بكات. توێژەرانمان دەتوانن لە باشترین گۆڤارە زانستییە نێودەوڵەتییەکان توێژینەوە بڵاو بكەنەوە. ئێمە یەکەم زانکۆ بووین لە کوردستان بایەخمان بە کواڵیتیی توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی لەو گۆڤارانەی خاوەن فاکتۆری کاریگەری Impact Factorن، دا. بۆیە ئێستا بە خۆشحاڵییەوە زانكۆی سۆران هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خاوەنی تۆڕێكی جەنجاڵی پەیوەندیی ئەكادیمیی دوولایەنەیە، هەمیش لە ناوەندی ئەكادیمی جیهانیدا ناوێكی ئاشنایە.

پرسیار: ئەمساڵ بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی لەسەر تەواوکردنی ساڵی خوێندن دروست بوو، ئێمە دەمانبیست کە زانکۆی سۆران ئامادەکاریی باشی کردووە و باستان لە پلانی دیکەی تەواوکردنی ساڵی خوێندن دەکرد کە خوێندنی ئەلیکترۆنی بوو. بۆمان باس بکە ئەم پرۆسەیە چۆن بوو؟

د. موسڵح مستەفا: جارێ پێش هەموو شتێک، خوێندنی ئەلیکترۆنی بۆ تەواوکردنی ساڵی ئەکادیمی ٢٠١٩-٢٠٢٠ ڕێوشوێنێکی ناچاری بوو، چونکە هەموومان دەزانین کە بەهۆی مەترسی و لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆڤید-19 و پەتای کۆرۆناوە نەدەكرا ڕیسك بە تەندروستیی قوتابیانمان و ستافی زانكۆمان بكەین و بچینەوە نێو كەمپەس. لە هەمان كاتیشدا نەدەكرا چارەنووسی یەك ساڵی خوێندن و ماندووبوونی ستاف و قوتابیانمان بە نادیاری بسپێرێن. بۆیە كاتێك لە ١١ی مانگی ئادار بەفەرمی دەوامی زانکۆکان ڕاگیرا، ئێمە وەکو ئەنجومەنی زانکۆی سۆران لە ١٧ی ئادار دەستمان بە کۆبوونەوە بە شێوەی ئۆنلاین کرد بۆ ئەوەی ئەگەرەکان هەڵبسەنگێنین و ئامادەکاری بۆ بژاردە جیاوازەکان بکەین. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو توانستە ئەلیكترۆنییە بەهێزەی كە هەمانە و ئەو ژێرخانە تەكنۆلۆژییە تۆكمەیەی كە هەمانە، كە لە سەرەتاكانی دامەزراندنی زانكۆوە كارمان لەسەر كردبوو، وەكو ڕێگەچارەی بەدیل پێشنیازی خوێندنی ئەلیكترۆنیمان كرد.

خاڵێك هەیە دەبێت ڕوونی بكەمەوە، ئێمە هەر لە سەرەتاوە پێمان وابووە كە زانكۆیەكی باش و پێشكەوتوو بەبێ سوودوەرگرتنی تەواوەتی لە زانست و تەكنۆلۆژیای سەردەم پێش ناكەوێت و لە كاروانی كێبەركێی خێرای جیهانیدا بەجێ دەمێنێت. بۆیە هەر لە سەرەتاوە كارمان لەسەر ژێرخانی ئەلیكترۆنی كردووە. یەكەمین زانكۆی كوردستانیش بووین كە لە ساڵی 2013ـەوە كارمان لەسەر دروستكردنی كەمپەسی ئەلیكترۆنیی زانكۆ كردووە. سەرەنجامیش قەیران و گرفتە داراییەكان هەنگاوەكانی لەم بوارەدا لێ خاو كردینەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە نۆڤەمبەری 2019ـدا كەمپەسەكە بەكار خرا. ئەم كەمپەسە دەیان تایبەتمەندیی مۆدێرن و كارئاسانی و دەرفەتی نوێی بۆ قوتابیان و مامۆستایانمان تێدایە، كە یەكێك لەوانە شێوازی خوێندنی ئەلیكترۆنییە.

مامۆستایانی ئێمە لەسەر بەكارهێنانی سیستەمەكە و كەمپەسەكە ڕاهێنراون. ئاست و توانستی تەكنۆلۆژیی ئێمە لە ئاستێكدایە كە دەتوانین بیخەینە خزمەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكانی دیكەشەوە، بۆ ئەوەی هاوكار و دەستباری یەكتر بین كە هەم قۆناغەكە تێ پەڕێنین و هەمیش ئەم قەیرانە بقۆزینەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی نوێی لێی دروست بكەین. كە مەسەلەی بەكارهێنان و سوودمەندبوون لە خوێندنی ئەلیكترۆنی دەكرێت یەكێك بێت لە دەرفەتە زێڕینەكان. ئەم ئامادەییەشمان چەندین جار بەفەرمی ڕاگەیاندووە.

ئێمە یەكەمین زانكۆ بووین كە ئامادەییمان بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن بە شێوازی ئەلیكترۆنی ڕاگەیاند و بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا بەفەرمی پێش هەر زانکۆیەکی دیکە لە 17ی نیسان دەوام لە زانکۆی سۆران بە شێوەی ئەلیکترۆنی پاڵپشتیکار دەستی پێ کردەوە. ئەمە ئەزموونێکی نوێ بوو بۆ مامۆستایان و قوتابیان، بەڵام تیمی تەکنیکیی کەمپەسی ئەلیکترۆنیی زانکۆ ئازایانە بەردەوام لەسەر هێڵ بوون بۆ ئەوەی هەر کێشەیەک دێتە ڕێگا هەر زوو چارەسەری بکەن. لە ڕووی کێشە لە لای قوتابیانەوە، ئێمە توێژینەوەمان کرد و لە کۆی نزیکەی 5900 قوتابی زانکۆ تەنیا 300 قوتابی کێشەی جۆراوجۆری وەکو نەبوونی ئینتەرنێت، نەبوونی ئامێری زیرەکیان هەبوو. ئەو كێشانەشمان بە مشورخۆریی و هەماهەنگی تیمەكەی خۆمان چارەسەر كرد و سەركەوتووانە دەست بە خوێندن كرایەوە.

ئێستا کە هەڵسەنگاندنی کۆتاییی ساڵی 2019-2020 لەسەر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی وەزارەت و زانکۆمان بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوون، هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەین کە لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا بە ئامادەکاری و خوێندن، توانیمان لێهاتووییی تەکنیکی مامۆستایان و قوتابیانمان ببەینە ئاستێکی یەکجار بەرز. ئەوەی لەو سێ مانگە ئەنجام درا و و بەدی هات، ڕەنگە لە باری ئاساییدا پێویستی بە ساڵێک هەبووبێت. ئەوەش هونەری وەرچەرخاندنی تەنگەژە و کێشەیە بۆ دەرفەت کە هەمیشە لە زانکۆی سۆراندا پیادە کراوە.

پرسیار: لەنێو ئەو دۆخە تایبەتەی کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دروست بووە، ئاستی توێژینەوە و چالاکییەکانی زانکۆتان چۆن بوو؟

د. موسڵح مستەفا: لەپاڵ ئەوەی تەواوکاری خوێندن بە شێوەی ئەلیکترۆنی بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوون، ئێمە چالاکییەکانی دیکەی خۆشمان کردنە ئەلیکترۆنی و مۆدێلێکی نوێمان پیادە کرد. بۆ نموونە، وەکو ساڵەکانی پێشوو دیداری زانکۆی سۆرانمان بەڕێوە برد، بەڵام بە ئەلیکترۆنی، هەروەها شەشەمین کۆنفرانسی زانستیی قوتابی بە ئاستێکی گرنگ بە ئۆنلاین بەڕێوە چوو. لەپاڵ ئەمانە لەسەر ئاستی فاکەڵتییەکان وۆرکشۆپ و سیمیناری جۆراوجۆر هەر بە ئەلیکترۆنی بەڕێوە چوون.

خوێندن و گفتوگۆکانی ماستەر و دکتۆرا بە ئەلیکترۆنی بە بەردەوامی بەرێوە دەچن و هیچ کێشەیەک نییە. واتا کارەکانی زانکۆ نەک نەوەستاون، بەڵام بە مۆدێلێکی دیکە و بە خێراتر چالاکییەکانمان دەچنە پێشەوە.

ئەم ئەزموونە لە ماوەی چەند مانگێک زانکۆمانی بردە ئاستێکی باڵاتر. ئێستا بە ئاسانتر و بە کەمترین خەرجی دەستمان دەگاتە باشترینەکانی دنیا بۆ ئەوەی بێن و لە گفتوگۆکانی ماستەر و دکتۆرای زانکۆی سۆران ببنە ئەندام، یان بۆ قوتابیان و مامۆستایانمان سیمینار بکەن. ئێمە بە تەواوی دۆخەکەمان بۆ دەرفەتی گەورە بۆ گۆڕانکاری و گەشەی خێرا گۆڕیوە.

پرسیار: ئەمساڵی خوێندن وا تەواو بوو، پلان و ئامادەکاریی زانکۆی سۆران بۆ خوێندنی ساڵی داھاتوو چییە؟

د. موسڵح مستەفا: زانکۆی سۆران خاوەن کەمپێکی جوانە، کە چواردەوری بە زنجیرە چیاکانی ناوچەکە دراوە، ئێمە لە دڵەوە حەز دەکەین هەموومان پێکەوە بڕۆینەوە ناو کەمپ و ساڵی نوێی خوێندن لەوێ بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە بچێت.

ئەوە خواستی هەموومانە. بەڵام بەگوێرەی تایبەتمەندیی دۆخەکە کە هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و لێکەوتەکانی لە هەڵکشاندان، چاوەڕێ ناکرێت ئەو دۆخە وا بە نزیکی ئاسایی ببێتەوە. بۆیە ئێمە بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەکاریی تەواومان کردووە و خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر بە چارەنووسی قوتابییەکانمان و دەستەوەستان ناوەستین. لە هەمان كاتیشدا خۆمان بە بەرپرسیار بەرامبەر بە تەندروستی و سەلامەتیی قوتابیان و ستافی زانكۆ دەزانین.

بۆیە هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە و بەرچاومان ڕوونە بۆ ئەگەرەكان. ئێستا لە ڕووی واقیعییەوە، پلانی بیی ئێمە ئەوەیە کە تا بارودۆخ ئاسایی دەبێتەوە، لە سەرەتای مانگی ئەیلوول خوێندن بە ئەلیکترۆنی دەست پێ بکاتەوە و کاتی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دوا نەخرێت. بۆ ئەمەش هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە.

پرسیار: ئێوە لەو ڕیزبەندییە نیشتمانییەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ساڵانە ئەنجامی دەدات بۆ پۆڵێنکردنی زانکۆکانی کوردستان، هەمیشە یان یەکەمن، یان لەگەڵ چەند زانکۆیەکی دیکە لە گرووپی یەکەمن. پرسیارەکە ئەوەیە لەپاڵ خوێندن و پێگەیاندنی لاوان، زانکۆی سۆران چی پێشکەشی کوردستان کردووە؟

د. موسڵح مستەفا: من وەك لە سەرەتادا ئاماژەم پێ دا، خزمەتكردنی باشتر و پتری كوردستان هەم مۆتۆی زانكۆی سۆرانە هەم چوارچێوەی گشتیی هەنگاو و میكانیزم و بڕیارەكانیشیەتی. سەرەنجام هەموو ئەوەی ئێمە ئەنجامی دەدەین لە خزمەتی ئەم فەلسەفە و ستراتیژییەتەدایە، بەڵام ئێمە وەك دامەزراوەیەكی ئەكادیمی سروشتی ئەرك و كاری خۆمان دەزانین. دەزانین كە خزمەتكردنی كوردستان بە پێگەیاندنی نەوەیەكی باشئامادەكراو و پڕچەككراو بە زانست و توانست و لێهاتوویی، خزمەت بە وڵات دەگەیەنێت. دەزانین بە چەسپاندنی دڵسۆز و ڕەنگدانەوەی ئەم دڵسۆزییە بۆ كار و وڵاتی خۆتان لە ئەدای ستافی زانكۆ و مامۆستایاندا، كاریگەریی لەسەر دنیابینی قوتابینمان دەبێت و لێیان دەبێتە مۆركێكی نەگۆڕ و لەداهاتوودا لە هەر پلە و ئەركێكدا بن و هەر كارێك بكەن بە دڵسۆزی و خۆشەویستییەوە ئەنجامی دەدەن. زیاتر لەوەش لە زانكۆی سۆران ژمارەیەكی زۆر بەرچاو لە كەسانی لێهاتوو و شارەزا و پسپۆڕی بوارە جیاوازەكان هەن كە لە زانكۆ باشەكانی دنیاوە بڕوانامە و ئەزموونیان وەرگرتووە، هەر یەک لەو پسپۆڕانە دەتوانن ببنە سەرچاوەی ڕاوێژ و بیرۆکە بۆ دامەزراوە دەوڵەتییەکان لە کوردستان. بەو پێیەی زانکۆی سۆران زانکۆیەکی حکوومییە، ئێمە بە ئەركی خۆمانمان زانیووە کە هاوکاری دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەتیش بکەین و لە سێکتەرە جیاوازەکان کارا بین. لە زانکۆی سۆران چەند سەنتەرێک هەن کە کاری زانستی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و بەرهەمەکانیان بە شێوەی جۆراوجۆر دەبنە خزمەت بۆ حکومەت و کۆمەڵگەکەمان. بۆ نموونە ئێمە سەنتەری توێژینەوەی زانستیمان هەیە کە لە بواری پسپۆڕی جۆراوجۆر خەریکی توێژینەوەی گرنگن. لە ڕێی پسپۆڕانی ئەو سەنتەرە و کەرستەکانیان لە ماوەی ڕابردوو توانیمان وەکو یەکەم زانکۆ سەنتەری پشکنینی نەخۆشی کۆرۆنا لە شاری سۆران بە هاوکاریی وەزارەتی تەندروستی بکەینەوە کە هاوکارییەکی گەورەی وەزارەتی کرد بۆ ئەوەی پشکنین بۆ خەڵکی سنووری حەوزی سۆران بکات و تا ئێستاش لە خزمەتکردن بەردەوامە.

تیمی دیکەمان هەن لە بواری جیۆلۆجی و نەوت کاران، لەم ماوەیە توێژەرێکی دیکەمان دکتۆرای لە بواری کانزاکان بەدەست هێنا کە بوارێکی نوێی توێژینەوەیە و لەمەولا ئەو بەڕێزە دەتوانێ تیمی توێژینەوە پێک بێنێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە جۆری کانزاکان لە ناوچەی سۆران وەکو هەنگاوی یەکەم بکەن. ئەمانە سامانی سروشتیی گرانبەهان و پشکنینی وردیان بۆ نەکراوە. لە بواری دیکەش زانکۆی سۆران کاراییی خۆی پێشان داوە، بۆ نموونە دەستنووسخانەی زانکۆی سۆران دامەزراوەیەکی گرنگی گەڕان و ساغکردنەوەی دەستنووسی زاناکانی کوردستان و ئەو دۆکیومێنتانەیە کە لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان لەسەر کوردستان لە چەندسەد ساڵی ڕابردوو نووسراون. بە تەنیا لە ئەرشیڤخانەی کۆنی عوسمانی لە تورکیا چەندین ملیۆن دەکیومێنت هەن کە باس لە ژیان و حوکمڕانی لە چەندسەد ساڵەی تەمەنی ئیمپراتۆرێتیی عوسمانی دەکەن. لەم ئەرشیڤخانەیە دۆکیومێنتی یەکجار زۆر لەسەر کورد و کوردستان لەبەردەستن و کاریان لەسەر نەکراوە. ئینجا ئەمە بۆ ئەرشیڤخانەی وڵاتە زلهێزەکانی دیکەی دنیاش هەر ڕاستە. سەنتەری هەندرێن ـمان هەیە كە خزمەتێكی گەورەی بە فەرهەنگ و زمانی كوردی كردووە و دەكات. سەنتەری جێندەرناسیمان هەیە كە تایبەتە بە پرسە جێندەرییەكان و سەنتەرێكی دەگمەن و بێهاوتایە، كە یەكەمین سەنتەری هاوشێوەیە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان دانراوە. هەروەها خاوەنی دوو سەنتەری پێشكەوتووی بواری زمانی ئینگلیزییە و پێگەیاندنی مرۆییە، ئەوانیش سەنتەرەكانی "كلاد" و "پیەرسن"ـن.

ئەم هەوڵانە بەشداریکردنێکی ناوازەی زانکۆی سۆرانە لە زیندووکردنەوەی مێژووی میللەت و وڵاتی خۆمان و تەنانەت ڕاستکردنەوەی زۆر ڕووداوی مێژوویی. چەندین سەنتەری دیکە هەن لە بواری جۆراوجۆردا خزمەت پێشکەش دەکەن.

زیاتر لە هەموو ئەوانەش ئێمە زانكۆیەكین كە لە سەرجەم پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكاندا كارلێك و كاریگەرییمان هەبووە. بۆ نموونە تاكە زانكۆی كوردستان بووین كە لە میانەی كەمپەین و لۆبیكردن بۆ سەربەخۆییی كوردستان لە كۆنگرێسی ئەمەریكا و سیناتی فەڕەنسا و زۆر لە ناوەندە گرنگ و هەستیارەكانی دیكەی جیهاندا كۆڕ و سیمنار و كاری لۆبیكردنی چڕمان ئەنجام داوە.

زیاتر لەوانەش ئێمە تەنانەت بە خوێن و شەهیدبەخشینیش خزمەتی ئەم وڵاتەمان كردووە و لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و پاراستنی پێگەی كوردستاندا، زانكۆی سۆران 5 شەهیدی نەمری داوە، بۆ بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان.

سیروان سابیر

 




دوایین هەواڵەکان

شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:21

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژێ پێنجشەممە 18ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دادوەر عەباس فەرحان حەسەن سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دادوەر عامر موسا محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact