ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییە نیشتیمانی و عێراقی و كوردستانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆببینەوە و زەمینەسازیش دەكرێت بۆ ئەوەی بەم زووانە لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش كۆببینەوە.
عەلی حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بڕیارە سەعات دووی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێكی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بكات و كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدرێت، كە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئێستاوە دەكرێت".
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییە نیشتیمانی و عێراقی و كوردستانییەكانی پارتی روونیشی كردەوە: "لە ئێستادا زەمینەسازی دەكرێت بۆ ئەوەی كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش ئەنجام بدرێت و، بەم زووانە ھەردوولا كۆدەبینەوە، چونكە یەكڕیزیی ناوماڵی كورد بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا زۆر گرنگە".
بڵند ئیبراھیم