Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 22 NOV 2019 23:00 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

نێچیرڤان بارزانی: کۆدەنگی لە کوردستان، زامنی پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانە
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركۆمار و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كرد.

سه‌ره‌تا به‌ڕێزیان له‌ وته‌یه‌كدا گوتی : “ئه‌مڕۆ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگمان هه‌بوو به‌ ئاماده‌بوونی جه‌نابی سه‌رۆك كۆمار به‌ڕێز د. به‌رهه‌م ساڵح كه‌ له‌ به‌غداوه‌ ته‌شریفی هێنابوو، هه‌روه‌ها به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستانی كورسییان هه‌یه‌. كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگمان ئه‌نجام دا له‌سه‌ر بارودۆخی ئێستای عێراق و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردنی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌موو به‌شداربووان هاوده‌نگ بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پشتگیریی ڕه‌واییی ئه‌و داوكارییانه‌ بكه‌ن كه‌ ڕه‌وان و له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانی عێراقییه‌وه‌ ئێستا داوا ده‌كرێت له‌ پرسی پێشكه‌شكردنی كارگوزاری، شه‌فافیه‌ت، كارگوزاریی زیاتر بۆ هه‌موو شوێنه‌كانی عێراق، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان پشتگیریی ته‌واوی ئه‌م داواكارییانه‌ ده‌كه‌ین. هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسمان له‌وه‌ كرد كه‌ پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك یه‌كهه‌ڵوێست بێت به‌و مانایه‌ی بتوانێت یارمه‌تیی هه‌موو هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراقی بدات بۆ ئه‌وه‌ی له‌و كێشه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ عێراق تێیكه‌وتووه‌ هه‌موومان به‌رپرسیاریه‌تیمان هه‌یه‌ به‌پێی قه‌باره‌ى خۆمان، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌رێمی كوردستان درك به‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر شانی ئێمه‌یه‌ و هه‌موو هه‌وڵێكی ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت بتوانین یارمه‌تیی عێراق به ‌شێوه‌یه‌كی گشتی بده‌ین، یارمه‌تیی هاووڵاتیانی عێراق بده‌ین به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌ په‌نا به‌خوا له‌و ناخۆشی و ته‌نگاوییه‌ ده‌ربچن. ئێمه‌ پشتگیریی ته‌واوی ئه‌و چاكسازییانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌ستی پێكردووه‌ و داوا ده‌كه‌ین هه‌رچی زووتره‌ ئه‌و چاكسازییانه‌ی كه‌ باسی لێده‌كه‌ن بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها باسی ده‌ستوورمان كرد. ئێمه‌ پشتگیری له‌ داواكاریی ڕه‌وا و ده‌ستووریی گه‌لی عێراق ده‌كه‌ین، له‌ هه‌مان كاتدا ئارامی و سه‌قامگیری و پاراستنی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی وڵات به‌ ئه‌ركی هه‌موو لایه‌ك ده‌زانین. لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی به‌شداربووی كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ڕۆڵی خۆیان پێشتر هه‌بووه‌ بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق و دووپاتیان كردۆته‌وه‌ هه‌ر هه‌نگاوێك پێویست بێت بۆ ئه‌وه‌ی عێراق به‌ره‌و ئاقارێكی باشتر بڕوات، پشتگیریی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌كه‌ن. ئێستا كه‌ داواكاریی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور ده‌كرێت، پێمان وایه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستوور پێویستی به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ بێت، ده‌بێت له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی ئارامدا ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت و ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌نگاوێك له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور بۆ به‌رژوه‌ندی و بۆ به‌دیهێنانی داواكارییه‌كانی هاووڵاتیانی عێراق به ‌شێوه‌یه‌كی گشتی بێت، بێگومان هه‌رێمی كوردستان پشتگیری ده‌كات.”

دواتر له‌ وه‌ڵامه‌ پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ و دۆخی داهاتووی عێراق و كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م دۆخه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌رێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: “پێشتر حكوومه‌تی هه‌رێم لیژنه‌یه‌كی دامه‌زراندندووه‌ كه‌ كاری لیژنه‌كه‌ پاڵپشتیی شاندی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له‌ به‌غدا بۆ پرسی ده‌ستوور كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیری داده‌، ئه‌وان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی ناو په‌رله‌مانی عێراق و به‌شداری و سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌ڕێز دكتۆر به‌رهه‌م و هه‌وڵ ده‌درێت ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌ناو په‌رله‌مان قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت له‌ پرسی ده‌ستووردا. بێگومان ئه‌وه‌ی له‌ عێراق ده‌گوزه‌رێت كاریگه‌ری بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت، وه‌ك وتم سیاسه‌تی ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ پشتگیریی هه‌موو هه‌نگاوێكی چاكسازی ده‌كه‌ین له‌ عێراق و پشتگیریش له‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ عێراق به‌ره‌و چاكسازی ببات و پێشمان وایه‌ ئه‌و داواكارییه‌ی ده‌كرێت، داواكاریی خه‌ڵك بۆ باشتركردنی ژیانی ڕۆژانه‌یان و بۆ چاكسازی، ئه‌م داواكارییانه‌ ڕه‌وان و ده‌بێت حكوومه‌ت به‌ گرنگییه‌وه‌ وه‌ریان بگرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێمان وا نییه‌ كێشه‌كانی عێراق، كێشه‌كانی یه‌ك ساڵی حوكمڕانیی جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی بێت، ئه‌م كێشانه‌ پێشتریش هه‌بووه‌ و بێگومان یه‌ك ساڵ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مه‌ بۆ هه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانێك كه‌ بتوانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌مه‌ كاتی پێویسته‌ و پێویسته‌ هه‌موو عێراقییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ یارمه‌تیی پرۆسه‌ی چاكسازی بده‌ن له‌م وڵاته‌دا، چونكه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ی خۆپیشاندان ده‌كه‌ن داوای باشتركردنی ژیانیان ده‌كه‌ن، داوای به‌ڕێوه‌بردنێكی باشتر ده‌كه‌ن، داوای شه‌فافییه‌ت ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ داوكارییه‌كی ڕه‌وایه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و پێكهاتانه‌ی له‌ عێراقدا ده‌ژین”.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و په‌یامی سه‌رۆك كۆماری عێراق بۆ كۆبوونه‌وه‌، سه‌رۆك نێچیرڤان ئاشكرای كرد : “حه‌ز ده‌كه‌م دڵنیاتان بكه‌مه‌وه‌ كه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا نییه‌ و كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ش به‌تایبه‌تی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا نییه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌شبێت دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ به‌ دیالۆگ و كۆبوونه‌وه‌ و دانیشتنی به‌یه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و شتێكی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ نییه‌. دڵنیام چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزینه‌وه‌. به‌شداریكردنی سه‌رۆك كۆمار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ به‌ڕێزیان سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ به‌ڕێزیان داواكاریی ئێمه‌ی قبووڵ كرد بۆ به‌شداریكردن له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا و زیاتر قسه‌ی له‌سه‌ر دۆخی ئێستای عێراق كرد و شرۆڤه‌یه‌كی ته‌واوی بۆ ئاماده‌بووان باس كرد. له‌ ڕاگه‌یه‌نراوی ئه‌مڕۆدا كه‌ ئێمه‌ به‌ كۆی گشتی ڕامانگه‌یاند، ئه‌و شتانه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌دا باس كراوه‌، له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌”.

ده‌رباره‌ی یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: “بێگومان مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، داعش تا ئێستاش مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو عێراق. بۆ ده‌رچوون له‌و دۆخه‌ی ئێستا هه‌یه‌، مه‌رجی یه‌كه‌م پاراستنی یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی و كۆده‌نگییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین ئه‌و یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكرێت و به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆماندا ئه‌و یه‌ك هه‌ڵوێستییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو”.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك كه‌ له‌ به‌غدا ڕووبدات و لایه‌نه‌كانی پشت ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌ به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق، به‌ڕێزیان گوتی: “ئه‌گه‌ر سه‌یری شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان بكه‌ین به‌ ئاسانی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وانه‌ی خۆپشاندانه‌كانیان ده‌ستپێكرد گه‌نجن، نه‌ ڕژێمی سه‌دام و نه‌ ئه‌مه‌ریكایان بیردێته‌وه‌. بێگومان خۆپیشاندانه‌كه‌ خۆڕسك بووه‌ و له‌پێناو باشتركردنی ژیان له‌ عێراق كردوویانه‌، ئینجا دواتر خه‌ڵكی دیكه‌ سواری ئه‌و شه‌پۆڵه‌ بووه‌ و لایه‌نێك ویستوویه‌تی به ‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ و به‌ ئاقارێكی دیكه‌یدا ببات كه‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێكی دیكه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ پێمان وایه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌مانه‌ داواكاریی ڕه‌وای گه‌لی عێراقن و داواكاریی گه‌نجی عێراقن كه‌ ده‌یانه‌وێت ژیانێكی باشتریان هه‌بێت و پێشم وایه‌ ئه‌م داواكاریانه‌ ڕه‌وان و ئه‌وه‌ی ده‌یبیستین هه‌م سه‌رۆكایه‌تیی سیاسی له‌ عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م ده‌نگانه‌ی زۆر به‌ جددی وه‌رگرتووه‌ و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌مه‌ودوا هه‌وڵی جددی ده‌رێت بۆ باشتركردنی گوزه‌رانی خه‌ڵكی هه‌موو عێراق و ئێمه‌ وا پێشبینی ده‌كه‌ین چونكه‌ په‌یامی خۆیان گه‌یاند، په‌یامی ئه‌و خه‌ڵكه‌ و په‌یامی ئه‌و گه‌نجانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌مانه‌وێت ژیانێكی باشترمان هه‌بێت، خزمه‌تگوزاریمان ده‌وێت و كارمان ده‌وێت، ئه‌م په‌یامه‌ش گه‌یشت به‌ سه‌ركرده‌كانی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ هه‌ر هه‌موویانه‌وه‌. دڵنیام له‌وه‌ی له‌مه‌ودوا هه‌وڵی جددی ده‌درێت، هه‌ر حكوومه‌تێك له‌ به‌غدا هه‌وڵی جددی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م داواكارییانه‌ بخاته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ نییه‌ خۆشحاڵ بین دۆخی عێراق تێكبچێت، شته‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، هه‌وڵی سه‌رۆكایه‌تیی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌یه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ به‌غدا بكرێت ئارام بكرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌بێت داخوازیی خۆپیشانده‌رانی عێراق به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێ و كاری جددی بكرێت بۆ جێبه‌جێكردنیان”.

ده‌رباره‌ی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی یه‌كڕیزیی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر كاری فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕوونی كرده‌وه‌: “له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پێشتردا بڕیارى‌ ئه‌وه‌مان داوه‌ هاوپه‌یمانیه‌تیی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان دروست بكه‌ین، واته‌ به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ و ئێستا له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌ جددی كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت و هیوادارین له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا بتوانین هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كی یه‌كگرتوو له‌ناو هه‌موو هێزه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا ڕابگه‌یه‌نین و بێگومان ئه‌وه‌ی كه‌ زامنه‌ بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و یه‌كڕیزیه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌ینه‌ و هه‌وڵی بۆ بده‌ین له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان”.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به‌ كۆكنه‌بوونی به‌رپرسانی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا، به‌ڕێزیان گوتی: “كاتێك كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكهێنرا، له‌ پرۆگرامی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیراندا ئه‌وله‌ویه‌تی یه‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ ده‌ستنیشان كرا كه‌ كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێت و هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌كه‌میشه‌وه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌و ئاراسته‌یه‌ هه‌نگاوی ناوه‌ كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێت، بێگومان به‌غداش هه‌مان ئاره‌زووی هه‌بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌پێی ده‌ستووری عێراق، كۆبوونه‌وه‌كانیش ده‌ستی پێكردبوو له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و ئێمه‌ ئێستاش وا پێشبینی ده‌كه‌ین دوای ئه‌مه‌ كه‌ په‌نا به‌خوا دۆخه‌كه‌ هێمن ببێته‌وه‌، جارێكی دیكه‌ گفتوگۆ له‌نێوان به‌غدا و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و بێگومان ده‌توانم ئه‌وه‌ بڵێم ئه‌وله‌ویه‌تی یه‌كه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئه‌مه‌ هه‌ر به‌ كاره‌ له‌پێشینه‌كانی ئێمه‌ دمێنێته‌وه‌. په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ توركیا ئاساییه‌ و توركیا دراوسێی ئێمه‌یه‌ و هیچ شتێك له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا نه‌گۆڕاوه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق و هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخی ئێستا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند: “بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌ستوور كێشه‌ بێت، به‌ڵگو پێمان وایه‌ جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور كێشه‌یه‌ له‌ عێراقدا نه‌ك خودی ده‌ستوور، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ستوور پشتگوێخراوه‌ له‌م ساڵانه‌ی ڕابردوودا، كه‌ نه‌یانهێشتووه‌ ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت، كه‌ هه‌شتا له‌ سه‌دی گه‌لی عێراق ده‌نگی بۆ دابوو و پشتگوێ خرا و نه‌یانهێشت جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بچینه‌وه‌ سه‌ر بابه‌ته‌كان پێم وایه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌ستوور پشتگوێ خراوه‌. سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێت یارمه‌تیی عێراق بدات كه‌ له‌م دۆخه‌ ده‌ربچێت، چونكه‌ كێشه‌ی عێراق كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستانیشه‌، ئێمه‌ به‌ جددی هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وی عێراق بتوانێت له‌و قۆناغه‌ ده‌رباز ببێت، به‌ڵام با ئه‌وه‌ش به‌ كراوه‌یى بلێم كه‌ خه‌ڵكی عێراق شایسته‌ی ژیانێكی باشتره‌، گه‌نجه‌كانی عێراق شایسته‌ی ژیانێكی زۆر له‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ باشترن و ئه‌وان خۆیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ به‌راورد ده‌كه‌ن، بێگومان عێراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ هه‌م له‌ ڕووی توانای مرۆیی و هه‌م له‌ڕووی سه‌رمایه‌وه،‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌مه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ ڕێك بخرێت و ئێستا ده‌بینین هه‌م خودی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و هه‌م حكوومه‌تی عێراق به‌ جددی هه‌وڵ ده‌ده‌ن، به‌ڵام زۆر زۆر كه‌مه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانێك بكه‌یت له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌ك ساڵ كاركردن”.

ده‌رباره‌ی سیناریۆكانی داهاتووی عێراق وه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكوومه‌ت و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر ئه‌م سیناریۆ سیاسیانه‌، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد: “ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌دا نین هه‌ڵبژاردن كێشه‌ بێت، ته‌نانه‌ت گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش كرا، هه‌ر ئه‌وانه‌ دێنه‌ ده‌سه‌ڵات كه‌ ئێستا ده‌یانبینین، گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ دانیشتنێكی جددی له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ئه‌نجام بدرێت و به‌ ڕوونی كێشه‌كان ده‌ستنیشان بكرێت و بزانرێت كێشه‌كان له‌ كوێن؟ به‌ بڕوای ئێمه‌ هه‌ر شتێك له‌ ئێستادا په‌له‌ی لێ بكرێت نه‌ك ته‌نها بارودۆخی عێراق به‌ره‌و باشتر ناچێت، به‌ڵكو دۆخی عێراق به‌ره‌و خراپتر ده‌بات”.

له‌ كۆتاییشدا له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ پارێزراویی مانه‌وه‌ی مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ستووری عێراقدا و به‌رده‌وامیی كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: “پێویسته‌ ئێمه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كانیش پرسیار له‌خۆیان بكه‌ین كه‌ ئایا مه‌به‌ست له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق چییه‌؟ ئایا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ عێراق به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی باشتر یان به‌ره‌و ئاقارێكی خراپتر بڕوات؟ ئه‌مه‌ پرسیارێكی جه‌وهه‌رییه‌، هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێك و قه‌واره‌یه‌ك له‌ عێراقدا دوای ساڵیی دوو هه‌زار و پێنج به‌پێی ده‌ستووری عێراق دانی پێدا نراوه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ كه‌متر ده‌بێت، له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ئه‌مه‌ ببێته‌ هۆی سه‌قامگیریی سیاسی له‌ عێراقدا، هه‌روه‌ها پێشبینیش ناكه‌م هیچ هێزێكی عێراقی بیه‌وێ ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌م بكاته‌وه‌. باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌س له‌ عێراق ئه‌مڕۆ بیه‌وێ ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌م بكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور سه‌قامگیری سیاسیی عێراقه‌، بێگومان به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕگه‌ و مادده‌كانی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌م سه‌قامگیرییه‌ دروست نابێت. جارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ پێموایه‌ فه‌رامۆشكردنی ده‌ستوور كێشه‌ بووه‌ نه‌ك هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور. ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ نه‌یانهێشتووه‌ ده‌ستوور وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت و كێشه‌كه‌ له‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌. گه‌لی عێراق ئه‌مڕۆ ئاو و كاره‌با و خزمه‌تگوزاری پێویسته‌ و ئه‌م شتانه‌ زیاتر گرنگن و له‌ یاریه‌كه‌ تێگه‌یشتووه‌. با نموونه‌یه‌كتان بۆ بهێنمه‌وه‌، جاران هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان گه‌ر بیانوستبایه‌ جاده‌ی عێراقی بجوڵێنن، ده‌بوایه‌ هه‌ندێك قسه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان بڵێن، ئه‌مڕۆ گه‌لی عێراق وه‌ڵامی ئه‌م هێزانه‌یان دایه‌وه‌ هه‌ر هه‌موویان، پێیان گوتن ئێمه‌ قبووڵ ناكه‌ین كه‌ خزمه‌تگوزاری نییه‌ خه‌تاكه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، په‌یامه‌كه‌یان زۆر ڕوونه‌ و داوای خزمه‌تگوزاری و كار ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش پشتگیری له‌م داوایانه‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ گه‌لی عێراق شایسته‌ی ژیانێكی باشتره‌، پێویسته‌ سه‌ركرده‌كانی عێراق ئه‌م پرسه‌ به‌ جددی وه‌رگرن له‌ هه‌رێمی كوردستان تا هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌ و ده‌بێت هه‌وڵی جددی بده‌ن بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی عێراق به‌گشتی هه‌ر له‌ زاخۆ تا ده‌گاته‌ فاو. ده‌رباره‌ی پرسیاری دووه‌میش، به‌ڵی كۆبوونه‌وه‌كانی ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و پێشتریش كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان ئه‌نجام داوه‌ و ئه‌مه‌ی ئه‌مڕۆشمان ئه‌نجام دا و به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌شدار بوون و به‌پێی دۆخ و ئه‌و پێشهاتانه‌ی دێنه‌ پێشه‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بێت”.




دوایین هەواڵەکان

بارەگای بارزانی سەرەخۆشیی خانەوادەی خوالێخۆشبوو زاهیر زیانك باڵەكی و رزگار رەزا بەگ دەلۆ و مام عوسمان كانی مارانی و كامەران شكور چایچی دەكات

FRIDAY, 22 NOVEMBER 2019 13:11:35

 بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

 
پرسەنامەی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی شێخ عوسمانی سیرێ

FRIDAY, 22 NOVEMBER 2019 13:11:25

بەناوی خوای گەورە و میھرەبان

 
"هەولێر بە هێزی نەرم پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی لە بەغدا گرەنتی کردووە"

THURSDAY, 21 NOVEMBER 2019 18:11:26

سلێمانی-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی ده‌ڵێ، هەولێر بە په‌یڕه‌وكردنی سیاسەتێکی جێگیر بووەته‌ براوەی پێشوەختە و ناوەندی بڕیاردان و ڕۆژنامەنووسانیش پێیان وایە، پەیڕەویکردنی سیاسەتێکی بەهێز لە هەولێر وای کردوە، هەمیشە له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان له‌ كێشه‌ و ململانێكاندا براوه‌ بێت.

لە پۆڵۆنیا سمینارێك دەربارەی عێراق و كوردستان بەڕێوە چوو

THURSDAY, 21 NOVEMBER 2019 17:11:30

وارشۆ-KDP.info-   له‌ كتێبخانه‌یەكی گشتیی وارشۆی پایتەختی پۆڵۆنیا، قوتابییانی بازنەی عەرەبناسان لە بەشی ڕۆژھەڵاتناسیی زانكۆی وارشۆ، لەژێر چاودێریی نوێنەرایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و باڵیۆزخانەی عێراقدا، سمینارێكیان ڕێك خست دەربارەی مێژوو و شارستانیەتیی عێراق و كوردستان، سه‌رده‌می ئێستا و فرەكەلتووری و پێكه‌وه‌ژیان .

 

به‌رپرسێكی دیكه‌ی پارێزگای هه‌ولێر گۆڕا

THURSDAY, 21 NOVEMBER 2019 16:11:26

هه‌ولێر -KDP.info-  گوته‌بێژی شاره‌وانیی هه‌ولێر گوتی، له‌ چوارچێوه‌ی گۆڕانكارییه‌ ئیدارییه‌كانی هه‌ولێردا، سه‌رۆكێكی نوێ بۆ شاره‌وانیی هه‌ولێر دیاری كرا و ئه‌مڕۆش ده‌ستبه‌كار بوو.

 



 
© 2018 Kurdistan Democratic Party, KDP