ھەولێر-KDP.info- سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەكادیمیای پارتی، كۆنفڕانسێكی زانستی و ئەكادیمی ساز دەكات، بەرپرسی دیراسات و توێژینەوە و ئەكادیمیش دەڵێت، بۆ یەكەمین جارە كۆنفڕانسێكی زانستی لە لایەن پارتێكی سیاسی لە كوردستان ساز بدرێت، كە بە میكانیزمی زانستی و ئەكادیمی گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە دەكات، كە پەیوەستن بە كاروباری حزبایەتییەوە.
بەرپرسی سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەكادیمیی پارتی، چنار سەعد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ٥٨ـەمین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، سەرلەبەیانیی رۆژی یانزەی ئەیلوول سەنتەری دیراسات و توێژینەوەی ئەكادیمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ھەڵدەستێت بە سازدانی كۆنفڕانسێكی زانستیی تایبەت، كە كۆمەڵێك تەوەر و بابەتی پەیوەست بە پارتی دیموكراتی كوردستان لە خۆ دەگرێت."
چنار سەعد گوتیشی: "بەشداربووانی كۆنفڕانسەكە بریتین لە نوێنەرانی گشت ئۆرگانەكان و لق و مەكتەبەكان لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسانی ئەكادیمی و بەشێك لە نوێنەرانمان لە نێو ئۆرگانەكانی پەرلەمان و حكوومەت و بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتیی پارتی."
بەرپرسی سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەكادیمی، دەشڵێت: "گرنگیی كۆنفڕانسەكە لەوەدایە، كە بۆ یەكەمین جارە كۆنفڕانسێكی زانستی لە لایەن پارتێكی سیاسی لە كوردستان بە ڕێگای میكانیزمی زانستی و ئەكادیمی گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە بكات، كە پەیوەستن بە كاروباری حزبایەتییەوە."
فایزە كۆیی