هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی ئاودانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ 700 یەكەی نیشتەجێوون دابین كراوە، دوای تەواوبوونی خزمەتگوزارییەكانی یەكەكەكانی نیشتەجێبوونیش، بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێن.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری بنەسڵاوە 396 یەكەی نیشتەجێوون، لە سۆران 144 یەكە، لە هەڵەبجە 72 یەكە و لە قەلادزێ 84 یەكەی نیشتەجێوون تەواو بوونە، كە لە لایەن وەزارەتی ئاودانكردنەوەوە دروست كراون".
عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا وەزارەتی ئاودانكردنەوە كار لەو پڕۆژانە دەكات بۆ گەیاندنی تۆڕی كارەبا، ئاو، شەقام و ئاوەڕۆ، كە ئەمەش لە ماوەیەكی نزیكدا تەواو دەبێت و دوای تەواوبوونیشی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێن.
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە روونیشی كردەوە، یەكەكان بە گوێرەی یاسای ژمارە 16ی ساڵی 2011 دابەشی سەر فەرمانبەران و خەڵكی كەمدەرامەت دەكرێن، ئەو كاتیش ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار دەدات كە بەسەر كام چین و توێژدا دابەشیان بكات.
هێدی كاكەیی