ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر گوتی، پڕۆژەی گەڕانەوەی پاشكەوتی مووچەی فەرمانبەران لە وەزارەتی داراییە و بڕیارە ھەر فەرمانبەرێك ژمارەحیسابێكی بۆ بكرێتەوە.
خانزاد مام وسوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە بە فەرمی پڕۆژەی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانمان ئاراستەی وەزارەتی دارایی كردووە و ئەوانیش كاری لەسەر دەكەن، بڕیاریشە ژمارەحیسابێك بۆ فەرمانبەران بكەنەوە بۆ دانەوەی پاشەكەوتەكە، جگە لەوەش بڕیاریان داوە لە پێشینەكانی شەھیدانی شەڕی داعش خۆش بن".
ناوبراو گوتیشی: "زۆر گەشبینین كە پڕۆژەكەی ئێمە بە تەواوی جێبەجێ بكرێت، چونكە ئێستا دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باشە و وەك پێشوو نییە".
جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی دەشڵێ: "ھەوڵ دەدەین حكوومەت چۆن لە پێشینەكانی كەسوكاری شەھیدان خۆش بووە، بە ھەمان شێوە لە ھاووڵاتیانی دیكەش خۆش بێت و قەرزەكانیان لێ وەرنەگیرێتەوە" .
بڵند ئیبراھیم