Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 25 APR 2024 03:22 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ئەمڕۆ ساڵیادی لەدایکبوونی بارزانیی نەمرە
| KDP.info


 
ھەولێر-KDP.info- ڕێکەوتی 1903/3/14 و 116 ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا مەلا مستەفا بارزانی، رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد لە گوندی بارزان، لەدایک بووە.
 
ژیانی منداڵی
 
مەلا مستەفای بارزانی، ناوی تەواوی (مستەفا کوڕی شێخ محەمەد بارزانی)ـیە، لە 14ی ئاداری 1903 لە گوندی بارزان، لەدایکبووە، لە تەمەنی سێ ساڵاندا، کاتێک مەلا مستەفا بەر ھەڵمەتێکی عوسمانییەکان دەکەوێت و دوای بەدیلگرتنی شێخ عەبدولسەلام کە برای گەورەیەتی، لەگەڵ دایکیدا بۆ ماوەی ٩ مانگ، زیندانی دەکرێت.
 
سەرکردایەتیکردن
 
 
لە ساڵی 1919 بەشداریی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید دەکات و سەرکردایەتیی ھێزێکی 300 کەسی پێ دەسپێردرێت، دواتر لە ساڵی 1920 لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە دەنێردرێت بۆ لای شێخ سەعیدی پیران لە کوردستانی باکوور بە مەبەستی ھەماھەنگیکردن لەگەڵ شۆڕشەکەیدا.
 
لە شۆڕشەکانی ساڵی 1931- 1932 بۆ بەرگریکردن لە میحوەرەکانی (مێرگەسوور و شێروان)، فەرماندەیی ھێزێکی گەورەی دەکرد کە بەرامبەر ھێزەکانی ئینگلیز دەجەنگان، لەوێشەوە ناوبانگی وەک سەرکردەیەکی سەربازیی بەتوانا و شارەزا، دەرکرد.
 
لە ساڵی 1932 ، حکوومەتی عێراقیی سەردەمی پاشایەتی، بە پشتیوانیی بەریتانیاییەکان، ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی کورد کە لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە سەرکردایەتی دەکرا، دوای بەدیلگرتنی شێخ ئەحمەد، مەلا مستەفای بارزانی، دەستی کرد بە سەرکردایەتیکردنی ھێزەکان و ڕێکخستنەوەیان.
 
دوای ساڵێک، حکوومەتی عێراق لێبووردنی گشتی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەی بارزانییەکان دەرکرد، بۆیە لە ماوەی ساڵانی 1936 تا 1943، چالاکیی سەربازی لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە ڕاگیرا، تا لە ساڵی 1943 دووبارە بزووتنەوەی کوردی و خەباتی پێشمەرگایەتی، بەسەرکردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی،  دەستی پێکردەوە.
 
جەنگی جیھانیی دووەم
 
مەلا مستەفای بارزانی، توانی دۆخی جەنگی دووەمی جیھانی و کودەتاکەی سەر حکوومەتی عێراقی کە بە سەرکردایەتیی بەکر سدقی بەڕێوەچوو، لە خزمەت دۆسیەی کورد بقۆزێتەوە و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە بارزان، لەوێ ھەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتدا پچڕاند و داواکارییەکانی حکوومەتە لاوازەکەی بەغدای ڕەت کردەوە کە داوای دەکرد، بزووتنەوە پێشمەرگایەتییەکەی، ڕابگرێت.
 
حکوومەتی عێراق بەردەوام بوو لە سازشکردن، تا ئەو کاتەی مەلا مستەفا توانی ھەموو داخوازییەکانی ئەو کاتیان بەسەردا بسەپێنێت، ئەوەبوو ژمارەیەک ئەفسەری کورد ئیدارەی ناوچەکەیان بە سەرپەرشیی وەزیرێکی کورد، گرتە دەست و دواتر ئەو وەزیرە کوردە و ئەفسەرەکان لە بری حکوومەتی عێراق، فەرمانەکانیان لە مەلا مستەفای بارزانییەوە وەردەگرت، شارەزایی سەربازیی ئەفسەرەکانیش لە کاروباری سەربازیدا سوودیان لێوەرگیرا و توانرا ناوچەکە توندوتۆڵ بکرێت و ھێزێکی پێشمەرگەی 2500 کەسی پێک بھێنرێت، لە ئەنجامدا حکوومەتی بەغدا کۆنترۆڵی ناوچەکەی بەدەستەوە نەما.
 
بەڵام دوای ساڵ و نیوێک، حکوومەتی عێراق، توانی ھێزێکی زۆر کۆبکاتەوە و ھێرش بکاتەوە سەر ناوچەی بارزان، لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوول و تا سەرەتای تشرینی یەکەمی 1945، شەڕێکی قورس ڕووی دا و ھێزەکانی پێشمەرگە بەرگرییەکی سەختیان کرد، دواتر کشانەوە بۆ ناوچەی (کانی ڕەش) لەسەر سنووری تورکیا.
 
دەبێتە جەنەڕاڵ و فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان
 
 
لە 15ی ئابی 1945 لە ئێرانەوە دامەزراندنی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕاگەیەندرا، دوای ماوەیەکی کەم، سەدای پارتی گەیشتە ناوچەکانی کوردستان و توانرا چەندین بڵاوکراوە بە خەڵکی کوردستان بگەیەنرێت، بۆیە حکوومەتی عێراق دەستی کرد بەدەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی.
 
لە 22ی کانوونی دووەمی 1946، لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەھابات، مەلا مستەفا لەلای دەستە ڕاستی قازی محەمەد وەستابوو، لەوێدا بە فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان دەستنیشان کرا و پلەی "جەنەڕاڵ"ی پێبەخشرا.
 
لە ساڵی 1945 و دوای کۆتاییھاتنی جەنگی دووەمی جیھان و کشانەوەی ڕووسیا لە ئێران و کۆتاییھاتنی کۆماری مەھابات، ھێزەکەی مەلا مستەفا و ھێزەکانی ئێران پێکدائاڵان و شەڕ درووستبوو، لەوێ ھێزەکانی کوردستان دوای بەرگرییەکی توند، توانییان خۆیان بگەیەننە ناوچەکانی سنووری یەکێتیی سۆڤیەتیی جاران، ماوەی 12 ساڵ لەو وڵاتەدا مانەوە. لەسەرەتاوە مەلا مستەفا لە ‌ئازەربایجان و ئۆزبەکستان نیشتەجێ بوو، پاشان بۆ مۆسکۆ گواسترایەوە، زمانی ڕووسی و ھونەرکارییەکانی سەربازی و زانیاریی ئابووری خوێندووە. لە 26ی تشرینی یەکەمی 1958دا گەڕایەوە عێراق. ئەویش پاش شۆڕشی 14ی تەمووز بوو کە عەبدولکەریم قاسم دەسەڵاتی لە عێراقدا گرتبووە دەست و سیستەمی کۆماری ڕاگەیاندبوو. لە کاتی گەڕانەوەیدا سەروەری و ڕێز و نەوازشێکی زۆری لێنرا، بەڵام بەھۆی پابەندنەبوونی حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم بەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوو و ھەڵگیرساندنی جەنگ لە دژی کورد، لە ‌ئەیلوولی 1961دا مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕاگەیاند، لەبەگژداچوونی دژی دەسەڵاتدارانی عێراق ھەتا 11ی ئازاری ساڵی 1970 بەردەوام بوو.
 
ڕێککەوتنامەی ئادار
 
لە ساڵی 1968، گۆڕانکاری بەسەر سەرکردایەتیی عێراقدا ھات و کودەتای دووەمی بەعسییەکان ئەنجام درا، مەلا مستەفای بارزانی و حکوومەت دەستیان بە گفتوگۆ کرد، بەرھەمی گفتوگۆکان ڕێککەوتنی ئاداری 1970ی لێکەوتەوە کە بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو ڕێککەوتنە، کورد ھاوبەش دەبێت لە حوکمڕانیی عێراق و زمانی کوردیش لە دامودەزگاکانی فێرکردن، دەبێتە زمانی فەرمی، جگە لەوەی سیستەمی حوکمی زاتی لە کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت و کورد لە ناوچەکەی خۆیدا حوکمی خۆی دەکات، بەڵام دواتر حکوومەتی عێراق خۆی لە ڕێککەوتنەکە دزییەوە و پاشان لەگەڵ ئێران لەسەر دژایەتیکردنی کورد ڕێککەوتن و لە ساڵی 1975 ڕێککەوتننامەی جەزائیریان واژۆ کرد.
 
لە ھەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری دەبێت
 
لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 29ی ئەیلوولی 1971، ھەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفای بارزانی دەدرێت. لەمبارەیەوە سەیف دووری، مێژوونووسی عێراقی ئاماژەی بەوە داوە: ”لە 29ی ئەیلوولی ساڵی 1971 و دوای ساڵ و نیوێک لە واژۆکردنی بەیاننامەی ئاداری 70 لە نێوان کورد و حکوومەتی ئەوکاتی بەغدا، نازم گزاز، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی گشتیی عێراق ھەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفای بارزانی، سەرکردەی کوردی دا و ھەوڵەکەی شکستی ھێنا".
 
ھەوڵەکە لە ڕێگەی شاندێکەوە بوو کە لە 10 پیاوی ئایینی پێکھاتبوو، ئەوان لە بەغداوە چوون بۆ سەردانی بارزانی بۆ نێوانگیری و راگرتنی شەڕی نێوان شۆرشگێرانی کورد و سوپای عێراق.
 
نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی
 
مەلا مستەفای بارزانی، لە دوای ساڵی 1975، تووشی نەخۆشی دەبێت، بۆیە بە مەبەستی چارەسەرکردنی، دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ساڵی 1979 کۆچی دوایی دەکات، دواتر تەرمەکەی بۆ کوردستانی ڕۆژھەڵات دەگەڕێننەوە و لە ناوچەی شنۆ بە شێوەیەکی کاتی بەخاک دەسپێردرێت، دوای ڕاپەڕین، لە مەراسیمێکی گەورەدا، ڕووفاتەکەی بۆ ناوچەی بارزان دەگەڕێندرێتەوە.
 
ئێستا مەزارگەی مەلا مستەفا بارزانی، بووەتە شوێنێک کە ھەموو ساڵێک لە ساڵیادی کۆچی دواییکردنیدا، نیشتمانپەروەرانی کورد لە تەواوی ناوچەکانی کوردستاندا، وەک نەریتێکی ساڵانە، ڕوو لە دەڤەر و گوندی بارزان دەکەن.
 
ڕۆژانەش قوتابییان، مامۆستایان، ڕۆشنبیران، پێشمەرگە، ئافرەتان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان، وەک ڕێزگرتنێک لە خەباتی ساڵەھای ساڵەی مەلا مستەفا بارزانی، دەچنە سەر مەزارەکەی و نزای خێر و خۆشی بۆ نیشتمان دەکەن.
 



دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی ناوخۆ ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 00:04:55

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات كە بی مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەیان بەدەست هیناوە و تاوەكوو ئێستا بۆیان هەژمار نەكراوە.

 
ھەرێمی کوردستان بەشداری لە دیداری ئەبوزەبی بۆ وەبەرھێنان دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:39

ھەولێر -KDP.info- دەستەی گشتی وەبەرھێنان بەشداری لە سێزدەمین دیداری وەبەرھێنان لە ئەبوزەبی دەکات و سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنانیش دەڵێ، ھەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەمە بەشداری لە دیدارەکە دەکات.

 
ئەنجومەنی وەزیران: بەپێی یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:56

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 
مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 18:04:37

مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

 
راوێژکارێکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاریگەری ھەبووە"

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 17:04:54

ھەولێر-KDP.info- دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرانەوەیەک ھەیە لەنێوان ھەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم و دەنگەکانی کورد لە کەرکووک و نەینەوا و خانەقین گۆڕانکاریان پەیداکردوە. 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact