لە میانەی مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی ئاو لە باڵندای دەڤەری بارزان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: بە پشتیوانی خوا، کاروانی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان وەستانی بۆ نییە و ھەر بەردەوام دەبێت .
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی ناو و خەباتی بارزان گوتی: سەد ساڵە بارزان وەک ناو لەلایەن ھەزاران دایک و باوکی کوردەوە لە منداڵەکانیان دەنرێت. بارزان بۆ ھەموو کوردستان زەحمەتی کێشاوە، قوربانیداوە و خەباتی کردووە .
بارزان بەھێزی چەکدار بەھێزنەبووە، ئەوەی بارزانی بەھێزکردووە، باوەڕی قوڵ و خۆشەویستی خەڵک بووە بۆ بارزان و شێخەکانی بارزان
نێچیرڤان بارزانی لە بارەی مێژووی خەبات و هۆکاری شۆڕشگێڕیی ئەو دەڤەرە گوتی: ئەو مێژووە شۆڕشگێڕیەی بارزان، لە ژێرخانێکی زۆر قوڵ و پتەوی فکرییەوە ھەڵقوڵاوە ، هەروەها گوتیشی لە ھەوڵێکی زۆر جیدییەوە ھەڵقولاوە بۆ کردنی ئایین بە بەرجەستەکاری رەفتاری پاک و باش .
دەربارەی کولتووری بارزان، سەرۆکی حکومەت گوتی: رێبەرانی بارزان خاوەن بیری یەکسانیخوازی و موڵکداری نەکردن و پاراستنی ژینگە و گیانەوەر بوون .
پاشان لە باسی شێخ عەبدولسەلامی بارزان، ئاماژەی بە گوتەیەکی فۆتۆگرافەری نیودەوڵەتی، کریس کۆچێرا کرد، کە دەڵێ: شێخ عەبدولسەلام بارزانی یەکەمین کەس بوو لەناو کورددا، یەکەم بەرنامەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی نووسی .
شێخ عەبدولسەلام بارزانی یەکەمین کەس بوو لەناو کورددا، یەکەم بەرنامەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی نووسی
نێچیرڤان بارزانی، لە بارەی ژن و مافی ژن لە بارزان، گوتی: جێگەی شانازییە لە بارزان، ژن بە ژنی، گەورە بە بچووکی، مارەکردنی سەر بێشکە، رێگرتن لە دڵخوازیی کچان و کوڕان نەبووە .
لەبارەی فراوانی خەباتی بارزانییەکان لە کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: یەک پارچەی کوردستان نییە، بارزانییەکان خەباتیان تێدا نەکردبێ، یەک لایەنی ژیانیش نییە بارزانییەکان خەباتیان بۆ نەکردبێ ، هەروەها گوتی مەلا مستەفا بارزانی قەت لێنەگەڕا شۆڕشی ئەیلول، شۆڕشێکی ناوچەیی بێت، بەڵکو کردییە شۆڕشێکی سەرتاسەریی لە کوردستانی عێراق .
نێچیرڤان بارزانی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: ھەروەک چۆن شێخ عەبدولسەلام لەلایەن خەڵکەوە دەپارێزرا، دوای لەسێدارەدانی ئەو، شێخ ئەحمەد بارزانی، پێنجەمین و دوایین شێخی تەریقەت لە بارزان، تاوەکو ساڵی ١٩١٩ لە ناوچەکانی گەردییان بە پارێزراوی مایەوە، لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا. تەنیا ئەو دوو نموونەیەش دوو ھەڵە لەسەر مێژووی بارزان راستدەکەنەوە .
هەروەک نێچیرڤان بارزانی باسی کرد، نموونەی یەکەم: بارزان بەھێزی چەکدار بەھێزنەبووە، زۆربەی جاران بارزان ھێزی چەکداری نەبووە، ئەوەی بارزانی بەھێزکردووە، باوەڕی قوڵ و خۆشەویستی خەڵک بووە بۆ بارزان و شێخەکانی بارزان . نموونەی دووەم: بارزان ھەر لەسەرەتاوە بۆ عەشیرەتێک کاری نەکردووە، چونکە خودی بارزان لەسەرەتای پێکھاتنی خۆیەوە لە عەشیرەتێک زیاتر و گەورەتربووە، کە پێکھاتووە لە عەشیرەتەکانی : شێروانی، دۆلەمەری، مزووری، بەڕۆژی، نزاری، گەردی، ھەرکی بنەجێ .
سەرۆکی حکومەت لەبارەی قوربانییەکانی بارزان، گوتی: چەندین کەس لە بنەماڵەی شێخانی بارزان بێ سەروشوێنکران، بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەنفالکران، ھەروەک ئەنفالی 1983، کە 8000 بارزانی پێکەوە ئەنفالکران، لە ئۆردووگای زێوە ماڵ و منداڵی بارزانیان پێکەوە بوونە ئامانجی فڕۆکەکانی رژێمی سەدام، بەڵام وەک نموونەیەک و بەشێک لە خۆڕاگری کورد، بەھێزتربوون .