سۆران- KDP.info/ دوای نیوەڕۆی 26/4/1974 دوو فرۆكەی جەنگی دووژمن هاتنە سەر ئاسمانی گەڵاڵەو بە بۆمبی (ناپاڵم) كە چەكێكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتیە پردی گەڵاڵەی بۆردوومانكردو زیانەكەشی (86) شەهیدو ژمارەیەكی زۆری برینداری لێكەوتەوە، بەڵام بەشێكی زۆری شەهیدەكان تەرمەكانیان نەدۆزرایەوە، چونكە لاشەیان پارچەپارچە ببوو، زۆر لە ئەندامی لەشی شەهیدەكان وەك دەست و قاچ چەند مەترێك لە دووری شوێنی رووداوەكە دۆزرایەوە، یاخود لەسەر بەرزایی درەختەكان كۆ دەكرانەوە، بەشێكی زۆری بریندارەكانیش لەبەر سەختی برینەكانیان لە نەخۆشخانەی شۆڕش لە ناوپردان و كەوەرتە گیانیان سپارد، بەگشتی بەركەوتوان زۆربەیان ئافرەت و مناڵ و بەساڵاچوو بوون. باڵەكایەتی وەك پێگەیەكی ئەمین و بێ ترس و بۆ سەرجەم شۆڕشەكانی رزگاری خوازی كورد هاتۆتە بەر، هەر بۆیەش لەسەر دەستی (بارزانی نەمر) باڵەكایەتی وەك پایتەخت و شوێنی ئارامی بۆ شۆڕش دیاری كراوە، كە ئەمەش گەواهی لەوە دەكات باڵەكایەتی بەگیان و هەموو سەروەت و خاكەكەیەوە پارێزەری رابەرو فیداكارو هەموو پێشمەرگەیەكی كوردستانی لە هەر جۆرە پیلانێك بێت و متمانەی زۆر بەهێزیش بوو بۆ (بارزانی نەمر)و پێشمەرگەكانی كورد، ئەو تراژیدیایەی لە (26/4/1974) لە (پردی گەڵاڵە) بە چەكی كۆكوژی ناپاڵم ئەنجام درا، لەلایەن رژێمی لەناوچووی بەعس، دەبێتە یەكێك لەكارەساتەكانی ئەنفال و كۆمەڵ كوژی بە رووی كورددا، وەك سەرەتایەك بە پیلانە ژەهراوییەكانی تیرۆری و كۆمەڵكوژی و بێ سەروشوێن كردن لە بیرە، دوور لە مرۆڤایەتییەكانی سەرانی بەعس بوو، لەسەر زاری بەركەوتوو و زیان لێ كەوتوانی ئەم رووداوە بەكارێكی زۆر ترسناك خەمناك هاتەوە بەرچاومان.
بۆ ئەم مەبەستە (عەبدولرەحمان مەلا رەسول) بەرپرسی لقی 26ی گولان لە باڵەكایەتی و كادیری هێزی بەرگری و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن گوتی: "هەر لە دەستپێكی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولی مەزن (بارزانی باوك) باڵەكایەتی كرد بە لانكی شۆڕش و هێمن كردنی یەكەم شوێن لە كوردستان و كردنی بەشوێنی حەوانەوەی هەزاران تێكۆشەری وڵات، بۆ هەموو چین و نەتەوەكان، بوو بەشوێنی سەركردایەتی شۆڕش و پارتی، بەهۆی ئەو ئارامیەی كەلە ناوچەی باڵەكایەتی دا هەبوو زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی وڵات پارێزو تێكۆشەر روویان لەو ناوچەیەكرد، هەم بۆ شۆڕش هەم بۆ ژیان و لە ناوچەكە نیشتەجێ ببوون، بەبیانوی ئەوەی كە باڵەكایەتی پایتەختی كوردانەو شوێن و پێگەی (بارزانی) بوو، دووژمنی عەفلەقی بەعس زۆر دڕندانە رۆژانە ناوچەكەی بۆردوومان دەكرد، گەڵاڵە بەشوێنی ستراتیژی هەژماردەكرا لە مێژووی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە سەدان رۆژنامەكانی دونیا باسی لێوە دەكرا، دووژمن زۆر داخداری ببوو، بۆیە بە دەیان جار پیلانی بۆ دەگێراو دوا جاریش بۆردوومانی هەوایی كرد، كە گەورەترین هێرشی دووژمنكارانەشی ناپاڵم باران كردنی پردی گەڵاڵە بوو لە (26/4/1974) كەلە ساتێكدا زیاتر لە (86) تێكۆشەری كوردستان لە هاووڵاتی و كاسبكارو مناڵی بێ تاوان بوونە قوربانی، زۆربەیان بە پارچە پارچە كۆكرانەوە، هەندێكیشیان جەنازەكەیان نەدۆزرایەوە، رۆژێكی وا ناخۆش و نەنگێكی وا رەش بوو بەچاوی دووژمنانەوە كە هیچ كات مرۆڤ ناتوانێ لە یادی بكات، ئەم كارەساتە هەستی مرۆڤایەتی هەژاند بەم هۆیە گەڵاڵەو پردی گەڵاڵە بوونە دەستە خوشكی قەڵادزەو هەڵەبجەی شەهید، ئەو شوێنەش ئەوكات چەندین دوكان و ماڵ و گۆرەپانی گواستنەوەی خەڵكی لێبوو، بەردەوام قەرەباڵغیێكی زۆری لێدەبینرا، كاتێكیش فرۆكەكان هاتن خەڵكەكە ڕوویان لە ژێر بەردێك كرد كە زۆر فراوان بوو بەقەد ژوورێكی گەورەدەبوو، بۆیە لەئەنجامی بۆمباران كردنی ئەو بەردە كارەساتێكی گەورەی لێكەوتەوە و خەڵكێكی زۆر كوژراو بریندار بوون، كە زۆربەیان ئافرەت و مناڵ بوون، ئەوكەسانەی لەم كارەساتە شەهید بوون زۆربەیان قوتابی تازە دەرچووی كۆلێژ بوون و پەیوەندیان بە شۆڕشی ئەیلوول كردبوو، كە خەڵكی هەولێر و كەركووك بوون، كاتێك فرۆكەكان بۆردوومانی پردی گەڵاڵەیان كرد دەست بەجێ بریندارەكان لە ژێر دارو بەردو پرچ دەریانهێناو بە ئۆتۆمبێلەكانی (فرانسۆ حەریری) كە ئەوكات قائیمقامی قەزای چۆمان بوو گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی شۆرش لە ناوپردان و كەوەرتە كە لەوێ هەریەك لە بەڕێزان دكتۆر (مەحمود عوسمان)و دكتۆر (حەسەن) چارەسەری بریندارەكانیان كرد بەڵام زۆربەیان لەبەر سەختی برینەكانیان بەداخەوە شەهید بوون. ئەوكات لەناوچەی باڵەك لەگەڵ هەڤاڵانم و هێزی بەرگری روومان كردە شوێنی رووداوەكە بۆ بەهانا چوونی شەهیدو بریندارەكانی كارەساتەكە، ئەو رۆژە لای من زۆر خەمناك بوو بەو كارە دزێوەی دووژمن شۆڕش و بەرەنگاربوونەوە حەماسەتی زیاتر بوو پێشمەرگەو جەماوەر زیاتر سووربوون لەسەر خەبات و تێكۆشان و داوا رەواكانیان، خوێنی ئەوانەو هەزارانی تر بووە هۆی سەركەوتنی حەق بەسەر ناحەق و خوێنی ئەوانە بووە هەوێنی ئازادیی پەرلەمان و حكومەتی كوردی، هەزاران سڵاو لەگیانی پاكی (بارزانی)و هەموو شەهیدانی كوردو كوردستان".
(عەلی سەلمان) بەرپرسی مەكتەبی رێكخستن و جێگری بەرپرسی لقی26ی گولان لە باڵەكایەتی سەبارەت بە بۆردومانكردنی پردی گەڵالە لە (26/4/1974) بەم شێوەیە دوا: "دەڤەری باڵەكایەتی بە گشتی و بەتایبەتی ناحیەی گەڵاڵە ناوەندێكی چالاكی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بووە، بەڕابەرایەتی سەرۆك (بارزانی نەمر)، ئەم ناحیەیە ناوەندێكی بەهێزی بازرگانی بووە، جگە لەوەی كەخەڵكێكی زۆر لە شوێنە جیاجیاكانی تری كوردستان وەك پەناگەیەك لە باڵەكایەتی بەگشتی بۆحەوانەوەو هەروەها پشتیوانی كردن لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، ڕوویان تێكردووە، بارەگای لیژنەی ناوچەی باڵەك لە گەڵاڵە بووە، واتە بەگشتی بە شوێنێكی گرنگی شۆڕش هەژماردەكرا، ئەوەی تایبەت بێت بە كارەساتەكەی 26/4/1974 ی پردی گەڵاڵە لەو ڕۆژەدا فرۆكەكانی ڕژێمی بەعس تاوانێكی گەورەیان دژی دانیشتوانەكەی و خەڵكانی میوان ئەنجامداو بەچەكی ناپاڵمی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی ئەم شوێنەی كردە گۆمی خوێن و تاوانێكی تری دژبە مرۆڤایەتی خستە نێو فایلی تاوانەكانی تری، بۆ ئەو وەفاداریە (مینۆمۆنتێك)ی شیاومان وەك وەفاداری بۆ قوربانیانی كارەساتەكە لەهەمان شوێنی روداو داناو لەبەرنامەماندایە ساڵانە بە بەرنامەڕێژی ئەم یادە بەرز ڕابگرین و خەریكی كۆكردنەوەی ناوی سەرجەم قوربانان و بریندارەكانبین، ژمارەی قوربانیان كە (86) شەهیدو ژمارەیەكی زۆریش بریندارببوون".
هەروەها (نورەدین مستەفا گۆرۆنی) كارگێری لقی26ی گوڵان لە باَلەك گوتی: "بێ گومان بۆ دابینكردنی دوا رۆژێكی گەش بۆ هەر نەتەوەیەك پێویستە لەسەر هەر یەكێكی ئەم نەتەوەیە رابردوو و دیرۆكی خۆی بزانێ و سەرجەم رۆژە پرشنگدارەكان و كارەساتەكانی بەسەر گەلەكەمان داهاتووە بەگەورەیی یاد بكەینەوە، لێرەدا دەمەوێت لەو تراژیدیایە بدوێم كەلە 26/4/1974 فرۆكە جەنگیەكانی رژێمی بەعس لە (پردی گەڵاڵە) خوڵقاندیان و لە چەند خولەكێك بە بۆردوومان كردنی (پردی گەڵاڵە) (86) رۆلەی ئازادی خوازی گەلەكەمانی شەهیدو كۆمەڵە خەڵكێكی تریش بریندار بكەن، پێویستە ئاماژە بەوە بدەین بە درێژایی تەمەنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە بەردەوامی ناوچەی باڵەكایەتی كەوتۆتە بەر ئەو جۆرە هێرشانەی رژێم و چەندین كارەساتی وەكو پردی گەڵاڵەی لێ رووداوە، چونكە بە درێژای (14)ساڵ لوتكە باڵاكێوەكانی باڵەكایەتی سەنگەری پێشمەرگەو بنارە رەنگینەكان و پێدەشتەكانی لانەو شوێنی حەسانەوەی شۆڕشگێرانی گەلەكەمان بووە، سەرجەم گوندنشینەكانی باڵەكایەتی بە شانازیەوە خزمەتكاری شۆڕش بوونەو ئەمەش هۆكارێكی سەرەكی بووە بۆ دەستنیشان كردنی ئەم ناوچەیە لەلایەن (بارزانی)یەوە بۆ بنكەو شوێنی حەسانەوەی سەركردایەتی شۆڕش و پێشمەرگە قارەمانەكانی، جگە لە هەڵكەوتە جوگرافیاكەی و گونجاو بوونی لە رووی سەربازیەوە، لە چوار ساڵی رابردوودا ئێمە بە زیندوو راگرتنی یادی شەهیدانی سەربەرزی كارەساتی پردی گەڵاڵەو رێزلێنان لە خۆراگری و بەرخودانی خەڵكی باڵەكایەتی، كۆتەلێكمان لە شوێنی رووداوەكە دروست كردو بە مەراسیمێكی شایستە پەردەی لەسەر لادرا، وەلە هەوڵداین بۆ بەدەست هێنانی زانیاری زیاتر لەسەر قوربانیانی ئەم كارەساتە، چونكە هەندێك لە قوربانیان خەڵكی ناوچەكانی تری كوردستان بوون، لە كۆتایدا بە پێویست دەزانم داوا لەو شۆڕشگێرانە بكەم كە بە درێژایی هەردوو شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و گوڵانی پیرۆز لەو ناوچەیە ژیاون و پێشمەرگە بوونە، وەك وەفایەك بۆ جەماوەرو ناوچەكە هەوڵی زیندوو كردنەوەی رووداوە خۆش و ناخۆشەكان بدەن بە نۆژەن كردنەوە یاخود ناساندنی ئەو شوێنەوارە پیرۆزانەی شۆڕش كە ئاسەواریان هێشتا ماوە تەنانەت ئەگەر بە نووسینیش بێت لە بڵاوكراوەكان".