Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 29 SEP 2026 01:27 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سەرۆک بارزانی: لە ڕوودانەوەی سیناریۆی هاتنی داعش دەترسم
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە باسی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکەی کرد و ڕایگەیاند، ترسم لەوە هەیە جارێکی دیکە داعش بگەڕێتەوە.

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، لە ساڵی 2011 نزیکەی 100 هەزار سەربازی ئەمریکی لە عێراق بوون، کۆبوونەوەی زۆر لە بەغدا کرا لەسەر ئەوەی ئایا لەگەڵ ئەمریکییەکان بچینە نێو ڕێککەوتنێکی دووقۆڵییەوە یاخود دەبێت بچنە دەرەوە، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا کە وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆش ئامادە بوون، گوتم: ئێمە لێرە تاوتوێی چی دەکەین؟ با پرسیار لەوانە بکەین کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە دۆسیەی ئەمنییەوە، لە وەزیری بەرگریم پرسی: ئایا هێز و توانای ئەوەت هەیە وڵات بپارێزیت؟ گوتی "سوێند بە خودا هیچم نییە". لە وەزیری ناوخۆم پرسی، ئەویش گوتی: "سوێند بە خودا ناتوانم یەک سەربازگەش بپارێزم”.

سەرۆک بارزانی هەر لە بارەی ئەو کۆبوونەوەیەدا گوتی، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا لە ئامادەبووانم پرسی: باشە ئەگەر ئێستا ئەفسەرێکی ئەمریکی بێتە ئەم هۆڵەوە، ناتوانێت هەموومان دەستگیر بکات؟ یەکێک لە ئامادەبووان گوتی، "نەک ئەفسەر، بەڵکو سەربازێکیش دەتوانێت ئەوە بکات". منیش گوتم: کەواتە باشتر نییە ڕێککەوتنێک هەبێت بۆ ئەوەی لانیکەم قۆناخی داگیرکاری کۆتایی پێبێت، سەروەریمان بگەڕێتەوە و ڕێککەوتنێکی دووقۆڵی لەنێوانماندا هەبێت؟ بەڵام گوێیان نەگرت و ململانێی سیاسییان پێوە کرد، سەرەنجام ئەمریکییەکان ڕۆیشتن و داعش هات و من لە هەمان سیناریۆ دەترسم.

سەبارەت بە جیاوازیی دۆخی ئێستا و ڕابردوو، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە بارودۆخەکە گۆڕاوە و ڕایگەیاند: بارودۆخەکە ئێستا جیاوازە، ئەو کاتە هێزەکان خۆیان ناوی داگیرکارییان لە خۆیان نابوو و وەکو هێزێکی داگیرکەریش مامەڵەیان دەکرد، بەڵام لە ساڵی 2014 و دوای هاتنی داعش، حکوومەتی عێراق لەو کاتەدا پەنای بردە بەر ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپا و ناتۆ، داوایانکرد هاوکاریان بکەن و بەخێرایی فریایان بکەون.

سەرۆک بارزانی لەبارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و کێشەکانی بەردەم بەڕێوەبردنی دەوڵەت گوتی: لە ڕاستیدا ئاستەنگ و بەربەست لەبەردەم هەر سەرۆکوەزیرانێکدا هەبووە، سەرۆکوەزیران هەڵبژاردەی تەواوی لەدەستدا نەبووە و خاوەنی دەسەڵاتی تەواو نەبووە، بەڵکو تا ڕادەیەک ئیرادەی لێ زەوت کراوە، ئەو حزبانەی کە هەن و لە پلەی یەکەمیشدا چوارچێوەی هەماهەنگی بەرپرسیارێتییەکە هەڵدەگرن، چونکە ئەوانن کە دەستیان بە حوکمڕانی کردووە، ئەمەش هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، ناکرێت تەنیا یەک پێکهاتە حوکمڕانی بکات.

سەبارەت بەوەی ئایا ئێستا تەنیا چوارچێوەی هەماهەنگی حوکم دەکات؟ سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: نزیکەی هەموو شتێک بەدەست ئەوانەوەیە، سەرجەم دەسەڵاتەکانیان بەدەست خۆیانەوەیە، لەسەر ئەو بنەمایە ڕێککەوتبووین بگەڕێینەوە سەر بنەماکانی هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی، ئەگەر ئەمە جێبەجێ بکرێت باشە، بەڵام ئەگەر بەردەوام بن لەسەر هەمان ڕێچکەی پێشوو، ئەوا لە ڕاستیدا تەنیا چوارچێوەیە کە حوکم دەکات.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕەوتی سەدر و لایەنەکانی دیکە لە گۆڕەپانەکەدا ئامادە نەبن، حوکمڕانی چۆن بەڕێوە دەچێت؟ سەرۆک بارزانی گوتی: حوکمڕانییەکی کەمئەندام دەبێت، حوکمێکی ئیفلیج دەبێت ئەگەر ڕەوتی سەدر ئامادە نەبێت، ئەگەر ئێمە ئامادە نەبین و ئەگەر لایەنەکانی دیکەش ئامادە نەبن، بە دڵنیاییەوە حوکمڕانییەکە ئیفلیج دەبێت.

سەبارەت بە هەوڵەکانی پەراوێزخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قۆناخەکانی پێشوودا و ململانێی دابەشکردنی پۆستەکان، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، ئەوان لەو بڕوایەدابوون بەو کارانە هێزی خۆیان پێشانی پارتی دەدەن، پێیان وابوو بەرەیەکی گەورەن و دەتوانن بە تەنیا عێراق بەڕێوە ببەن و پارتی پەراوێز بخەن، بێگومان تووشی ئەو جۆرە وەهمە بووبوون، زۆر کەس هەوڵی پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی پارتییان دا، بەڵام سەرەنجام ئەوان خۆیان پەراوێزخران و دەرکران و پارتی وەک خۆی مایەوە.

سەرۆک بارزانی سەبارەت بە مەترسیی پێکدادانی ناوخۆیی و ڕێکخستنەوەی چەکی ئەو گرووپانە ڕایگەیاند: هیوادارم ئەم بابەتە نەگاتە ئاستی شەڕ و پێکدادان، چونکە ئەوە نە لە بەرژەوەندیی عێراقدایە، نە هەرێم و نە هیچ لایەکمان، بەڵام چۆن ئەم بابەتە یەکلایی دەکرێتەوە؟ لە ڕاستیدا من بە زەحمەت و سەختی دەبینم.

سەبارەت بە دیاریکردنی وادەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو پرسە، سەرۆک بارزانی گوتی: بە دڵنیاییەوە دیاریکردنی وادەی 30ـی ئەیلوول زۆر سەختە، بەڵام ئەگەر چەند مانگێکی دیکەشی پێ بچێت و ئەم بابەتە بە شێوازێکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، ئەوا دەستکەوت و سەرکەوتن دەبێت بۆ هەموو عێراق و بۆ خودی ئەو گرووپە چەکدارانەش، گرنگ ئەوەیە چەک دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەت و یاسادا بێت، ئەگەر بەکاریش بهێنرێت، تەنیا بە فەرمانی فەرماندەیی باڵا بێت، نەک هەر کەسە و بە ئارەزووی خۆی مامەڵە بکات.

لەبارەی ڕۆڵی ئێران لەم دۆسیەیەدا و ڕێگەکانی چارەسەری، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، گرنگ ئەوەیە ئەم دۆسیەیە بە ڕێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، چ لەگەڵ ئێران بێت یان لەگەڵ هەر لایەنێکی دیکەی ئێران، ئەوە هەنگاوێکی باشە، بەڵام من بە سەختی دەبینم، چونکە هەندێک خەڵک هەن لەم بارودۆخە سوودمەندن، بۆیە بە ئاسانی دەستبەرداری چەک نابن.

سەبارەت بە فشارەکانی واشنتن و ئەگەری سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر عێراقدا، سەرۆک بارزانی هۆشداری دا و گوتی: ئەمەش بابەتێکی یەکجار گرنگە و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، ئەگەر ئەمریکییەکان سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنن، وڵات دووچاری کێشەی یەکجار گەورە دەبێتەوە. ئەگەر پرسی چەک چارەسەر نەکرێت، عێراق باجەکەی دەدات، چ بە سزای ئابووری بێت یان بە دابڕان و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی، هەموو ئەمانە بەسەر عێراقدا دێن، من پێشبینیی وا دەکەم.




دوایین هەواڵەکان

د. ھێمن ھەورامی سەردانی لقی ۲٥ی کرد و پرسی بەھێزکردنی ڕێکخستنەکانی تاوتوێ کرد

MONDAY, 28 SEPTEMBER 2026 21:09:00

کەرکووک-KDP.info- لە چوارچێوەی کار و پلان و بەرنامەکانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ۲۸ی ئەیلولی ۲٠۲٦، د. ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستن، بە ھاوڕێیەتیی ژمارەیەک لە ھەڤاڵانی بەشی ڕێکخستن و بە ئامادەبوونی یاریدەدەر و ئەندامانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک ـ گەرمیان ـ خانەقین، سەردانی لقی ۲٥ی دەوروبەری کەرکووکی کرد.

 
جەخت لە ڕێنماییەکانی مەسروور بارزانی بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان کرایەوە

MONDAY, 28 SEPTEMBER 2026 21:09:00

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و بنبڕکردنی ڕۆتین لە دامەزراوەکاندا، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی یەکە ئیداری و حزبییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کۆبووەوە و جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

 
فازڵ میرانی: ئێزگەی دەنگی کوردستان، دەنگی پێشمەرگە و شۆڕشی کوردستان بوو

MONDAY, 28 SEPTEMBER 2026 20:09:00

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان دەکات و لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ئێزگەی دەنگی کوردستان، سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو و گرنگی ھەواڵەکانی شۆڕش و چالاکییەکانی پێشمەرگە بوو.

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان دەکات

MONDAY, 28 SEPTEMBER 2026 20:09:00

ھەولێر-KDP.info- بە بۆنەی (٦٣)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و سەرجەم کادیر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان دەکات.

 

مەسروور بارزانی و لۆرد ئاشکرۆفت بیروڕایان لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد

MONDAY, 28 SEPTEMBER 2026 19:09:07

ھەولێر-KDP. info-  سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پێشوازی لە لۆرد مایکل ئاشکرۆفت، سیاسەتکار و خاوەنکار و سەرۆکی فەخری یەکێتیی نێودەوڵەتیی دیمۆکراسی (IDU) کرد.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact