هەولێر-KDP.info- ٤١ ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق کەمپی ئاوارەکانی (زێوە)یان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆردومان کرد، کە بەهۆیەوە سەدان هاووڵاتیی بێتاوانی نیشتەجێی کەمپەکە شەهید و بریندار بوون.
ڕێکەوتی ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٥، کەمپی پەنابەرانی کوردی باشوور لە (زێوە)ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەوتە بەر شاڵاوێکی دڕندانەی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق.
سەبارەت بەم یادە خەمناکە، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، "له ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ ٩ی حوزه‌یرانی ١٩٨٥، كه‌مپی په‌نابه‌رانی كورد له (زێوه) له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به هه‌شت فڕۆكه‌ی جه‌نگیی عێراقی بۆردومان كرا."
پارێزگاری دهۆک دەربارەی ژمارەی قوربانیانی ئەو ڕۆژە گوتیشی، "به‌هۆی ئه‌و بۆردومانه وه‌حشیگه‌رانه‌یه ١١٩ په‌نابه‌ری كورد شه‌هید بوون و زیاتر له ٥٠٠ كه‌سی دیكه‌یش بریندار بوون."
ئەم کەمپە کە تایبەت بوو بە حەواندنەوەی ئەو پەنابەرە کوردانەی باشووری کوردستان کە بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ڕاوەدوونانی ڕژێم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیرسابوونەوە، بە گشتی شەش جار لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە بۆردومان کراوە. لە ئەنجامی کۆی ئەو بۆردومانانەدا ١٥٠ کەس شەهید بوون و زیاتر لە ٦٠٠ پەنابەریش بریندار بوون.