Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 24 MAY 2026 22:10 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و کۆنسوڵی چین کۆبوونەوە
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- لە دیداری نێوان بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و کۆنسوڵی چین، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرا و هۆشیار سیوەیلی جەختی کردەوە، پارتی پشتگیری لە گفتوگۆ، تێگەیشتنی دەستووری، هاوبەشیی سیاسی و ڕێککەوتنێکی بەرپرسیارانە لە نێوان حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز لیو جون، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری میللیی چین لە هەرێمی کوردستان، بەڕێز ژانگ جیانشین، جێگری کۆنسوڵی گشتی و شاندی یاوەریان کرد.

لە دیدارەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان، ناوچەکە و  نێودەوڵەتییەکان کرد، هەروەها ئەو بابەتانەی کە جێی بایەخی هەردوولان. 

بەڕێز سیوەیلی باسی دۆخی سیاسیی ئێستای کرد لە ڕوانگەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە. ئەو جەختی کردەوە کە پارتی پشتگیری لە گفتوگۆ، تێگەیشتنی دەستووری، هاوبەشیی سیاسی و ڕێککەوتنێکی بەرپرسیارانە لە نێوان حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ، کە خزمەت بە خەڵک بکات و وەڵامی متمانەی خەڵک بداتەوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سیوەیلی دووپاتی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان، ڕێزگرتن لە سەروەریی یاسا و جێبەجێکردنی تەواوی دەستووری هەمیشەیی عێراق.

هەروەها جەختی کردەوە کە پارتی بەردەوامە لە ڕۆڵی بنیاتنەرانەی خۆی لە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسیی عێراقدا، بۆ پشتیوانی لە سەقامگیری، گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی.

لەبارەی گرژییە ناوچەییەکان، هۆشیار سیوەیلی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان نەبووە و نابێت ببێتە بەشێک لە هیچ ملمڵانێ یان هەڵکشانی گرژییەکان. ئەو ڕوونی کردەوە کە ناکۆکییەکان دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ، دیپلۆماسی، ڕێزگرتنی هاوبەش و ڕێگای ئاشتییانە چارەسەر بکرێن، نەک بە هەڕەشە یان بەکارهێنانی هێز.

دیدارەکە هەروەها دەرفەتێک بوو بۆ بیستنی تێڕوانینی چین سەبارەت بە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پەرەپێدانی سەقامگیریی نێودەوڵەتی.

بەڕێز لیو جون جەختی لە ڕێبازی چین کردەوە کە پشت بە گفتوگۆ، تێگەیشتنی ستراتیژیی دوورمەودا و دیپلۆماسیی ئاشتییانە دەبەستێت و ئەمانە بە ئامرازێکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان دەزانێت.

بەڕێز سیوەیلی ستایشی ڕۆڵی گەشەسەندووی چینی کرد وەک هێزێکی گرنگی سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی و تەکنەلۆژی. هەروەها پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هاوکارییە ئەرێنییەکانی نێوان چین، عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان، پەروەردە، کولتوور، ژێرخان، تەکنەلۆژیا و ئاڵوگۆڕی نێوان گەلان.

لەو چوارچێوەیەدا، سیوەیلی دووپاتی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێز لە  سیاسەتی کۆماری میللیی چین دەگرێت، لەگەڵ ڕێزگرتن لە خواستی گەلان و پابەندبوون بە بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێویاندا بڕیاری ژمارە ٢٧٥٨. هەروەها پشتگیریی خۆی دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی بابەتە پەیوەندیدارەکان لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتییانە و بەپێی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان بە لەبەرچاوگرتنی خواستی گەلان.

لە لای خۆیەوە، بەڕێز لیو جون جەختی کردەوە کە چین ڕێز لە خواستی گەلان بۆ پێشکەوتن و سەقامگیری دەگرێت و پەیوەندییە دەرەکییەکانی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەت و خاک و دەستتێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان بنیات دەنێت و خواست و ماف و داوای هاووڵاتیان بە گفتوگۆ و تێگەشتن بە ئەنجام دەگات نەک پەنابردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە.

ئەو گوتی پرسە نێودەوڵەتییە هەستیارەکان دەبێت بە دانایی، ڕێزی هاوبەش، گفتوگۆ و ڕێگای ئاشتییانە چارەسەر بکرێن.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی زیاتری کەناڵەکانی پەیوەندی و هاوکاری لە نێوان دامەزراوە چینییەکان و هەرێمی کوردستان کردەوە، لە بوارەکانی جێی بایەخی هاوبەش، لەوانە گفتوگۆی سیاسی، هاوکاریی ئابووری، ئاڵوگۆڕی کولتووری، پەروەردە، گەشەپێدان و پەیوەندیی دامەزراوەیی.

 




دوایین هەواڵەکان

سەرەدانا مەسرور بارزانی بۆ بەغدا و بهێزکرنا لێکتێگه‌هشتنا سیاسی

SUNDAY, 24 MAY 2026 21:05:00

زه‌ری نه‌وزاد

 
سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆکی ڕەوتی حیکمە کۆبووەوە

SUNDAY, 24 MAY 2026 21:05:00

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی کۆبووەوە، لە دیدارەکەدا جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە.

 
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم کۆبووەوە

SUNDAY, 24 MAY 2026 20:05:00

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ھاوپەیمانیی تەسمیم، ھاوڕابوون لە سەر پێویستیی پەرەپێدان و بەھێزکردنی ھاریکاری، پەیوەندیی و کاری ھاوبەش لە پێناو باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی مافەکانی گشت پیکھاتەکان.

 
پەردە لەسەر تابلۆی ناوی شەقامەکانی عەلی عەبدوڵڵا و محەممەد مەلا قادر لادرا

SUNDAY, 24 MAY 2026 20:05:00

ھەولێر-KDP.info- لە ھەولێر بەئامادەبوونی نوێنەری "سەرۆک بارزانی" پەردە لەسەر ناوی دوو شەقام بە ناوی دوو تێکۆشەری مەزنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لادرا.

 
مەسروور بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق دکتۆر ئەیاد عەللاوی کۆبووەوە

SUNDAY, 24 MAY 2026 20:05:00

بەغدا-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ـی ٥ـی ٢٠٢٦، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق ئەیاد عەلاوی کۆبووەوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact