ھەولێر-KDP.info- سکرتێری گشتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ھەوڵە چڕە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی و ئیرادەی گەل، شکستیان بەو پلانە ھێنا کە دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان داڕێژرابوون.
بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری گشتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەو گەلەکۆمەکییەی دژ بە ڕۆژئاوا ئەنجامدرا، ھەوڵێکی نادادپەروەرانە بوو بۆ شکاندنی ئیرادەی نەتەوەیی، بەڵام ڕاپەڕینی گشتیی گەل و ھەڵوێستی نەتەوەیی ڕێگری لەو پلانانە کرد."
ناوبراو جەختی کردەوە کە جووڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی ئەمەریکا و ئەوروپا، ھاوتەریب لەگەڵ پەیوەندییە بەردەوامەکانی لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی و ھێزە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا، ھێزێکی گەورەی نەتەوەیی خولقاند کە دەرەنجامەکەی گەیشتن بە ڕێککەوتن و پاراستنی دەستکەوتەکان بوو.
سکرتێری حزبی زەحمەتکێشان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەرکی ئێستای لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوایە یەکگرتوویی خۆیان بپارێزن، تا بتوانن مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە سوریای داھاتوودا جێگیر بکەن.
قائید میرۆ