Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 21 FEB 2026 01:40 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بەهێزبوون لە سەردەمی یاسای دارستاندا
| KDP.info


زکری مووسا

زۆر لێكدانەوە هەن، پێیانوایە جیهان پێی ناوەتە قۆناغێكی ناڕوون و ترسێنەر كە تێیدا یاسای دارستان باڵادەستە و بەهێز و درشتەكان، لاواز و وردەكان دەخەنە ژێر چەپۆک و هەژموونی خۆیان. ئەخلاق و بەها و پڕەنسیپ ئیدی لە هاوكێشەكاندا كاریگەر نین، ئەوە هێز و چەك و پارە و فرتوفێڵە چارەنووسی مرۆڤایەتی و وڵاتان دادەڕێژنەوە. چیتر سەروەری و سنوور و یوئێن و یاسای نێودەوڵەتی پارێزەری دەوڵەتان نین.. هەموو لایەك لەژێر هەڕەشەن و كەس پارێزراو نیە. تەنانەت لە ئاستی ژیانی تاكەكەسیشدا مرۆڤەكان لە خەم و تەقەڵڵای ئەوەدان چۆن لەبەرانبەر ترسەكاندا مانا و ئارامی و هیوا بۆ ژیان بدۆزنەوە.

لە ڕاستیدا بە لەبەرچاوگرتنی ڕووداوەكانی ئەم دواییە ئەمەی گوترا ڕەنگە هەڵگری بەشێك لە حەقیقەت بێت و بەرەو ڕەشبینیی زیاتر تاومان بدات. بارودۆخی نێودەوڵەتیی ئێستا زۆر لە كەشوهەوای سییەكانی سەدەی بیستەم واتە ساتەكانی پێش ڕوودانی جەنگی جیهانیی دووەم دەچێت. كۆمەڵەی گەلان و یاسای نێودەوڵەتیی ئەو كات و بەها و پڕەنسیپەكان نەیانتوانی فریادڕەس بن و ڕێگە لە هەڵگیرسانی ئەو شەڕە بگرن كە دەیان ملیۆن كەس بەهۆیەوە كوژران و جیهان هەتا سەر لێواری لەناوچوون ڕۆییشت. ڕووداوەكان و دیمەنی ئێستا پێمان دەڵێن ئێمە لە قۆناغێكی بێ بەزەیی مێژوودا دەژیین كە نەخشێنەری وتەی یەكەم و كۆتایی هەر بەرژەوەندییەكانن.

لەبارەی كورد چیڕۆكەكە جیاوازترە لە شوێنەكانی تری جیهان. لە سەدەی بیستەمدا كە سەدەی كۆمەڵەی گەلان و نەتەوە یەكگرتووەكان و یاسای نێودەوڵەتی و سیادەی دەوڵەتان بوو، گوێ بە داواكاری و بوونی كورد نەدرا و بە بێ ویستی خۆی دابەشكرا و ناسنامەی پێشێلکرا و هەوڵی سڕینەوەی درا. كورد بەو دابەشكردن و بەو ستەمە ئاشكرایە ڕازی نەبوو و ئەو ناڕەزایەتییە لە شۆڕشەكانی كورددا بەرجەستە بوو. وەڵامی ئەو شۆڕش و ناڕەزایەتییە بە ئازار و نەهامەتی و مەرگەسات و جینۆساید و نکۆڵیی زیاتری كورد درایەوە. بۆ كورد سەدەی بیستەمیش وەك ئێستا سەدەیەكی تاریك و ناڕوون و بێ بەزەیی بوو.

پرسیار ئەوەیە بۆچی سەرباری ئەو مامەڵە دارستانی و دڵڕەقانەی كە لەگەڵ كورد و مافەكانی كرا بەڵام كورد هەر ما و هەریش بەهێزتر بوو؟

بە بەراورد لەگەڵ سەتساڵ پێش یان وردتر بڵێین، 1926 كورد ئێستا لەدۆخێكی زۆر باشتردا دەژیێت، هێزێكی ئەتنیكی و سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و جیۆگرافی و كولتوورییە كە ناكرێ نادیدە بگیرێت. بۆچی وای لێهات و كورد نەسڕایەوە و بەهێزتر بوو و هەر مایەوە؟ وەڵامی خێرا و كورت و پوخت ئەوەیە: بەهۆی پێكۆڵی و بەردەوامی و سەرسەختی خۆیەوە كورد مایەوە و بەردەوام بوو و هێزی زیاتری وەدەست خست. بیرمان نەچێت هیچ گەلێك بە پشتبەستن بە بەزەیی وڵاتان و پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەكانەوە ئازادی وە چنگ نەخستووە، بەڵكو بەپشتبەستن بە خۆیانەوە توانیویانە بگەن بە ئازادی و سەربەخۆیی. ئایرلەندا، ڤیەتنام و كۆسۆڤۆ و دەیان نەتەوە و گەلی تر پشتیان بە خۆیان بەست و بەردەوام و پێكۆڵ بوون و خەباتیان كرد و خۆیان و داواكارییەكانیان چەسپاند.

بێگومان لە سەردەمی یاسای دارستانیشدا هەر وایە، ئەوە سیستەمی دارستان نیە بڕیار لەسەر چارەنووس دەدات بەڵكو پشتبەستن یان نەبەستن بە هێز و بوونی خۆتە بڕیار لەسەر مانەوەی تۆ دەدات. هەروەها ئەو گەلەی هیوای لەسەر چاوەڕوانیی بەزەیی و بەڵێنی ئەوانی تر هەڵبچنێت تیاچوون چارەنووسیان دەبێت. ئەو وتەیەی سەرۆك بارزانی لە ئیتالیا دووپاتی كردەوە کە دەبێ خۆت هەبی و لە كتێبەكەی بۆ مێژوودا ڕوونتر ئاماژەی پێ داوە ڕێك گەیاندنی ئەو پەیامەیە بە خەڵكی كوردستان. "هیچ كات پشتی خۆتان بە كەس گەرم نەكەن. جیهان، جیهانی بەرژەوەندییەكانە. ئەگەر بەرژەوەندییان لەگەڵ كورد بگونجێ ئەوا دەبنە دۆست و ئەگەر بەرژەوەندییان نەگونجێ پشتتان تێ دەكەن و ناتانناسن. بۆیە تەنیا پشت بە خودا و پشت بە خۆتان ببەستن. ئەگەر پێشمەرگەی خۆمان هەبێت و هێزی خۆمان هەبێت، كوردستان دەتوانێ خۆی بپارێزێت. ئەگەر بێهێز بین ناپارێزرێین و لەناویشمان دەبەن". ئەم ئامۆژگارییەی سەرۆك بارزانی بۆ سەدەی بیستەمی كورد ڕاستە و بۆ سەدەی بیست و یەك و بۆ سەردەمی باڵادەستبوونی یاسای دارستانیش هەر ڕاستە. 

ئەو تێزە واقعیە لەدوای ڕووداوەكانی سووریا و هەڕەشەكانی سەر ڕۆژئاوا بە باشی وەڵامی دایەوە. جۆش و خرۆش و ئەو شەپۆڵە نەتەوەییەی كە لەناو هەموو هەرێمی كوردستان و كوردانی دەروەری وڵات و پارچەكانی تر بۆ پشتیوانیكردنی ڕۆژئاوا بینرا لە مێژوودا بێوێنەیە و كاریگەریی زۆری لەسەر ئەوە هەبوو كە ڕێگە لە ڕوودانی نەهامەتی و كارەساتی تر بگیرێت. ئەو هاودەنگییە نەتەوەییەی لە ئاستی جەماوەری و سەرجەم چینوتوێژەكانیش بینرا، پەیامێكی زۆر ڕوونی بە گوێی هەموومان چرپاند. ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی و یەكگرتوویی و یەكدەنگی بەرانبەر پرسە چارەنووسازەكانی كورد یەكجار بەرزە. هەموو ئەو دەنگۆ و پرۆپاگەندانە ناڕاست دەرچوون كە باس لە نەبوون و كاڵبوونەوەی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی لەناو كوردیان دەكرد. دیسان بۆمان سەلمێندرا ناسنامە و هۆشیاریی نەتەوەیی و ئیرادەی هاوبەش گەورەترین سەرمایەی کوردن.




دوایین هەواڵەکان

بەڵێن عەبدوڵڵا بۆ KDP: دیپلۆماسییەتی بارزانی ھێزێکی نەتەوەیی خولقاند و دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای پاراست

FRIDAY, 20 FEBRUARY 2026 20:02:00

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری گشتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ھەوڵە چڕە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی و ئیرادەی گەل، شکستیان بەو پلانە ھێنا کە دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان داڕێژرابوون.

ڕێبوار تاڵەبانی بۆ KDP: پێویستە میساقێکی نیشتمانی لە نێوان فراکسیۆنەکان ئیمزا بکرێت

FRIDAY, 20 FEBRUARY 2026 13:02:26

هه‌ولێر-KDP.info- ڕاوێژكارێكی سه‌رۆكی حكوومه‌ت جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی ١٤٠ هێڵی سووره‌ و ده‌بێت ئه‌مجاره‌ كورد مه‌رجی توندی بۆ به‌شداری له‌ حكوومه‌تی به‌غدا هه‌بێت.

 
مەلا یوسف بۆ KDP: خۆشەویستیی نیشتمان بەشێکە لە ئیمان و ئەرکێکی باڵای ئایینی و مرۆییە

FRIDAY, 20 FEBRUARY 2026 13:02:02

سۆران-KDP.info- خۆشەویستیی نیشتمان و خزمەتکردنی گەل، جەوهەری پەیامی پێغەمبەری خودا (د.خ) و بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی مامۆستایانی ئایینیی کوردستان. لەم ڕوانگەیەوە، (KDP.info) لە زنجیرە دیدارێکی تایبەتدا لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی مێژوویی مزگەوت و حوجرەکان وەک سەرقافڵەی نیشتمانپەروەری، کە هەمیشە ئایین و نیشتمانیان بە یەکدییەوە گرێداوە و دوعای خێریان بۆ کوردستان بووە. 

 
وەزیری ناوخۆ سەردانەکەی بۆ واشنتۆن کۆتایی پێهێنا و هاوبەشیی ستراتیژیی هەرێمی دووپاتکردەوە

FRIDAY, 20 FEBRUARY 2026 13:02:42

واشنتۆن-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای زنجیرەیەک دیداری ئاستبەرز لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی، کۆنگرێس و ناوەندەکانی بڕیار، کۆتایی بە سەردانە فەرمییەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێنا.

 
وەزیری ناوخۆ سەردانی بارەگای سەرەكی دەزگای (FBI)ی ئەمەریكی كرد

THURSDAY, 19 FEBRUARY 2026 23:02:00

ئەمەریکا-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی بارەگای سەرەکی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا (FBI)ی کرد و ھەردوولا جەختیان لە بەھێزکردنی ھەماھەنگییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact