واشنتۆن-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای زنجیرەیەک دیداری ئاستبەرز لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی، کۆنگرێس و ناوەندەکانی بڕیار، کۆتایی بە سەردانە فەرمییەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێنا.
لە ماوەی سەردانەکەیدا، ڕێبەر ئەحمەد لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتەکانی (دەرەوە، جەنگ، وزە) و بارەگای سەرەکی (FBI) کۆبووەوە. لەم دیدارانەدا جەخت لەسەر هەماهەنگیی سەربازی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی وزە وەک خاڵی لەپێشینەی هاوبەش کرایەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی باڵای کۆمیتەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هێزە چەکدارەکان لە سینات، وەزیری ناوخۆ تیشکی خستە سەر ڕۆڵی قارەمانانەی هێزەکانی پێشمەرگە لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەدا. لایەنی ئەمریکی بەردەوامیی پشتگیرییەکانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو دووپاتکردەوە.
سەردانەکە تەنها ڕەهەندی ئەمنی نەبوو، بەڵکو هەماهەنگیی ئابووری و هاندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێم تەوەرێکی سەرەکی بوو. هەروەها وەزیری ناوخۆ لە شاری دیترۆیت سەردانی کۆمەڵگەی دایاسپۆرای کلدانی و کریستیانەکانی کرد، کە نیشانەی پابەندیی هەرێمی کوردستانە بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان.
