سۆران-KDP.info- خۆشەویستیی نیشتمان و خزمەتکردنی گەل، جەوهەری پەیامی پێغەمبەری خودا (د.خ) و بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی مامۆستایانی ئایینیی کوردستان. لەم ڕوانگەیەوە، (KDP.info) لە زنجیرە دیدارێکی تایبەتدا لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی مێژوویی مزگەوت و حوجرەکان وەک سەرقافڵەی نیشتمانپەروەری، کە هەمیشە ئایین و نیشتمانیان بە یەکدییەوە گرێداوە و دوعای خێریان بۆ کوردستان بووە.
لەوبارەیەوە مەلا یوسف مەلا ئەحمەد، مامۆستای ئایینی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "نیشتمان ئەو هەوارە پیرۆزەیە کە دایک و پەناگەی مرۆڤە. خۆشەویستیی وڵات هەستێکی سرووشتییە کە خوای گەورە لە دڵی مرۆڤدا چاندوویەتی، ئەو خاکەی تێیدا گەورە بووین و یادگارییەکانمان پێوەی بەستراوەتەوە، ڕێزگرتنی ئەرکێکی مرۆیی و ئایینییە."
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسلام وەک ئایینێکی گشتگیر، گرنگییەکی زۆری بە خۆشەویستیی وڵات داوە و فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) لە کاتی ماڵئاوایی و گەڕانەوەی بۆ مەککە، باشترین نموونەی وەفادارییە بۆ خاک. گوتیشی: "مرۆڤ هەرچەندە تووشی ئازار و ناخۆشیش بێت، نابێت ڕێگە بدات خۆشەویستیی نیشتمان لە دڵیدا کەم بێتەوە، چونکە بنیاتنانی وڵات لە قورسترین کاتەکانیشدا بەهایەکی باڵایە."
لە کۆتایی دیدارەکەدا، مەلا یوسف جەختی کردەوە کە خۆشەویستیی وڵات تەنیا هەست نییە، بەڵکو پابەندبوونە بە بەها ئەخلاقییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان. "وڵات ئەو شوێنەیە کە خەم و خۆشییەکانمانی تێدا هاوبەش دەکەین، بۆیە بەرگریکردن لێی بەرانبەر هەر خراپەکارییەک، ئەرکی هەموو تاکێکی دڵسۆزە."
قائید میرۆ