ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگه بەیاننامەیەکی بڵاوكردهوه و به توندی ئیدانه و سهركۆنهی ڕەفتارە ناشرینەکانی ئەو چەند سەربازەی سوپای عێراقی دەکات.
دهقی بەیاننامەکهی وەزارەتی پێشمەرگە:
بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی ڕەفتارە ناشرینەکانی ئەو چەند سەربازەی سوپای عێراقی دەکەین کە لە دووزخورماتوو هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد، تەنها لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانی هەڵگرتبوو.
ئەم ڕووداوە پێشێلکردنێکی روونی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە. ئاڵای کوردستان نیشانەی ناسنامە و شانازی کوردستانە، کە بەپێی دەستور دانی پێدانراوە لە عێراقی فیدراڵی دیموکراتیدا هیچ کەسێک نابێت بەهۆی هەڵگرتنییەوە ببێتە ئامانجی توندوتیژی و دەستدرێژی.
داوا لە لایەنی یاسایی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەکەین کە بە خێرایی هەنگاو بنێن و لێپرسینەوەیەکی جدی بکەن لەسەر ئەم ڕووداوە و بەرپرسیارانی ئەم کردەوەیە بدرێنە دادگا و ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم کردەوە نەخوازراوانە، کە خزمەت بە ئاشتی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی ئەم ناوچانە ناکات.
وەزارەتی پێشمەرگه
١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥