ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئێمە شێوازی مامەڵەمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان جیاواز دەبێت لەوەی پێش ھەڵبژاردن ھەمان بوو، ھەروەھا باس لەوەش دەکات، لەمەودواعێراق تەنیا بە لایەنێکی دیاریکراوی نەتەتەوەیی یاخود مەزھەبی بەڕێوەناچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پارتی شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ لایەنەکان جیاواز دەبێت لەو شێوازەی کە پێش ھەڵبژاردن ڕایگەیاندبوو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
مەحموود محەممەد گوتیشی: خەڵکی کوردستان دەنگیان دابوو بۆ ئەوەی پەرلەمان و حکوومەت پێکبھێنرێت و دەبێت ئومێدی خەڵکی کوردستان بێتە دی.
گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت دەستوور جێبەجێ بکرێت کە ماددەی ١٤٠ و کۆمەڵێک بابەتی دیکەش لەخۆ دەگرێت و مافی خەڵکی کوردستانن و دەبێت ھەموویان بەیەکەوە جێبەجێ بکرێن و ھیچی دیکە قبووڵ ناکەین ھەندێک ماددەی دەستووری جێبەجێ بکرێت و ھەندێکی پێشێل بکرێت.
باسی لەوەشکرد، ٥٣ ماددەی دەستووری ھەن کە تا ئێستا یاسایان بۆ دەرنەچووە، ھەروەھا کۆمەڵێک دامەزراوەی زۆر گرنگی حکوومەتی فیدراڵی ھەن، کە فیدراڵییەت بەرجەستە دەکەن و تا ئێستا ھەر بوونیان نییە.
مەحموود محەممەد، لەبارەی ئەگەری پێکھێنانی ھاوپەیمانی لەنێو پەرلەمانی عێراقدا گوتی: ھاوپەیمانی سەخت نابێت ئەگەر عەقلییەتی ھەموو لایەنێک بگاتە ئەوەی لەمەودواعێراق تەنیا بە لایەنێکی دیاریکراوی نەتەتەوەیی یاخود مەزھەبی بەڕێوەناچێت، بەڵکوو دەبێت ھەموو لایەنە ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبییەکان بەیەکەوە عێراق بەڕێوەببەن چونکە ئەزموونی حوکمی تاکلایەنە پێشتر شکستی ھێناوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، کاتژمێر ٧:٠٠ـی بەیانی بنکەکانی دەنگدان بۆ دەنگدانی گشتیی کرانەوە و بڕیارە تاوەکوو کاتژمێر ٦:٠٠ـی ئێوارە پرۆسەکە بەردەوام بێت، ھەروەھا لە سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، ٧٧٤٤ کاندیدیش کێبڕکێ لەسەر ٣٢٩ کورسی پەرلەمان دەکەن.