ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لە ھەموو وڵاتێک دیموکراتی نییە، پێویستە ھەڵسوکەوت و ڕەوشتی کاندید، کیان و دەنگدەر، دیموکراتییانە و سەردەمیانە بێت، پابەند بن بە ڕەوشت و بەھا بەرزەکانەوە، ئەوەی دژی ئەوانە بێت دەمشڕییە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پرۆسەکە پرۆسەیەکی دیموکراتییە و ھەڵبژاردن ڕوویەکی دیموکراسییەتە، بەڵام لە ھەموو وڵاتێک دیموکراتی نییە، پێویستە ھەڵسوکەوت و ڕەوشتی کاندید، کیان و دەنگدەر، دیموکراتییانە و سەردەمیانە بێت و پابەند بن بە ڕەوشت و بەھا بەرزەکانەوە." ئاماژەی بەوەدا ئەوەی دژی ئەوانە بێت لە دەمشڕی لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا، دڕاندنی پۆستەرەکان، بوختانکردن بۆ کاندیدەکان، دژی پرۆسەی دیموکراسییە جەختی کردەوە "مرۆڤ کاتێک لە دایک دەبێت ئازادە و پێویستە بە ئازادی بژی و گوزارشت لە بیروڕای خۆی بکات، ئەمە یەکێکە لە پێداویستییەکانی ھەڵبژاردن."
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی پارتی ھیوای خواست "کۆمەڵگەی ئێمە و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش ڕۆژێک بگاتە ئەو ئاستەی بە شێوەیەکی شارستانی بچنە پێشەوە بۆ ھەڵبژاردن، نەک بە دەمشڕی، پۆستەر دڕاندن، یان کڕین و فرۆشتنی دەنگ."
ھەروەھا وەک نموونەیەکی ئەرێنی ئاماژەی بە دەستبەکاربوونی ئافرەتێک وەک پارێزگاری ھەڵەبجە کرد و گوتی: "ئاواتێکی دیکەم ئەوە بوو ئافرەتێک ببێتە پارێزگار و ئەوەش ھاتە دی. پیرۆزباییم لێکرد. گرنگ نییە سەر بە چ حزبێکە، گرنگ ئەوەیە کە بە شێوەیەکی دیموکراتی سەرکەوتووە."
لەکۆتاییدا، میرانی ھۆکاریی دەنگدانی ڕوون کردەوە و گوتی: "ئەمڕۆ دەنگماندا بۆ ئەوەی حکوومەتێک دروست بکەین کە خزمەتی وڵات و ھاووڵاتی بکات، بەڵام خزمەتێکی بێگەرد و بەبێ گەندەڵی. چونکە باوەڕێک ھەیە کە لە کوێ پارە ھەبێت، گەندەڵی لەوێ دروست دەبێت، بەڵام نابێت ئەمە ببێتە کولتوور، بەڵکو تەنیا ڕووداوێکە لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بە گوێرەی ئامار و تۆمارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر لە ٢٠ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان ھەیە، کە زیاتر لە دوو ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دەنگدەر لە ھەرێمی کوردستانن.
ناوەندەکانی دەنگدا لە کاتژمێر ٧:٠٠ـی بەیانییەوە کراونەتەوە و بڕیارەی پرۆسەی دەنگدان تاوەکوو ٦:٠٠ـی ئێوارە بەردەوام بێت. سەرجەم بنکەکان لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە پارێزگاری دەکرێن، ھاوکات لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لە ڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکرێت.