Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 10 OCT 2026 17:06 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سەرۆک بارزانی: خەڵکی کوردستان زۆر لێبووردەن و چاویان لە تۆڵەسەندنەوە نییە
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنی گەورە لە ھەرێمی کوردستان بەدیھاتوون، لەم ساڵانەی دواییدا زنجیرەیەک قەیرانی کێشەی یەک لەدوای یەک و درووستکراو، کاروانی پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستانیان خاو کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ـی ئایاری ٢٠٢٥، سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (شەمس) ڕایگەیاند، مێژووی خەباتی ماڵباتەکەیان لە شێخ عەبدولسەلامەوە دەست پێدەکات کاتێک لە پێناو بەدیھێنانی مافی نەتەوەکەی و چەسپاندنی حەق و عەدالەت ساڵی ١٩١٤ لە لایەن عوسمانییەکانەوە لە مووسڵ لە سێدارە درا.

سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، مەلا مستەفا بارزانی وەکوو سەرکردە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بونیاتی کەسایەتییەکەیدا ھەبووە، دەشڵێت، کاتێک باوکی چووە یەکێتیی سۆڤیەت، تەنیا تەمەنی شەش مانگ بوو، کە گەڕایەوەش بوو بووە ١٢ ساڵ، بەڵام ھەرزوو زانی لە پێناو دۆزی گەلەکەی پەنای بۆ ئەو وڵاتە بردووە.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، کورد بە درێژایی مێژوو، ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە بووەتەوە و لە ماوەی مێژووی خەباتی نەتەوەییدا کارەساتی گەورەی بەسەردا ھێنراوە، بۆ نموونە ئەنفال و جینۆساید و ھێرشی کیمیایی لە مێژووی نوێدا لە دژی کراوە، بەڵام خاڵێکی گرنگە ھەیە کە گەلی کورد سەرباری ھەموو ئەو دوژمنکارییانە ھیچ کات نائومێد نەبووە، بەڵکوو ھەمیشە گەشبین و ئومێدەوار بووە بە ئامانجەکانی دەگات.

سەرۆک بارزانی باسی لەوەشکرد، کورد نەتەوەیەکە و لە کۆنەوە بوونێکی مێژوویی لەم ناوچەیەدا ھەیە تەنانەت زۆر پێش نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە لێرەیە، بەڵام بە درێژایی مێژوو ستەمی لێ کراوە بە تایبەتر دوای جەنگیی یەکەمی جیھانی، بە شێوەیەک بەبێ ئەوەی پرسی پێ بکرێت، دابەش کرا. ھاوپەیمانانی براوەی جەنگەکە یەکەم جار لە میانی ڕێککەوتننامەی سیڤەر مافیان بە کورد دا، بەڵام دواتر لە پەیماننامەی لۆزان پەشیمان بوونەوە. ڕاستییەکەی ئەم دابەشکردنە دۆخێکی تاڵی بۆ کورد دروست کرد و بەجێ ھێشت.

سەرۆک بارزانی لە بارەی سووریا و پێشھاتەکانی ئەم وڵاتە گوتی: ئەو گۆڕانکارییەی لەم وڵاتە ڕووی دا، پێشبینیکراو بوو، بەڵام بەو خێراییە نا! ئەوەی ڕووی دا، گۆڕانکارییەکی گەورەیە و وەرچەرخانێکی مێژووییە لە ناوچەکەدا. "پاشخانی سەرکردایەتیی نوێی سووریا دەزانین، بەڵام کاتێک دەسەڵاتیان گرتە دەست، پەیامی ئەرێنییان بۆ ئێمە نارد، ھەر چەندە تا ئێستا پەیوەندیی ڕاستەوخۆمان نییە، بەڵام ناڕاستەوخۆ پەیوەندیمان ھەیە، پەیامەکەیان بۆ ئێمە ئەرێنییە، کە دەخوازن ئاشتیی لە وڵاتەکەیان بەرقەرار بێت و شەڕ نەبێت و دەیانەوێت لەگەڵ کورد بگەنە لێکگەیشتن، لەسەر ئەم بنەمایە لەگەڵ کوردی سووریا ھەوڵمان دا یەک ھەڵوێستیان ھەبێت و یەک بۆچوونیان بۆ داواکاریی کورد لە حکوومەتی نوێی سووریا ھەبێت. ٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٥، کۆنفرانسێک لە قامیشلی بەڕێوە چوو، کورد لەم کۆنفراسەدا ڕێک کەوتوون کە یەک ھەڵوێستیان ھەبێت و بە یەک ھەڵوێستیش بچنە دیمەشق، ئێمەش پشتیوانی لەوە دەکەین، چارەسەری کێشەکان بە ئاشتییانە بکرێت."

سەرۆک بارزانی لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی: لە مەھاباد کە شارێکی کوردییە لە ئێران لەدایک بووە، بە گشتیی ئێران دەوڵەتێکی گرنگیی ناوچەکەیە و دراوسێی ھەرێمی کوردستانە کە ھەرگیز نەیویستووە کێشەی لەگەڵ ئێران ھەبێت، بەڵام دەبێت پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بێت. ھەرێمی کوردستان ھیچ کات نایەوێت کێشەی لەگەڵ ئێران ھەبێت، بەڵام لە ھەمان کاتدا نایەوێت نە ئێران و نە ھیچ وڵاتێکی دیکە دەست بخاتە ناو کاروبارە ناوخۆییەکانی. پەیوەندییەکان ھەندێک جار گرفتی تێ کەوتووە، بەڵام ئێستا ئاسایی و باشە. "نامانەوێت کەس دەست بخاتە ناو کاروبارەکانمان."

ھاوکات لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانیش، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: چارەکردنی کێشەکان لە نێوان دوو وڵات یاخود لە نێوان لایەنەکان لەسەر بنەمای گفتوگۆ زۆر زۆر باشترە لەوەی پەنا ببرێتە بەر شەڕ وەکوو ئامرازێک بۆ چارەسەری. ھەرێمی کوردستان ئومێدەوارە گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران ئەنجامێکی باشی ھەبێت، کە چاکە و بەرژەوەندیی گەلی ئێران و ھەموو گەلانی ناوچەکەی تێدا بێت و ببێتە ھۆی گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، واتە ڕێککەوتنێک نەبێت لەسەر حیسابی خەڵکی دیکە.

سەرۆک بارزانی لە بارەی ھەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کە دەڵێت: "دەبێت ئێران خاڵی بێت لە ئەتۆم". گوتی، ئەم لێدوانانەی ئەم دواییانە وەکوو دەبینرێت دژ بە یەکدین. "من لە بارەی بابەتی ئەتۆم زۆر شارەزا نیم و ئاخۆ بە چ شێوەیەکە؟ بەڵام جارێکی دیکە دەیڵێینەوە ئێمە لەگەڵ ئەوەین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، جەختیش دەکەینەوە، ئەمە ڕێککەوتنێک نەبێت کڕین و فرۆشتنی خەڵکی دیکەی تێدا بێت."




دوایین هەواڵەکان

ئەکبەر حەیدەر: بڕیاری ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان ئاسانکاریی باشی بۆ کادیرانمان دروست کردووە

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئاماژە بە ئەنجامی گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوە ئۆرگانییەکانی حیزب دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی لقەکەیان بۆ سەر مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان-خانەقین ئاسانکاریی زۆری بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی کادیران و ئەندامان دروست کردووە و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خێراتر کردووە.

 
د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact