ڕوڤیا -KDP.info- سەرۆکی شارەوانی ناحیەی ڕوڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش گوتی "پڕۆژەی دووسایدی ناحیەی ڕوڤیا کەوتۆتە بواری جێبەجێکردن و بە ڕێژەی ٢٠٪ی کارەکانی تەواو بووە، بەردەوامیش کاری تێدا دەکرێ."
زەید سەلیم محەمەد سەعید، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی ڕوڤیا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی ناو ڕوڤیا، کە نزیکەی ٥ کم دەبێت بەردەوامە، تا ئێستا نزیکەی ٢٠٪ی تەواو بووە، بودجەی پڕۆژەکەش نزیکەی ٥ ملیار دینارە، جگە لەوەش لە ھەردوو لا ئاوەڕۆشی بۆ دروست دەکرێت، ئەویش ٥ کم ئاوەڕۆ دەبێت، کە ٤ کم لە دووساید دەکەوێتە سەنتەری ناحیەی ڕوڤیا و ١ کم دەکەوێتە سەر ڕێگای ئاکرێ."
زەید سەلیم محەمەد سەعید گوتیشی "لە مانگی ڕەمەزان کارەکان ھەندێک بە سستی بەڕێوە دەچوون، ئێستا دوای جەژن بەخێرایی کار لە ئاوەڕۆ، جادە و پردی ناو ڕوڤیا دەکرێت، لە چوار پێنج بڕگەی دووسایدەکە کار دەکرێت و بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵ دووسایدەکە تەواوبێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان."
دەشڵێت "تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە جگە لەوەی سیمایەکی زۆر جوان بە ناحیەی ڕوڤیا دەبەخشێت، جۆش و خرۆشێکیش بە هاووڵاتییانی دەدات چونکە چەندین ساڵە چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەکەن."
بڵند ئیبراھیم