Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 8 OCT 2026 15:12 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

جیھان نزای بۆ کوردستان کرد
| KDP.info


د.نەھلە ئەفەندی

مانۆڕی دیپلۆماسی و سیاسی و کۆکردنەوەی سەرجەم ئایینە جیاوازەکانی ھەفتەی ڕابردوو لە شاری ھەولێر، جیا لەوەی دەنگدانەوەیەکی گەورەی جیھانیی ھەبوو، لە ھەمان کات کوردستان ئەو پێکەوەژیانەی پێشانی ھەموو جیھان دایەوە و سەلماندی ڕووحییە ‌و دەستکرد نییە، ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ ھاتنی داعش و سەرھەڵدانی توندوتیژی لە مووسڵ و شارەکانی دیکەی عێراق، نزیکەی‌ دوو ملیۆن ئاوارە ڕوویان لە کوردستان کردوو کوردستان بووە لانکەی کۆکردنەوەی ھەموو ئایین و پێکھاتە جیاوازەکان، ئەوەش بەڵگەیەکی درشتی ئەو بڕوای پێکەوەژیانەیە، کەس میوان نەبووە و ھەموویان خاوەن ماڵ بوون. 

سەرۆک بارزانی، وێنەیەکی جوانی پێشانی جیھان دا، کە لە ‌بەعشیقە لە ‌یەک کات موسڵمان، مەسیحی و ئێزدی کۆکردنەوە، لەوێ ڕایگەیاند، "یان ھەموومان بەیەکەوە دەمرین، یان ھەموومان بەیەکەوە ‌دەژین".  بۆیە فەرھەنگی پێکەوەژیان لە کوردستان جوانترین نموونەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە.

ھەفتەی ڕابردوو بینیمان چۆن لە مەڕاسیمی (ڕۆژی نزای نیشتمانی)، سەرجەم ئایینە جیاوازەکان نزایان بۆ پاراستنی کوردستان و سەقامگیریی وڵات کرد، ئەم پێکەوەژیانە بە سانایی نەھاتووەتە بەرھەم، دوای شەڕ و ئاڵۆزی و پەلاماری زۆر، بۆ ھەموو لایەک ڕوونبووەوە پەیامی مرۆڤایەتی تەنیا یەک ڕێگای ھەیە، ئەویش قبووڵکردنی یەکتری و پێکەوەژیانە.

لە ‌مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان زۆر نموونەی جوان ھەن،‌ وێنەی ئەو پێکەوەژیانە دەخەنە ڕوو،‌ بەتایبەت 

مێژوو پێمان دەڵێت، چۆن لە ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩١٨ ئەرمەنەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە و چۆن شۆڕشی بارزان پارێزگاریی لێکردن و لە قڕکردن پاراستنی، بەھەمان شێوە، مێژوو خۆی دووبارە کردەوە و سەرۆک بارزانی لەپێناو پاراستنی ئێزدییەکان، خۆی فەرماندایەتیی گشتیی ھێزی پێشمەرگەی کرد و ئەفسانەی داعشی تێکشاند و شنگال لەژێر دەستی داعش ئازاد کرا.

وێنەی جوانی پێکەوەژیان تەنیا لەوەدا نییە، سەرۆکایەتیی دامەزراوە ئاینییە جیاوازەکان لە ھەولێر کۆبوونەتەوە،‌ بەڵکوو لە خستنە ڕووی پەیامی خەڵکی کوردستان دایە کە گەلێکی ئاشتیخوازە و خوازیاری ئەوە ‌نییە بە چاوی شەڕکەرەوە سەیری بکرێت، بەڵکوو شەڕی لەپێناو فەراھەمکردنی ئاشتی و پێکەوەژیان کردووە، لەکاتێکدا سەرکردایەتیی جیھان لە ھەولێرەوە نزایان بۆ کوردستان کردووە و ئایینە جیاوازەکان پێکەوە مزگەوت، کەنیسە و پەرستگاکانیان بەسەر کردووەتەوە.

دەبینین ئاستی توندوتیژی و جەنگ تەنگی بە سەرجەم ئایین و پێکھاتەکانی دیکە لە ‌ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەڵچنیوە، لەو بارەیەشەوە ھۆشداریی دراوە، بەڵام کوردستان نەک نەبووەتە ھەڕەشە بۆ پێکھاتەکان، بەڵکوو ھەنگاو بەرەو ئەوە دەنێت ببێتە سمبولی ئاشتی لە ناوچەکە و سەرۆک بارزانیش خاوەندارێتیی ئەو ئاشتییە دەکات، ئەگەر بە دیوێکی سیاسییش مامەڵە لەگەڵ ئەمە بکرێت، دواجار ئەم پێکەوەژیانەی کوردستان بۆ کۆی گشتیی عێراقیش گرنگە. 

لەماوەی ڕابردوو، بەھۆی توندوتیژی و نائارامییەوە نزیکەی ٣٠٠ ھەزار کەس لە ئایین و پێکھاتە جیاوازەکان لە ‌سەرجەم ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە ھاتوون بۆ کوردستان و لێرە دەژین، ھەروەھا ھەڕەشەی گرووپە نایاسییەکان و نائارامیی سیاسی لە عێراق وێنایەکی خراپی لە ئاستی جیھان دروست کردووە،‌ بۆیە گرنگە ئەم پێکەوەژیانەی کوردستان ئەو وێنە دزێوەی عێراقیش ڕاست بکاتەوە، پێویستە لە ئاستی سەرکردایەتیی سیاسیی عێراقیش تێگەیشتن بۆ ئەم بابەتە ھەبێت. 

لەگەڵ دەستپێکردنی مانۆڕی ئەم پێکەوەژیانە و ناساندنی بە ‌جیھان دەرگای نوێی دیپلۆماسی  بۆ ھەرێمی کوردستان کراوەتەوە، سەرۆک بارزانی بە فەرمی بانگھێشتی فەرەنسا کراوە بۆ کردنەوەی پارکی پێشمەرگە.

بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش چوو بۆ ڤاتیکان بۆ بەشداریی لە ‌ڕێوڕەسمی ناشتنی پاپای ڤاتیکان، لە ھەمان کاتدا، بەڕێز مەسروور بارزانی وەک بەھێزترین و کاریگەرترین سەرۆکی حکوومەت لە ناوچەکە بانگھێشتی لوتکەی دوبەی بۆ سەرۆکی حکوومەتەکان کراوە.

وێناکردنی سەرکردایەتیی کوردستان لە ئاستی جیھان نموونەیەکی بەھێزی ئەو پێکەوەژیانەیە کە دروست کراوە، لەگەڵ ئەوەش دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی لە پرۆسەی ئاشتیی تورکیا و یەکخستنی دەنگی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕەنگدانەوە و نموونەی دیاری ئەو ئاشتییەن، کە لە کوردستان ھەیە.

 




دوایین هەواڵەکان

هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 
ئەتروشی بۆ KDP.info: ڕێگە نادەین ڕەشنووسی بودجە بە زیانی مافەکانی گەلی کوردستان تێپەڕێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 11:10:00

​بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات لە ڕەشنووسی یاسای بودجەدا چەندین خاڵی نەرێنی و سزای نادادپەروەرانە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان جێگیر کراون، جەختیش دەکاتەوە کە وەک فراکسیۆنە کوردییەکان لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ دروستکردنی ھەڵوێستێکی یەکگرتوو بە مەبەستی داکۆکیکردن لە شایستە داراییەکانی کوردستان.

 

وەزارەت گۆڕانکارییە نوێیەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ KDP.info دەخاتەڕوو

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 10:10:00

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، پرۆسەی پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست گەیشتووەتە ئەنجومەنی وەزیران و بڕیارە بەم نزیکانە بۆ ڕێکاری جێبەجێکردن بگەڕێندرێتەوە، جەختیشی کردەوە کە حکوومەت بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی گرێبەست داوە، تاوەکو ژمارەیەکی زیاتریان لێ سودمەند بێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact