Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 9 MAY 2025 09:35 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بەلاغی کۆتایی یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان بڵاوکرایەوە
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- دوای کۆتایی ھاتنی یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان لە ژێر چاودێری سەرۆک بارزانی و بە دروشمی (بە تواناکانمان داھاتوو بنیاد دەنێین)، کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە شاری ھەولێر بەردەوام بوو، ئەمڕۆ بەلاغی کۆتایی کۆنفرانسەکە بڵاوکرایەوە و جەخت لەسەر چەند بابەتێکی خێزانی، یاسایی و سیاسیی بۆ ھەرێمی کوردستان دەکەنەوە.

ئەمەش دەقی بەلاغەکەیە:

بە چاودێری بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی و بە دروشمی (بەتواناکانمان داھاتوو بنیاد دەنێین) بۆ ماوەی دوو ڕۆژ (١٣-١٤-٤-٢٠٢٥) لە شاری ھەولێر، یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان بەڕێوەچوو. 

لە میانی ئەم کۆنفرانسەدا کە پێنج پانێڵی سەرەکی لەخۆ گرتبوو، پرسە گرینگەکانی وەک: ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لەناو ڕێکخستنەکانی پارتی و بەربەست و ئارێشەکان، دیدگای پارتی بۆ بەشداری ئافرەتان لەناو دامەزراوە دەستوورییەکانی ھەرێمدا، ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان، پێگەی ئافرەت لەناو میدیا و سۆشیال میدیا و ڕۆڵ و بایەخی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە خزمەتکردنی دۆزی ئافرەت لە کوردستان، لە چوارچێوەی بیست بابەتی جیاوازدا شیکاری و گفتوگۆیەکی ڕاشکاو و ئازادانە کرا.

کۆنفرانس، پشتیوان بە پەیامی بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی کە لە کردنەوەی کۆنفرانس، سەبارەت بە دروشمی کۆنفرانس فەرمووی "ئێوە بە تواناکانتان داھاتوو بنیاد بنێن، منیش پاڵپشتی لە ئێوە دەکەم."  ھەنگاوەکانی گفتوگۆکردن و بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی بەسەرکەوتووی بەڕێوەبرد. 

کۆنفرانس تیشکی خستە سەر شیکردنەوەی ھۆکارە سیاسی، یاسایی، کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکان کە کاریگەرییان لەسەر بەشداری ئافرەتانی کوردستان ھەیە، لە کایەکانی سیاسی و حوکمڕانیدا، لە ھەمان کاتدا پێشنیار و ڕاسپاردەی کاریگەری خستە ڕوو بۆ بەھێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا، بە مەبەستی بەرجەستەکردنی یەکسانی و دادپەروەری. 

کۆنفرانس جەخت دەکات لە چاکسازی یاسایی و سیاسی، لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری و ڕۆشنبیری سیاسی، لە پشتگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی، لە لایەکی دیکەوە ڕۆڵی میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی بە مەبەستی بەھێزترکردنی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا. 

لە میانی چاکسازی یاسایی و سیاسی، بە پێویستی دەزانێت ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستوور، لە دەستووردا گرنگترین ئەو بنەمایانە جێگیر بکرێن کە خزمەت بە بەھێزترکردنی بەشداری ئافرەتان دەکەن لە کایەی حوکمرانیدا، وەکو بنەمای جیاکاری ئەرێنی بۆ ئافرەتان و بەرجەستەکردنی ئەم پڕەنسیپە لە یاساکانی ھەرێمی کوردستاندا. 

لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری و ڕۆشنبیری سیاسی جەخت دەکاتەوە لەسەر سازدانی ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ ناساندنی گرینگی بەشداری ئافرەتان لە کایەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، بەرێوەبردن و سەرکردایەتیکردندا، کاریگەریەکانی ئەم بەشداریکردنە لەسەر قوڵبوونەوەی کولتووری دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەخاتە ڕوو. 

پشتگیری بەھێزکردنی توانای ئابووری ئافرەتان دەکات لە ڕێگای پشتیوانیکردنی ئابووری سەربەخۆ، لە لایەکی دیکەوە بەشداریکردنی ئافرەتان لە چەقی دانوستاندنە سیاسییەکان بە گرینگ دەزانێت، چونکە ئافرەتان دەتوانن بە تێڕوانینێکی فراوان و بە ئەزموون و بەرنامەی لەپێشینە بەشداربن، ئەمەش دەرئەنجامێکی سەقامگیرتر و گشتگیرتر دەبەخشێتە دانوستانەکان. 

لە ھەمان کات جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانە دەکاتەو کە دۆستی خێزانن. 

ئەنجامدانی چاکسازی لە سیستمی دادوەری بە گرینگ دەزانێت. 

لەسەر بنەماکانی توانست، کارامەیی و شایستەبوون پاڵپشتی لە بەھێزترکردنی بەشداری ئافرەتان لە کایەکانی سیاسی و حوکمڕانی دەکات.

لە ھەمانکاتدا جەخت دەکاتەوە لەسەر بەرجەستەکردنی دادوەری بۆ ئافرەتانی قوربانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، وەکو تاوانەکانی جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ، سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بنەما دەستووری و نێودەولەتیەکان بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەم تاوانانە. 

کۆنفرانس جەختی لەسەر بەرفراوانکردنی بەشداری کارای ئافرەتان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان کردەوە، بە جۆرێک ئافرەتان ھاندەدات بەشدارییەکی بەھێز و کاریگەریان ھەبێت و لە کاتی بانگەشە و دەنگدان بتوانن بەتواناکانیان ڕۆڵ و کاریگەرییەکانیان بە بەھێزی بەگەڕبخەن. 

ھەروەھا کۆنفرانس داوا دەکات لە کابینەی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو بەشداری ئافرەتان لە پێگە و پلەکان بەرفراوانتر لەسەر بنەمای توانا و لێھاتوویی سوودی لێ ببیندرێت، دەرفەتی زیاتر بۆ بەگەڕخستنی تواناکانیان بڕەخسێندرێت. 

لە کۆتایدا کۆنفرانس چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاز دەخاتە بەردەستی سەرکردایەتی پارتی، خوازیارین پێکەوە بتوانین ھەنگاوی بەرفراوان لە بەھێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لەناو کۆمەڵگە بھاوێژین. 

سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەھیدانی کورد و کوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو. 

سڵاو لەو ئافرەتانەی بە خوێنی گەشیان بەشداربوون لە بونیادنان و پاراستنی ئەم ئەزموونە. 

سڵاو و ڕێز بۆ ھەموو ئەو کەسانەی پشتگیریی دۆزی ڕەوای ئافرەتان دەکەن و بەشێکی کاریگەرن لە پشتگیری تواناکانی ئافرەتان. 

سوپاسی سەرجەم ئەو دەستگە و دامەزراوە و ئۆرگانانە دەکەین کە ھۆکار بوون بۆ سەرخستنی ئەم کۆنفرانسە. 

 

لێژنەی ئامادەکاری یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان

١٦-٤-٢٠٢٥




دوایین هەواڵەکان

سەرۆک بارزانی: خەڵکی کوردستان زۆر لێبووردەن و چاویان لە تۆڵەسەندنەوە نییە

THURSDAY, 08 MAY 2025 22:05:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنی گەورە لە ھەرێمی کوردستان بەدیھاتوون، لەم ساڵانەی دواییدا زنجیرەیەک قەیرانی کێشەی یەک لەدوای یەک و درووستکراو، کاروانی پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستانیان خاو کردەوە.

 
نێچیرڤان بارزانی: بەناوی هەرێمی کوردستانەوە پیرۆزبایی لە پاپای نوێی ڤاتیکان دەکەم

THURSDAY, 08 MAY 2025 22:05:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەناوی ھەرێمی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی" لە رۆبەرت پریڤۆست، پاپای نوێی ڤاتیکان دەکات. 

 
سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی لە پاپای نوێی ڤاتیكان دەكات

THURSDAY, 08 MAY 2025 21:05:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە ڕۆبێرت فرانسیس پریڤۆست کرد، بە بۆنەی ھەڵبژاردنی وەک ٢٦٧ـەمین پاپای ڤاتیکان.

 
نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێلەیی لە سنووری ئامێدی دەکرێتەوە

THURSDAY, 08 MAY 2025 17:05:22

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری تەندروستیی دھۆک ڕایگەیاند، نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەروێلەیی لە سنووری قەزای ئامێدی دروستکراوە، کە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانە حکوومی و ئەھلییەکان یەکەمە و لە ماوەیەکی نزیکدا بە ڕووی خەڵکی خۆشەویستی ئەو دەڤەرەدا دەکرێتەوە.

زیاتر لە ١٠ کارگەی تازە لە دھۆک دروست دەکرێن

THURSDAY, 08 MAY 2025 12:05:00

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک ڕایدەگەیەنێت، دروستکردنی زیاتر لە ١٠ کارگەی تازە لە بواری جیاجیا پەسەند کراون و زەوییان بۆ تەرخان دەکرێ و دەست بە دروستکردنیان دەکرێت، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە کەرتی پیشەسازی دەدات.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact