Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 9 OCT 2026 02:18 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ڕێبازی بارزانی بنەمای بونیادنانی کوردستانە
| KDP.info


دکتۆر سامان سۆرانی  

لەگەڵ ئەوەی سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ڕێبازێ دامەزراوە بە مەبەستی پاراستنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی خواستی گەلی کوردستان، کە بریتییە لە مافی چارەنووس. 

ئەم ڕێبازە لەلایەن مستەفا بارزانی دامەزراوە، کە زیاتر لە نیو سەدە خەباتی لە پێناوی کردووە و ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆك بارزانی گەشەی پێ دەدرێ و جێبەجێ دەکرێ. بارزانی هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە بووە، کوردستان بتوانێ هاوسەنگییەكی بەهێز درووست بکات لە نێوان پەیوەندییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، ئەویش بە بەکارهێنانی هێزی پێشمەرگە و دانایی سیاسی و توانای بونیادنانی هاوپەیمانی ستراتیژ. 

ڕێبازی بارزانی بۆ بونیادنانی کوردستانێکی بەهێز بە گشتگیری و بە نەرمی و بە تۆکمەیی ماوەتەوە و خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە بەردەوامەکان لە ناوچەکە و لە جیهان گونجاندووە. 

هەر بۆیە ئەمڕۆ دەبینرێ چۆن هەرێمی کوردستان توانیویە سەرەڕای ئالنگارییەکان بەردەوام بێت لە هەنگاونانی بۆ بەهێزکردنی یەكڕیزی لەناوخۆ و پەرەپێدان و گەشەسەندن. 

پاڵپشتیکردنی فرەیی کۆمەڵگەیی لە ڕێگەی بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان سەقامگیری ناوخۆیی پاراستووە و ڕێگربووە لە پەرتەوازەیی کۆمەڵگەیی. 

ڕێبازی بارزانی، بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ و سەروەر، ئاماژەیە بۆ ئەو نەخشە و پرنسیپانەی، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکات و جەخت لەسەر مافی گەلی کوردستان و زمان و کەلتوور و میژووی دەکاتەوە، کار بۆ ئەوەش دەکات، گەلی کوردستان خاوەنی بڕیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی بێت، بێ هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی.

پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە ساڵی ١٩٤٦ بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی دامەزراوە ڕۆڵی گەورەی گێڕاوە لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافی گەلی کورد لە سەرتاسەری کوردستان و دامەزراندنی قەوارەی هەرێم و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم و بەڕێوەبردنی پرۆسەی ڕیفراندوم لە ساڵی ٢٠١٧. 

ڕێبازی بارزانی هۆکار بووە بۆ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێ یەکڕیزی كورد بپارێزێ و دامەزراوەکان لە هەرێمی کوردستان بەهێز بکرێ و هاوبەشی پتەو لەگەڵ لایەنەکانی تر ئەنجام بدرێ بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوخۆ. 

پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ڕەچاوکردنی ئەو وەرچەرخانە سیاسییانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوودی لە پاڵپشتی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان وەرگرتووە بۆ پاڵپشتیکردنی مافەکانی گەلی کوردستان، چونکە دەزانێ، کە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزە ڕۆژئاواییەکانی وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێ هاوکاربێت لە زامنکردنی ئایندە و قەوارەی هەرێم و ئامانجەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان. 

فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات لە ڕووی ئابوورییەوە، دوور لە پشبەستن بە داهاتی نەوت، یەکێکە لە بنەماکانی ڕێبازی بارزانی، چونکە چارەسەری ئابووری دەبێتە بەشێکی سەرەکی زامنکردنی سەقامگیری لە هەرێم و زیادبوونی پاڵپشتی جەماوەری کوردستان بۆ ڕێبازی بارزانی. 

بابەتی نوێکردنەوەی سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بواری لاوان و ئافرەتان و پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و دەرفەت ڕەخساندن بۆ گەنجان لە ڕێگەی بەرنامەکانی خوێندن و هەلی کار کلیلی ئایندەسازییە و بەشێکن لە بنەماکانی ڕێبازی بارزانی.   

ڕێبازی بارزانی هەمیشە فەلسەفەی دیالۆگ و سیاسەتی دانوستانی بە هەند وەرگرتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا، ئامانج لەو فەلسەفە و سیاسەتە دەستەبەرکردنی هاوسەنگی بووە لە نێوان داوا ڕەواکانی گەلی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی عێراق، بەمەش توانیویە کاریگەری ئەرێنی هەبێت لەسەر ئایندەی هەرێم و عێراق.  

ڕێبازی بارزانی کار بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە دەکات، کە تیایدا ژیان بۆ هەمووان فەراهەم بێت و مافی چارەنووس بۆ هەمووان دەستەبەر بکرێت و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان بەشدار بن لەو مافە، هەر بۆیە ئەم ڕێبازە بنەمایە بۆ بونیادنانی کوردستان. 




دوایین هەواڵەکان

لقی خانه‌قین گواسترایەوە سه‌ر مه‌كته‌بی ڕێكخستنی (که‌ركوك.گه‌رمیان)

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانه‌قین -KDP.info- به‌رپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خانه‌قین گوتی "دوای گواستنه‌وه‌ی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سه‌ر مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارتی له‌ كه‌ركوك _ گه‌رمیان، ئاسانكاری باش بۆ ئه‌ندام وكادیرانی ئێمه‌ كرا، ئێمه‌ش له‌ كاركردن و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك به‌رده‌وامین، ئه‌و گردبوونه‌وه‌یەی بڕیاربوو له‌پێناو به‌رژوه‌ندی گشتی لە خانەقین بکرێت، جارێ راگیراوه‌." 

د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact