Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 11 OCT 2026 02:08 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مەسروور بارزانی و پاراستنی ناسنامەی كوردستان
| KDP.info


دکتۆر سامان سۆرانی 

تێڕوانینی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی سەبارەت بە ناسنامە، تێڕوانینێکی فەلسەفی قووڵە  کە دەڵێ، ناسنامە ئەوەیە ئێمە بەدەستی دەهێنین و بە باشی ئەنجامی دەدەین، واتە ئەوەی لەگەڵ خۆمان و جیهاندا دەیکەین، نەوەک ئەوەی کە بیرمان دەکەوێتەوە، دەیپارێزین یان بەرگری لێدەکەین. 

ئەم تێڕوانینە بوو بە هێز و ئامرازێکی کاریگەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە لەساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هەرێم بوونەوە، وەک قەیرانی دارایی و گوشارە جۆراوجۆرەکانی چەند لایەنێك لەناوخۆی عێراق و دەرەوە بۆ سەر هەرێم بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی هەرێم لە ڕووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە.  

مەسروور بارزانی لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی کابینەی نۆیەم چەندین سیاسەت و پلانی ژیرانەی وەک پابەندبوون بە بەهاکانی دیموکراسی و باوەڕهەبوون بە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان و ئایینەکان گرتەبەر، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە هەرێم. 

ئەو سیاسەتە جەختی لەسەر کۆمەڵێک بواری سەرەکی کردەوە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر داهاتووی هەرێم هەبوو، هەر بۆیە پاڵپشتی دۆستانە  بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهێزتر بوو. 

کارکردنی ماندوونەناسانەی سەرۆکی حکوومەت لەپێناو خوڵقاندنی کەش و هەوایەکی سازگار و ئامادەیی لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ بەرز ڕاگرتنی ناسنامەی کوردستان بەشێوەیەکی کاریگەر ئەو باوەڕەی سەلماند کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لەم جیهانەی کە تێیدا دەژین و ئەو هەستەی لای هاووڵاتیانی هەرێم درووست کرد کە وابەستەبوون بەخاك و تێکەڵاوبوونی نێوان بەرژەوەندییە ئابووری و کەلتوورییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و نەهێشتنی سنوورە دەستکردەکان یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەشەکردنی هەرێم و پەرەپێدانی هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی هاووڵاتیانی کوردستان. 

هەر ئەوەش وادەکات سوود لەڕابردوو و مێژوو وەربگیرێت و گەلی کوردستان دژ بە هەر سیستەمێک بوەستێتەوە کە ڕێز لە پلۆرالیزم و مافی چارەنووس و ئاواتی ژیانێکی باشتر نەگرێت. 

ئەزموونەکان پێمان دەڵێن، شۆڕشی بوونگەرایی لە ڕاستیدا لە ڕووی دەرەنجامەکانیەوە کاتێ بەرجەستە دەبێت، ئەگەر ڕێگەی دووبارە بنیاتنانەوەی ئەخلاقی کۆمەڵگە، دووبارە پەیوەندیکردن بە جیهان، پابەندبوونێکی نوێ بە بەرپرسیارێتی باڵا، هاوسۆزی لەگەڵ کۆمەڵگە بگیرێتەبەر. 

ئەگەر چی بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی گشتگیر لە کۆمەڵگایەکی دابەشکراو لە ڕووی سیاسییەوە یەکێکە لە ئاستەنگە گەورەکان، چونکە پێویستی بە کارکردن هەیە بۆ یەکخستنی هەست و بەرژەوەندییەکان، بەڵام هەوڵە بەردەوامەکانی مەسروور بارزانی بۆ پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان پارت و هێزە سیاسییە کوردستانییەکان فاکتەرێکی گرنگ بووە بۆ پاراستنی سەقامگیریی لە ناوخۆی هەرێم و بەرز ڕاگرتنی ناسنامەی کوردستان له چوارچێوه ی سیاسەتێکی کوردستانی یەکگرتوودا. 

مەسروور بارزانی لە زۆر بۆنەدا جەختی لەسەر ئەو بەهایانە کردووە کە هەموو هاووڵاتیان یەکدەخات، بێ گوێدانە ئینتیمای سیاسییان، وەک ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی. 

ئەو باوەڕی تەواوی بەوە هەیە کەوا بەرزکردنەوەی ئەم بەهایانە لە گوتاری سیاسی و میدیایی یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستکردنی پردێکی تێگەیشتن لە نێوان پێکهاتە جیاجیاکان. 

لە هەمان کاتدا بەڕێزیان ڕۆڵی دامەزراوەکانی پەروەردە لە برەودان بە ناسنامەی نەتەوەیی بەهەند وەرگرتووە، تێڕوانی سەرۆکی حکوومەت بۆ ناسنامەی کوردستان ئەوەیە کە نابێت تەنها لەناو فێرکردنی مێژووی نیشتمان و پیرۆزییەکانی سنووردار بین، بەڵکو پێویستە کار بکەین بۆ فێرکردنی توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و کراوەبین بەرامبەر بە کەسانی تر و  لەقوتابخانە و زانکۆکاندا پەرە بە هۆشیاری نەتەوەیی بدەین، بەو شێوەیە دەتوانرێت ئینتیمای نیشتمانی بەهێزتر بکرێت و دابەشبوونی سیاسی کەم بکرێتەوە. 

هەر بۆیە مەسروور بارزانی هاندەر بووە، تا لە ڕێگەی ڕێکخستنی پلاتفۆرمی دیالۆگ لەسەر ئاستی زانکۆ و ناوەندە هزرییەکانەوە هەموو لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بانگهێشت بکرێن و لەو ڕێگەیەوە بیروڕا لەسەر پرسە نەتەوەییە گەورەکان ئاڵوگۆڕ بکرێت، چونکە سەرۆکی حکوومەت پێی وایە، ئەم جۆرە دیالۆگانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و کەمکردنەوەی گرژی سیاسی.

هەوڵێکی دیکەی مەسروور بارزانی بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردستان کاراکردنی ڕۆڵی سیمبولە نەتەوەییەکانە کە هەمووان لەسەری کۆک بن، وەک کەسایەتییە مێژووییەکان کە بەشدارییان لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان کردووە یان دەستکەوتی گەورەیان بۆ نیشتمان بەدەستهێناوە، بۆ نموونە شێخ عەبدولسەلام و شیخ ئەحمەد و بارزانی نەمر و لە ئێستادا سەرۆك بارزانی، ئەم هێمایانە دەتوانن ئیلهام بەخش بن بۆ یەکڕیزی و پەرەپێدانی ئینتیمای نەتەوەیی.

لەم ڕووەوە میدیا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە بەهێزکردنی ناسنامەی نیشتمانی، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی پەیامی نیشتمانی کۆمکار و بێ لایەن، پەیامێک کە لەسەرووی دابەشبوونە سیاسییەکانەوە بێت و فۆکەس بخاتە سەر ئەو سەرکەوتن و دەسکەوتە نیشتمانییانەی کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەی کوردستانن. 

سەرۆکی حکوومەت مەسروور بارزانی، برەوی بە بۆنە نەتەوەییەکان داوە کە تیایدا پێویستە ئاهەنگ ڕێک بخرێت بۆ دەستکەوت و میراتی کەلتووری هاوبەش، ئەمەش ڕێگەیەکی بەهێز دەبێت بۆ بنیاتنانی ناسنامەی نەتەوەیی و پاراستنی ناسنامەی کوردستان. 

سەرۆکی حکوومەت لە بڕیارە نیشتمانییەکانی گرێدراو بە ئایندەی هەرێم گەڕاوەتەوە بۆ ڕای گەلی کوردستان و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی كوردستانی بێ بەش نەکردووە لە بڕیار، ئەمەش وای کردووە، هەمووان هەست بەوە بکەن کە بەشێکن لە بونیاتنانی ئایندەی کوردستان. 

هیوای مەسروور بارزانی، دامەزراندنی کابینەیەکی یەکگرتوو و بەهێزە لە ئایندەیەكی نزیکدا، تا بتوانرێ لەو ڕێگەیەوە هەلی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتیانی هەرێم لە بوارە جیاجیاکانی وەکو کار و خوێندن و تەندروستی فەراهەم بکرێت، چونکە بەهێزکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی کوردستان و هەر کاتێک هاووڵاتییان هەستیان بەو دادپەروەرییە کرد بێ جیاکاری، ئەو کات پێکەوەیی زیاد دەکات و بەهای ئینتما بۆ نیشتمان زیاتر دەچەسپێت. 

سەرۆکی حکوومەت لەو باوەڕەدایە، ناسنامەی نەتەوەیی بەهێز تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەنجام نادرێت، بەڵکو پێویستی بە کارکردنە لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. 

کراوەیی بە ڕووی جیهانی دەرەوە و کارلێک لەگەڵ ئالنگارییەکانی جیهان دەتوانێت ناسنامەی نەتەوەیی بەرز بکاتەوە و بیکاتە بەشێک لە دیالۆگی جیهانی.

لە کوتاییدا دەتوانین بڵێین، بە داڕشتنی پلانی ستراتیژی درێژخایەن بە مەبەستی پەرەپێدانی بەردەوام و جەختکردنەوە لەسەر ئەو پڕۆژانەی کە یارمەتیدەرن لە بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز ڕۆڵی مەسروور بارزانی لەهاوسەنگی ناوخۆیی و هەرێمیدا وەک تێکەڵەیەک لەتوانای ئەو بەرجەستەیە لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی ناوخۆی هەرێم و نێوان لایەنە سیاسییە جیاجیاکان، سەرەڕای کارکردنی بۆ پاراستنی هاوسەنگییەکی ناسک لەپەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جیهانی دەرەوە، ئەم سیاسەتانە تەنها بە دیپلۆماسییەتی ئاست بەرز و ئارام و فۆرم نەرمی مەسروور بارزانی دەکرێت، کاتێ مامەڵە لەگەڵ ئالنگارییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی بەردەوام لە هەرێمی کوردستان. 

سەرچاوەی ئەم دیپلۆماسیەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەروەردە و ژینگەیەی کە مەسروور بارزانی تیایدا ژیاوە و پێی گەیشتووە، مەسروور بارزانی دەڵێ: "من خۆم سەر بە ناوچەیەکم کە مزگەوت و کڵێسا و کەنیسەی تێدایە و هەموویان لە یەک گونددان (بارزان)، من هەمیشە شانازی بەم کەلتوورە دەکەم و هەموو هەوڵێکی خۆم دەدەم بۆ پاراستن و پتەوکردنی ئەم کەلتوورە نایابە".




دوایین هەواڵەکان

ئەکبەر حەیدەر: بڕیاری ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان ئاسانکاریی باشی بۆ کادیرانمان دروست کردووە

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئاماژە بە ئەنجامی گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوە ئۆرگانییەکانی حیزب دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی لقەکەیان بۆ سەر مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان-خانەقین ئاسانکاریی زۆری بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی کادیران و ئەندامان دروست کردووە و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خێراتر کردووە.

 
د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact