Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 2 JUL 2026 07:42 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ئیسماعیل بێشکچی تایبەت بۆ KDP باسی پرسی کورد و گۆڕانكاریه‌كانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- ئیسماعیل بێشکچی، کۆمه‌ڵناس و نووسه‌ر و دۆستی گه‌لی کورد، کە زیاتر لە نیو سەدەیە لە ناوچاکەدا ھاوسۆزیی بۆ پرسی کورد ھەیە، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رۆشنایی دەخاتە سەر پرسی کورد و داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوین. 

سه‌ره‌تاش پرسیمان دوای کۆتاییهاتنی رژێمی سووریا، ئایا ئیسماعیل بێشکچی، چۆن دەڕوانێتە دۆخی ناوچەکە له‌ وه‌ڵامدا گوتی، "لە سووریا هێزەکانی ئەمەریکا هەن. ژمارەی سەربازەکانیان لە ٩٠٠ سەربازەوە کردووە بە ٢٠٠٠. هێزەکانی تورکیاش هەن و دەبینرێن کە لەگەڵ دەستەی تەحریری شام لە سیاسەت و لە مەیدان رێککەوتوون. تورکیا دەیەوێت هێزی هەسەدە لە سووریا دەربکات. ئه‌وانیش لەژێر فشاردا دەڵێن، ئێمە دەمانەوێت ببینە بەشێک لە سوپای سووریا. ئەمەریکا و هێزە رۆژئاواییەکان، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هتد، بە چەک و کەرەستە و بە دیپلۆماسی پشتگیریی یەپەگە دەکەن و وەکو هێزێکی جیاواز لە پەکەکە دەبینن.

ئیسماعیل بێشکچی، دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو و ئاماژە بە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٢٠ دەکات و ده‌ڵێت، لە سەردەمی پارچەپارچەکردن و دابەشکردنی کوردستان لەلایەن دوو هێزی ئیمپریالی ئەو کاتە، بەریتانیا و فەڕەنسا و هێزە ناوچەییەکان، سیستمێکی نێودەوڵەتیی دژە کورد دامەزرا. لەو سەردەمەشدا بەهۆی پەرتەوازەیی و پارچەپارچەبوونی کورد و یەکنەگرتنیان، دەرفەتێکی مێژوویی لەدەست چوو. ئەمڕۆ ئەوەی کە یەپەگە، پەیەدە دەڵێن "ئێمە دەوڵەتمان ناوێت" دەکرێت وەک سابۆتاژکردنی دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکبدرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەمەریکا، فەڕەنسا و ئیسرائیل زۆر بە ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن، بەڵام داواکارییەکانی پەیەدە، یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان لە نزمترین ئاستدا ڕاگرتن جێی تێگەیشتن نییە.

لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، کورد دەبێت هەوڵی پاراستنی ناسنامەی کوردی و پێگەی ئێستایان واتە ئیدارەدانی خۆیان بدەن. بەتایبەتی پەیەدە، یەپەگە دەبێت ئەو لێبووردەیی و سازشکردنەی کە بۆ عەرەب، سریان و گرووپەکانی دیکە لە ناو هەسەدەدا پیشانی دەدەن، بۆ برا پێشمەرگەکانی ڕۆژیش پیشانی بدەن. یەپەگە، پەیەدە دەبێت بۆ ئەنەکەسە و ئەنەکەسە-یش دەبێت بۆ یەپەگە، پەیەدە سازش بکەن و یەکڕیزییان بەهێز بکەن. دووبارە دەیڵێمەوە، ئەگەر کورد لە کورد خۆش بێت و سازش بۆ یەک بکەن، کورد و کوردستان گەورە دەبێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە  ئەمڕۆ جیهان چۆن سەیری ئەو رووداوانەی رۆژهەڵاتی ناوین دەکات و ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر داهاتووی کورد دەبێت؟ د. ئیسماعیل بێشکچی دەڵێت، "جیهان بە وردی چاودێریی ئەم پێشهاتانە لە رۆژهەڵاتی ناوین دەکات. دۆخی کورد بێگومان گرینگە. کورد دەبێت بیر بخەنەوە کە لە ساڵەکانی ١٩٢٠دا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناهەقییەکی گەورەی دەرھەق بە کورد کرد، کوردستانی دابەش کرد، دەبێت داوای راستکردنەوەی ئەم ناهەقییە بکەن. بە سووربوون و بەردەوامی دەبێت داوای پێگەی سەربەخۆیی، فیدڕاڵی و خۆبەڕێوەبردن بکەن. ئەگەر بەردەوام ئەم داواکارییانەیان دەرببڕن و باسی ئەو ناهەقییە مێژووییە بکەن کە لێیان کراوە، دەتوانن دەنگیان بە جیهان بگەیەنن.

بێشکچی، نموونە دەھێنێتەوە کە پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە چاوپێکەوتنێکدا دانی بەوەدا نا کە لە ساڵەکانی ١٩٢٠دا کورد فریو دراوە و ناهەقی لێ کرا. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە باس لە مافی کورد بۆ دەوڵەت دەکات. چەندین سیناتۆری ئەمەریکی قسەی هاوشێوە دەکەن. لە کاتێکدا هێزەکانی دەرەوەی کورد لە بەرژەوەندیی کورد ئەمانە دەڵێن، سیاسەتمەدارانی کورد لە سووریا "من و من" دەکەن و بەرژەوەندیی گرووپە بچووکەکانی خۆیان لە سەرووی بەرژەوەندیی کورد و کوردستانەوە دادەنێن، کە زیانێکی گەورە بە کورد دەگەیەنێت. دەبێت زوو لەم هەڵەیە پاشگەز ببنەوە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئێستا کوردەکانی سووریا یەکگرتووییان پێویستە، چۆن دەتوانن یەک بگرن وەکو ساڵەکانی سەرەتا کە سەرۆک بارزانی رێبەرایەتی دەکرد، یەکێتییەکی بەهێزی وا لە سووریا دروست بکرێت؟

د. ئیسماعیل بێشکچی زۆر بە گرینگییەوە لەسەر ئەم خاڵە دەدوێت و ده‌ڵێ، "بێگومان پەرەپێدانی یەکێتیی لە نێوان کورد زۆر زۆر گرینگە. ئەگەر کورد سازش بۆ کورد بکات، کورد گەورە دەبێت، کوردستان گەورە دەبێت. سازشنەکردنی کورد بۆ کورد، واتە سازشکردن بۆ ئەوانی تر، کە ئەمەش خراپەیەکی گەورەیە بۆ کورد. ئەمڕۆ ھێزە کوردییەکان دەبێت دەستبەجێ رێککەوتننامەی دهۆک کە لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی کرا، جێبەجێ بکەن. دەبێت لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی کە وەک رێبەرێکی کوردی رێزدار لە هەموو جیهان قبووڵ کراوە، یەک بگرن و داوای پێگەیەکی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوین بکەن. کورد گەرەنتیی ئاشتی و دیموکراسین لە رۆژهەڵاتی ناویندا.

په‌یوه‌ست به‌ ئەنجامه‌كانی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێ، د. ئیسماعیل بێشکچی دەڵێت، "پێویستە خێرا حکوومەت پێکبھێنرێت، هەڵبژاردنی دوایی لە هەرێمی کوردستان لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ کرا. تا ئێستا دەبوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکهێنرابا. لێرەشدا دەبێت بنەمای سازشی کورد بۆ کورد دووپات بکەینەوە. پێکنەهێنانی حکوومەت لە باشووری کوردستان تا ئێستا لاوازی بەدوادا دێ، بۆیە دەبێ پەلە بکرێت. لەم دواییانەدا دەنگێک لە حکوومەتی عێراق دەبسیترا، دەیانگوت فیدڕاڵی لە عێراق هەڵەیەکی گەورە بوو. لەم ڕاگەیاندنە تێدەگەین کە لە ناخی بیرکردنەوە واتە لە ئەجێندای حکوومەتی عەرەبی عێراقدا لەناوبردنی ئەم ئەزموونەی ھەرێمی کوردستان هەیە.

لەناوبردنی ھەرێمی کوردستان نەک تەنیا بۆ پارتی و یەکێتی، بەڵکو بۆ هەموو کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان زیانێکی گەورە دەبێت. لەم دۆخەدا خیانەت لە خەباتی مام جەلال تاڵەبانیش دەکرێت. دەزانین کە مام جەلال تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی خەباتێکی گەورەیان بۆ عێراقێکی فیدڕاڵی و ھەرێمی کوردستان  کرد. لەبەر ئەمە دەبێت زوو لە باشووری کوردستان حکوومەت پێک بهێنرێت و بە یەک دەنگ لەگەڵ بەغدا بدوێن.

لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە ئێستا چاوی جیھان لەسەر سووریایە، کێ دەتوانێ لە سووریای نوێ مافی کوردان جێگیر بکات؟ بێشکچی یەکڕاست گوتی، "سەرۆک مەسعود بارزانی دەتوانێ ئەم کارە ئەنجام بدات. بێشکچی دەڵێت، "زۆر گرینگە کە سەرۆک مەسعود بارزانی ئەو ناهەقییەی کە لە ساڵەکانی ١٩٢٠دا لە کورد و کوردستان کرا ھەمیشە بیریان دەخاتەوە و داوای ناسینی مافەکانی کورد دەکات.

سەرۆک مەسعود بارزانی کە لەلایەن هەموو سەرکردە جیهانییەکان و ویژدانی کۆمەڵگەی کوردەوە وەک سەرکردەیەکی رێزدار دەناسرێت، ئەمڕۆ بەرپرسیارێتییەکی گەورەی کەوتووەتە سەر شان. سەرۆک مەسعود بارزانی دەبێت دەستپێشخەری بکات و بە زمانێکی روون و ئاشکرا مافەکانی هەموو کورد لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی داوا بکات. گەلی کورد ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییەی داوەتە سەرۆک مەسعود بارزانی. سەرۆک مەسعود بارزانی دەبێت ئەم دەرفەتە مێژووییە بقۆزێتەوە و بۆ راستکردنەوەی ئەو ناهەقییە مێژووییەی کە لە کورد و کوردستان کراوە، بانگەوازی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ویژدانی مرۆڤایەتی بکات، وەک ھەمیشە وایشی کردووە.

 

کاروان باعەدری




دوایین هەواڵەکان

مەسروور بارزانی سەرەخۆشی لە هونەرمەند حەمە زیرەک دەکات

WEDNESDAY, 01 JULY 2026 22:07:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرەخۆشیی لە هونەرمەندی گۆرانیبێژ حەمە زیرەک کرد بۆ کۆچی دوایی هاوسەرەکەی.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا دەکات

WEDNESDAY, 01 JULY 2026 18:07:27

ھەولێر-KDP. info-  ڕۆژی چوارشەممە 1ی تەممووزی 2026 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئیبراهیم کالن سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.

شاندێکی کەنیسەکانی ئەمریکا: ھەولێر سەلماندوویەتی پایتەختی ئاشتی و لێبوردەییە

WEDNESDAY, 01 JULY 2026 17:07:25

ھەولێر-KDP. info-  ​ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.7.1، لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە مرۆیی و ئاینییەکان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی کەنیسە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان کرد، کە پێکهاتبوون لە قەشە جیم براون، سەرۆکی کەنیسەی بەخشش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و قەشە مەلاز بەیسوون، سەرۆکی کەنیسەی ئەلئیتحادی هەولێر و شاندێكی یاوەریان.

"فەڕەنسا ڕۆڵێکی گرینگ لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەگێڕێت"

WEDNESDAY, 01 JULY 2026 17:07:49

ھەولێر-KDP. info-  پەیوەندی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە بەهێزترین و جێگیرترین پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. لەم بارەیەوە، هەندرێن بادیلی، پسپۆر لە بواری یاسا، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم هاوبەشیی و پەیوەندییە بەھێزەی فەرەنساو ھەرێم.

سامان شاڵی بۆ KDP.info: کاراکردنەوەی پەرلەمان داواکاری خەڵکی دڵسۆزی کوردستانە

WEDNESDAY, 01 JULY 2026 14:07:45

سلێمانی-KDP.info- د. سامان شاڵی، سیاسەتمەداری ناسراوی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەم قۆناغەدا پێویستییەکی نیشتمانیی بەپەلەیە بۆ گەڕاندنەوەی شەرعییەت و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر قەوارەی هەرێم، جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە تەواوی ئەو لایەنە سیاسییانەی کورسییان لە پەرلەماندا هەیە، بە ئەرێنی و بەدەم دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بچن.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact