Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 26 SEP 2026 14:20 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

دەقی ڕاگەیاندراوی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و ڕایگەیاند: "پارتیمان بەڵێن بە کوردستانیان دەدات لەگەڵ دەنگدەرانى خۆى وەکو هەمیشە ڕاستگۆ و لە ئاستى متمانەیان دابێت و، پەیام و بەرنامە و دروشمەکانى هەڵبژاردن بەشێک بن لە کارنامەى ئاییندە و بە جێبەجێکردنیان خزمەتى گەل و وڵاتمان دەکەین".

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی:

بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مه‌سعوود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، ئەمڕۆ شەممە ٢٦ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢٤، كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.

كۆبوونه‌وه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان، سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌مشه‌ له‌یاد ده‌ستی پێكرد، دواتر بە گوێرەى خشتەى دیاریکراوى کۆبوونەوەکە چەند بابەت و تەوەرێک خرانە بەر باس و گفتوگۆکردن.

تەوەری یەكەم/ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان: 

پڕۆسەى هەڵبژاردن بەر لە ئەنجامدانى لە ٢٠ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢٤، بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕى، هەر لە سەرەتاى بڕیار و دیاریکردنى یاسا و ڕێکارەکان، هەڵوێستى پارتیمان ڕوون و ئاشکرا بوو کە دەبێ هەڵبژاردن لە خزمەت پێشکەوتن و سەقامگیرى هەرێمەکەمان دابێت و دووربێت لە دەستێوەردان و بڕیارى پێشوەختە، هەروەها بە شێوەیەکى یاسایى و ئازادانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت، لەو بارەوە لەکاتى خۆیدا مەکتەبى سیاسیمان ڕاگەیاندراوێکى بۆ بەرچاو ڕوونى جەماوەرى کوردستان و عێراق و هەموو لایەنەکان بڵاوکردەوە، دواتر و دواى پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەى بەشێک لە هەڵەکان و ئەو گرفتانەى کە هەبوون، پڕۆسەى هەڵبژاردن بەو ڕێکارانەى کە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دیاریکردن بەڕێوەچوو، لەگەڵ بوونى هەندێک تێبینى، پڕۆسەکە سەرکەوتووانە ئەنجامدرا و، سەرۆک (مەسعوود بارزانى) و سەرکردایەتى پارتى سوپاسى جەماوەرى خۆڕاگرى کوردستان بە گشتى و تەواوى ئۆڕگان و دامەزراوەکان و بەرپرس و کادیر و ئەندام و کەسایەتى و لایەنگرانى پارتیمان بە تایبەتى، هەروەها تەواوى بەرپرس و کادیرانى پارتى لە دامودەزگاکانى حکوومەت و پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانیان کرد، کە بەوپەڕى دڵسۆزى و لێهاتووییەوە بەشدارى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردن بوون و بەشێوازێکى شارستانیانە ڕەفتاریان نواند چ لەکاتى هەڵمەتى هەڵبژاردن و چ لەکاتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە لە ٢٠/ ١٠/ ٢٠٢٤.

کۆبوونەوە سوپاس و پێزانینى سەرۆک بارزانى و کۆمیتەى ناوەندیى پارتى بۆ جەماوەرى تێکۆشەرى کوردستان دووپاتکردەوە کە جارێکى دیکە متمانەیان بەخشیەوە بە پارتى و ڕێبازى بارزانى و، لە ڕێگاى پڕۆسەیەکى دیموکراتییەوە بە دەنگەکانیان پێشەنگیى پارتیان پاراست وەکو حزبى ژمارە یەکى کوردستان هەم لەڕووى ژمارەى دەنگ و هەمیش لە ڕووى کورسى پەرلەمانى لە سەرووى هەموو لایەنەکان مایەوە.

ئەم متمانە پتەوەى خەڵکى کوردستان ئەرکى پارتى لەم قۆناغە هەستیارەدا قوڕستر کردووە و، پارتیمان بەڵێن بە کوردستانیان دەدات لەگەڵ دەنگدەرانى خۆى وەکو هەمیشە ڕاستگۆ و لە ئاستى متمانەیان دابێت و، پەیام و بەرنامە و دروشمەکانى هەڵبژاردن بەشێک بن لە کارنامەى ئاییندە و بە جێبەجێکردنیان خزمەتى گەل وڵاتمان دەکەین.

هەروەها سوپاسى تایبەتى گشت سەرپەرشتیار و بریکارەکانى پارتیمان لە بنکە و وێزگەکانى دەنگدان دەکەین، کە بەچاوکراوەیى و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى ڕەفتاریان کرد، هاوکات سوپاسى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق و بەرپرس و فەرمانبەرانى دەکەین کە لە هەوڵ و کۆششى بەردەوام دابوون لە بەڕێوەبردنى پڕۆسەکە و چارەسەرکردنى گرفتەکان.

دامودەزگا ئەمنیەکانى کوردستان بۆ پاراستنى پڕۆسەکە و دەنگدەران و بنکەکانى دەنگدان ماندووبوون و توانیان کەشێکى ئارام و پارێزراو بۆ بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە فەراهەم بکەن، پارتیمان پێزانى بۆ ڕۆڵى کاریگەریان هەیە و سوپاسى یەک بەیەکیان دەکات.

کۆبوونەوە، سەرکەوتنى پڕۆسەى هەڵبژاردنى بە سەرکەوتنى دیموکراسیەت لە کوردستان ناوزەندکردوو، لە ئێستادا پارتیمان چاوەڕێى ئەنجامەکانى کۆتایى هەڵبژاردن دەکات بۆ هەنگاونانى قۆناغى دواى هەڵبژاردن.

ته‌وه‌ری دووه‌م/ په‌یوه‌ندییه‌کانى پارتیمان: 

لەم تەوەرەیەدا تیشک خرایە سەر پەیوەندییە نێوخۆیى و عێراقى و هەرێمایەتییەکانمان، کە پارتیمان بە ئاراستەى پاراستنى بەرژەوەندیی کوردستان و ڕێزگرتن لە سەروەریى وڵاتانى دراوسێ هەنگاوى ناوە و، هیوادارین کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە کە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ لە پەرەسەندندان بە دیالۆگ چارەسەربکرێن بەبێ زمانى هەڕەشە و بەکارهێنانى چەک، هەروەها داواکارىن عێراق خۆى بەدووربگرێت و لەو کێشانە تێوەنەگلێندرێت چونکە بارودۆخى عێراق زۆر هەستیارە و ئالنگارى زۆرى لەبەردەم دا هەیە.

ته‌وه‌ری سێیه‌م/ خوێندنەوەى ڕاپۆرتى لیژنەى باڵاى سەرپەرشتى هەڵبژاردن و، بەشە پەیوەندیدارەکانى مەکتەبى سیاسى و مەکتەبى ڕێکخستنى پارێزگاکانى پارتیمان:

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا ناوەڕۆکى ڕاپۆرتەکان خرانەڕوو و، کورتەیەک لە شێوازى کار و چالاکى هەڤاڵان و ئۆرگانەکان لە قۆناغەکانى پلان و بەرنامەڕێژى و ئامادەکارى، هاندان و ئەنجامدانى پڕۆسەى دەنگدەر بە دەنگدەر، هەڵمەتى هەڵبژاردن و ڕێگریکردن لە چەواشەکارى و بێ ئومێدکردنى جەماوەر خرانە بەر باس، هەروەها ڕۆڵ و کاریگەرى بەرپرس و هەڤاڵان و ئۆرگانەکان، میحوەر و تیمە مەیدانییەکان، تیمەکانى ڕێکخراوەکانى ئافرەتان و قوتابیان و لاوان و، ڕێکخراوە پیشەییەکان تاوتوێ کران و ڕۆڵیان بە گرنگ و بەرز نرخێنرا، لە لایەکى دیکەوە ڕۆڵى بەرپرس و کادیرانى پارتیمان لە حکوومەت و هێزى پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان کە هەموو بەیەکەوە و بە هەماهەنگى بۆ سەرخستنى لیستى (١٩٠)ى پارتیمان بەوپەڕى لێزانى و لە خۆبووردەییەوە کاریانکرد، بەرز نرخێنرا.

ته‌وه‌ری چواره‌م/ ڕاگەیاندن و هەڵمەتى میدیایى:

ڕاگەیاندنى پارتیمان بە بەرپرس و کادیران و میدیاکارانى دەزگا و ناوەند و کەناڵەکانى تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، سۆشیال میدیا، ماڵپەڕ و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانەوە ڕۆڵێکى بەرچاویان هەبوو لەم پڕۆسەیەدا، هەم لە ڕووى هۆشیارکردنەوەى جەماوەر و گەیاندنى ڕێنمایى پێویست و پەیامى پارتیمان، هەمیش لە ڕووى بەرپەرچدانەوەى چەواشەکاریى نا حەزان، هەڤاڵان و ڕاگەیاندنمان بە شێوازێکى شارستانى و دوور لە تێکدانى ئاسایشى کۆمەڵایەتى و نیگەرانکردنى خەڵکى کوردستان، بانگەشەیەکى میدیایى شیاویان لە ئاستى مێژوو و گەورەیى پارتى و ڕێبازى بارزانى نیشاندا. 

ته‌وه‌ری پێنجه‌م

كۆبوونه‌وه‌  گفتوگۆى پێویستى لەبارەى قۆناغى دواى پەسەنکردنى ئاکامەکان و ڕێکارە یاساییەکانى پێکهێنانى کابینە و دامودەزگا شەرعیەکانى هەرێم ئەنجامدا، هەروەکو پێشتر جەنابى سەرۆک و مەکتەبى سیاسى جەختیان کردووە کە لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەیى و نیشتمانییەکان و پاراستنى قەوارەى دەستوورىى هەرێم، پارتیمان ڤیتۆى لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نیە و، ئەوەى لاى پارتى پێشینە و گرنگە لەم قۆناغەدا پاراستنى قەوارەى هەرێم و هەبوونى یەک حکوومەتى سەرتاسەرى و پاراستنى ماف و ئازادییەکانى خەڵکى کوردستان و خزمەتکردنى هاووڵاتیانە، بۆ ئەم مەبەستە کۆبوونەوە دەسەڵاتى دا بە مەکتەبى سیاسى کە بە گوێرەى پێویست بەرنامەڕێژى بکات و هەنگاوى گونجاو بنێت.

ته‌وه‌ری شه‌شه‌م

لە تەوەرى کۆتایى کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کێشە و کەموکوڕییەکانى پڕۆسەکە و، بڕیاردرا کە تەواوى گرفت و کێشەکان دەستنیشان بکرێن و، گرفتەکانى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆر و نەخوێندنەوەى کارتى دەنگدان کە بەهۆیەوە ژمارەیەکى زۆر لە دەنگدەران بێ بەش بوون لە مافى دەنگدانیان و، هەروەها ئاڵۆزى پسوولەى دەنگدان کە بووە هۆى پوچەڵکردنەوەى ژمارەیەکى زۆر لە دەنگى ئەو خەڵکەى بە تاسەوە چوونە سەر سندوقەکانى دەنگدان بۆ دیاریکردنى نوێنەرى خۆیان لە هەڵبژاردن، چارەسەر بکرێن بۆ ئایندە.




دوایین هەواڵەکان

مامۆستایانی ئایینی لە ڕێگەی KDP.infoوە داوا لە هاووڵاتییان دەکەن ئەم سامانەی کوردستان بپارێزن

SATURDAY, 26 SEPTEMBER 2026 12:09:34

سلێمانی-KDP.info- مامۆستایانی ئایینیی ئیسلام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ڕێنمایییەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەر (د.خ) بە ڕوونی هانی مرۆڤایەتی دەدەن بۆ پاراستنی سروشت، گەشەپێدانی دارستانەکان و میهرەبانی بەرامبەر ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان. هاوکات ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرپێچیکردنی یاساکانی پاراستنی ژینگە لە ڕووی شرعییەوە تاوانە.

 
وەزیر: دوای داشکاندنی ٣٠٠ ملیار دینار، جارێکی دیکەش داشکان بۆ نرخی دەرمان دەکەین

SATURDAY, 26 SEPTEMBER 2026 11:09:53

هەولێر-KDP.info- دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە له‌ ماوەی ڕابردوو پێداچوونەوە بە نرخی دەرمان کراوە لە هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەوە لە ماوەی ساڵەکانی 2024 و 2025 و شەش مانگی ساڵی 2026دا زیاتر لە 300 ملیار دینار داشکاندن لە نرخی دەرمانەکاندا کراوە و ئێستاش جارێکی دیکە وەزارەتی تەندروستی لە هەوڵدایە بۆ پێداچوونەوە بە نرخی دەرمان و جارێکی دیکە داشکانی بۆ دەکات.

 
ئەمڕۆ کاروانێکی دیکەی ڕووفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوان دەگەڕێندرێنەوە باوەشی نیشتمان

SATURDAY, 26 SEPTEMBER 2026 10:09:02

هەولێر -KDP.info- دوای دەیان ساڵ لە دوورکەوتنەوەیان لە خاکی پیرۆزی کوردستان و مانەوەیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابانەکاندا، ئەمڕۆ کاروانێکی دیکەی ڕووفاتی پیرۆزی قوربانییانی تاوانی ئەنفال، کە لە ڕووفاتی ١٥٣ شەهید پێکهاتوون، بەرەو ئامێزی نیشتمان دەگەڕێندرێنەوە.

 
ڕیفراندۆم لوتکەی سەروەری بڕیارێکی بوێرانە لە زەمەنێکی مێژووییدا!

FRIDAY, 25 SEPTEMBER 2026 22:09:50

شیلان محەمەد زەنگەنە

 
سەرۆک بارزانی، ڕابەری ڕاستکردنەوەی مێژوو

FRIDAY, 25 SEPTEMBER 2026 19:09:25

د. سالار عوسمان

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact