Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 10 MAY 2025 18:53 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مەسرور بارزانی: جیاوازی لە نێوان ئایین و کلتوورە جیاوازەکاندا نەکراوە و ھەموویان بە یەک چاو سەیر کراون
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتمان، لە ھەولێر دەستیپێکرد.

کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥-٩-٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتمان، لە ھەولێر دەستیپێکرد، سەرۆکی حکوومەت لە وتارێکدا گوتی: "بۆ ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان، پایتەختی پێکەوەژیانی ئایین و کلتووری جیاوازەکان، بەخێرھاتنی ھەموو ئەو میوانە بەڕێزانە دەکەم کە لە سەرانسەری جیھان تەشریفیان ھێناوە بۆ بەشداریکردن لەم سیمپۆزیۆمە."

سەرۆکی حکوومەت ئەوەشی خستەڕوو: "کوردستان بە درێژایی مێژوو، وەک بێشکەی مرۆڤایەتی، ھەمیشە نیشتمانی نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاواز بووە. "

دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

(صپروخون هاوێ بریخا)

خوشك و برایانی بەڕێز، مێوانانی ئازیز و خۆشەویست، بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم، بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، پایتەختی پێكەوەژیانی ئایین و كەڵتوورە جیاوازەكان، بەخێرهاتنی هەموو ئەو میوانە بەڕێزانە دەكەم كە لە سەرانسەری جیهان تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریكردن لەم سیمپۆزیۆمە، بە تایبەتی بەرپرسان و مامۆستایانی ئاینیی و هەموو كوڵتوورە جیاوازەكان كە لێرە بەشدارن، زۆر زۆر بەخێر بێن. هیوای سەرکەوتن بۆ كۆڕبەندە دەخوازم و دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی دەكەم.

دەستخۆشی لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەریی سریانی دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم سیمپۆزیۆمە.
ئومێدەوارم ئەو گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە و باسانەی لە میانەی ئەم کۆڕبەندەدا پێشکەش دەکرێن، ببنە هۆی زیاتر پەرەپێدانی کوڵتووری سریانی و لە خزمەتی بەهێزترکردنی گیانی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەكانی ئایینی و نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان بن.

کوردستان بە درێژایی مێژوو، وەک بێشکەی مرۆڤایەتی، هەمیشە نیشتمانی نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاواز بووە چەند شارستانیەتی جیاواز وەک شارستانی ماددەکان و سۆمەری و ئەکەدی و کلدانی و ئاشووری و سریانی و چەندانی تر، لەسەر زەمینی کوردستان سەریان هەڵداوە و گەشەیان کردووە.

من لە بۆنەی تریش ئاماژەم بەوە داوە کە لە دەڤەری ئێمەدا، لە یەک گونددا، مزگەوت و کەنیسە و کنشت جێگەیان بووەتەوە و باوەڕدارانی ئەم ئایینانە و ئەم کوڵتوورە جیاوازانە، بەیەکەوە ژیاون و جیاوازییەکانی یەکتریان قبووڵ بووە. هەروەها كە پەلاماری كوردستانیش دراوە، جیاوازی لە نێوان ئایین و كوڵتوورە جیاوازەكاندا نەكراوە و هەموویان بە یەك چاو سەیر كراون. كە ناحەزان و دوژمنان وەكوو یەك سەیری ئێمە دەكەن، دەبێ ئێمەش یەكدەست و وەكوو برا بین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەموو تەحەدیات و هەموو ناخۆشییەكان ببینەوە.

لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانیش بەشدارییەکی دیاریان لە ژیانی سیاسیی و کوڵتووری و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا هەبووە و حکوومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستن و پەرەپێدانی ئەو دۆخی بەیەکەوەژیانەی کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان و مایەی شانازیمانە و هەمیشە داکۆکی و پارێزگاری لەم کوڵتوورە جوانە دەکەین و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هزرێکی تووندڕۆیی و جیاكاریش دەبینەوە.

لەم دواییانەش کە هەوڵ درا مافی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک هێزی ناوخۆ و دامودەزگای فیدراڵی پێشێل بکرێت، ئێمە بە هەموو توانای خۆمانەوە ڕووبەڕووی ئەو هەوڵ و پیلانانە بووینەوە و سەرەنجام بەشێک لە مافە زەوتکراوەکان گەڕێندرانەوە و پشت بە خوا و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئومێدمان وایە كە ماف و نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانی كوردستان لە بواری پەرلەمانی و ئیداریی هەرێمدا بە شێوەیەكی شایستەتر بچەسپێنین.

هیوادارم بە هەموومانەوە کار بکەین بۆ زیاتر پەرەپێدان و بەهێزکردنی هزر و گیانی پێکەوە ژیان و چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبووڵکردن و ڕێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە دەبنە هۆی زیاتر پێشخستنی نیشتمانەکەمان و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

جارێکی دیکەش دەستخۆشی ئەنجامدانی ئەم كۆڕبەندانەتان لێ دەکەم و بەڵێن دەدەین کە وەک هەمیشە، گرنگی بە زمان و ڕۆشنبیریی سریانی و زمان و کوڵتوور و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی گشت پێکهاتە جیاوازەكانی کوردستان بدەین.

زۆر سوپاس، جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، هەر شاد و سەركەوتوو بن، وڵاتەكەشمان هەر ئاوەدان بێت. 




دوایین هەواڵەکان

لە هەولێر یادی شەھید لەیلا قاسم کرایەوە

SATURDAY, 10 MAY 2025 18:05:22

ھەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر بە شکۆوە  یادی ٥١ ساڵەی لەسێدارەدانی شەھید لەیلا قاسم کرایەوە. 

سەرۆکی حکوومەت پێشوازیی لە بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن کرد

SATURDAY, 10 MAY 2025 13:05:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پشتیوانی خۆی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی لە پۆستە نوێیەکەیدا دەربڕی.

 
لە دھۆک ملیۆنێک دار و لە ھەولێریش ٦٠ ھەزار گوڵ دەچێندرێت

SATURDAY, 10 MAY 2025 13:05:00

ھەولێر-KDP.info- لە پارێزگای ھەولێر ١٤ پارک و باخچە نۆژەنکراونەتەوە و نزیکەی ٦٠ ھەزار گوڵیش چێندراون، ھاوکات لە دھۆکیش ملیۆنێک و ٤٠ ھەزار داری زەیتوون و فستەق دەچێندرێن.

 
"لە سلێمانی ۹۰۰ ھەزار کەس سوودمەند دەبن"

SATURDAY, 10 MAY 2025 12:05:00

سلێمانی-KDP.info- بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە گوژمەی نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار پڕۆژەیەکی ئاو لە سلێمانی جێبەجێ دەکرێت، کە ٩٠٠ ھەزار کەس لێی سوودمەند دەبن و تا ٣٠ ساڵی دیکەش کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەکات، کە ئێستا لە قۆناغی تەندەریندایە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

سەرۆک بارزانی: خەڵکی کوردستان زۆر لێبووردەن و چاویان لە تۆڵەسەندنەوە نییە

THURSDAY, 08 MAY 2025 22:05:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنی گەورە لە ھەرێمی کوردستان بەدیھاتوون، لەم ساڵانەی دواییدا زنجیرەیەک قەیرانی کێشەی یەک لەدوای یەک و درووستکراو، کاروانی پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستانیان خاو کردەوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact