Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 15 SEP 2026 14:03 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان کۆبووەوە
| KDP.info


هه‌ولێر-KDP.info- بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا و ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەش بڵاوکرایەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی فراوانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٩-٨-٢٠٢٤، کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.

کۆبوونەوە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە لەیاد دەستی پێکرد، دواتر بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا لەسەر کۆمەڵێک بابەتە ھەنوکەیی و گرنگ، ھەروەھا بڕیاری پێویست وەرگیرا بۆ ئەو بابەتانەی کە پێویست بوون و، ئەم تەوەرانەی خوارەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا:

یەکەم: تەوەری سیاسی و پەیوەندییەکانی پارتیمان:

بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی خرایە بەرباس، ڕووداوە گرنگە کاریگەرەکان لەسەر بوارە جیاجیاکانی سیاسی، سەربازی، ئابووری ناوچەکە، وەکو توخمێکی گۆڕانکاری، تێکچوونی ھاوکێشەکان یاخود دروستبوونی ھاوپەیمان نوێیان لێدەکەوێتەوە، عێراقیش وەکو بەشێک لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر تەواوی بوارەکانی ژیانی خەڵکەکەی ھەیە و، پەرەسەندنی ئاڵۆزیەکانیش نیگەرانی زۆری دروستکردووە. پارتیمان بە بڕوابەخۆبوونەوە لەو نێوەندە دا، زۆر بە وریایی و وردبینی ھەنگاو دەنێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و قەوارەی ھەرێمی کوردستان، لەم ڕوانگەیەوە تەواوی پەیوەندییە ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکانی لە خزمەتی ڕەواندنەوەی مەترسیەکان و ھەوڵدانە بۆ دابینکردنی ئاسایش و دوورخستنەوەی دەرھاویشتە خراپەکانی ئەو ئاڵۆزیانەیە لە ھەرێمی کوردستان.

دووەم: تەوەری حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ:

کێشە و گرفتەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ کە دەبوایە بەگوێرەی دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسی و ئیدارییەکان چارەسەرکرابان، لە سەرویانەوە بابەتی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی ھەرێمی کوردستان، کە چەندین ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەڵام لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراق وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێن و لە ئاکامی بەردەوامی چارەسەرنەکردن و لانەدانی ئاستەنگەکان، خەڵکی کوردستان بەگشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی تووشی نیگەرانی بوون و زیانیان پێگەیشتووە. کۆبوونەوە جەخت لە جێبەجێ کردنی دەستوور و رێککەوتنەکان دەکاتەوە و، ھانی حکومەتی فیدراڵی دەدات بۆ بەخەمەوە بوونی ئەم بابەتە و چیتر ئەم بابەتە دوانەخرێت و، وەکو ئەوەی کە بریاری لەبارەوە دراوە مووچە و بودجەی ھەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا ڕەوان بکرێت.

سێیەم: تەوەری پەیوەندییە ناوخۆییەکان:

کۆبوونەوە، ئارامی وەکو چەمکێکی پڕ واتا و پێویستییەک بەتایبەت بۆ قۆناغی ئێستای ھەرێمی کوردستان دەزانێت، ئارامی و یەکترقبووڵکردن بە ھەبوونی جیاوازیەکانیشەوە چ لە ڕووی نەتەوەیی یان ئاینیی و ئاینزایی یاخود سیاسی، ھۆکارن بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتن و دابینکردنی ژیانێکی خۆش و شایستە و، تەبایی دروستدەکات و، پێکڕا و پێکەوە بەرەو ئاوەدانی ھەنگاو دەنرێ، لەم کەش و ھەوایەشدا خۆڕاگری لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکان و پیلانی ناحەزان بەھێزتر دەبێت، بۆیە کە ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردنی لەپێشە لە ھەموو کات پێویستترە لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و دەستکەوت و مافەکانی گەلەکەمان و، پاراستنی دامودەزگا شەرعیەکان و قەوارەی ھەرێمی کوردستان یەک ھەڵوێست و تەبابین، کەلێن دروستنەکرێت کە لێیەوە ناحەزان و دژ بە مافەکانمان سوود وەرگرن و زیان بە ھەرێمی کوردستان بگات. جیاوازیەکانمان نابێ لەسەر حیسابی قەوارەی ھەرێم و دەسەڵاتە دەستووریەکانی و ماف و بژێوی ژیانی خەڵکی ھەرێم بشکێتەوە، گەل و نیشتمان لە پێشتر و پیرۆزترن لە جیاوازیەکانمان.

چوارەم: تەوەری دامەزراوە شەرعیەکانی ھەرێم:

بە ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی، ھەروەھا لە ڕوانگەی ئەوەی کە ئەم دامەزراوانە لە ئاکامی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان و، بەرگری و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی شەھیدان و پشتیوانی جەماوەری کۆڵنەدەری کوردستان بەدی ھاتوون، ھەروەھا ئەم دامەزراوانە وەکو میکانیزمی ھێشتنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستانن بە یەک پارچەیی، کۆبوونەوە پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەتی ھەرێم دووپات دەکاتەوە و، پشتیوانی ھەنگاوەکانیان دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان، ھەروەھا بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

پێنجەم: تەوەری ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتیمان:

ئاماژە بە بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی بۆ جێبەجێ کردنی پەیڕەوی ناوخۆی پارتیمان، ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی ھەیکەلی ڕێکخستنی پارتیمان لە سنووری پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و بەشێکی کەرکوک و گەرمیان ئەنجامدرا، ھەڵبژاردنەکانی ئەو ئۆرگانانە بە سەرکەوتوویی کۆتاییان ھات، تەواوی کادیرانی بەشدار لەم پڕۆسەیەدا کوڕ و کچی پارتی و ڕێبازی بارزانین، ھەموو ئەرک و مافێکیان لەبەرچاو دەبێت. لە لایەکی دیکەوە کۆبوونەوە جەختی لە بەپیرەوەچوونی داواکاری و پێشنیارەکان کردەوە، ھەروەھا کۆبوونەوە دەستخۆشی ئاراستەی لیژنەی تایبەتمەند و کادیرانی بەشداربووی بەئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆسە گرنگە کرد.

شەشەم: تەوەری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

دوابەدوای ئەو ئاستەنگە زۆرانەی بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دروستکران، کە لە ئاکامدا پرۆسەکە ڕووبەڕووی گرفت و کێشەی زۆر بۆوە و، ھەوڵیشدرا پرۆسەکە بە ئاراستەیەکدا بچێت کە بە سوودی ھەرێمی کوردستان بەگشتی و پێکھاتەکان بە تایبەتی نەبێت، لە کۆتاییدا بە ھەوڵ و کۆششی زۆر، بەشێک لە لادان و بی بەشکردنەکان چارەسەرکران و بڕیارە لە ٢٠/ ١٠/ ٢٠٢٤ ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، کۆبوونەوە جەختی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی پاک و بێگەرد کردەوە و، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردن و، ھەڵبژاردنی پەرلەمانێکی کارا کە لە ئاست چاوەڕوانی و خواستی خەڵکی کوردستان بێت، بەشداری ھەڵبژاردن بکەن.

حەوتەم: گفتوگۆی ھەڤاڵانی بەشداربووی کۆبوونەوە:

ھەڤاڵانی بەشداربوو لە کۆبوونەوە، بیروڕایان لە بارەی کار و ئەرکە ئەنجامدراوەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردن و ھەنگاوەکانی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن و ڕێکارە پێویستەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردن دەربڕی و پێشنیاری باش و گونجاو و بە سوودیان بۆ داھاتوو خستە ڕوو. 

کۆبوونەوە لە کەشێکی ئارام و ھەڤاڵانەدا بەڕێوەچوو.

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

 ٢٩ی ئابی ٢٠٢٤




دوایین هەواڵەکان

لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، لقی ٢٤ ڕێوڕەسمێکی بۆ ڕێزلێنان لە قوتابییەیەکەمەکانی پۆلی ١٢ سازکرد

TUESDAY, 15 SEPTEMBER 2026 13:09:56

شەقڵاوە-KDP.info- لە یاد و بیرەوەریی ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلولدا، لقی ٢٤ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە مەڕاسیمێکی شایستە و شکۆداردا ڕێزی لە قوتابییە یەکەمەکان و سەرکەوتووانی پۆلی ١٢ی بەشی زانستی و وێژەیی گرت.

 
گەنجان بۆ KDP.info: پێزانینی خۆمان دەگەیەنینە مەسروور بارزانی کە بە کردار گەشەی بە ناوچەکەمان دا

TUESDAY, 15 SEPTEMBER 2026 12:09:47

سۆران-KDP.info- دانیشتووانی گوند و قەزا جیاوازەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ڕێی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، پێزانینی خۆیان دەگەیەننە ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و جەخت دەکەنەوە کە بە هۆی بڕیارە ستراتیژییەکەی بۆ بە ئیدارەکردنی سۆران، پڕۆژەکان نەک تەنیا لە سەنتەری شار و قەزاکان، بەڵکو گەیەندراونەتە گوند و ناوچە دووردەستەکانیش.

 
بەڕێوەبەری گشتیی خانووبەرە بۆ KDP.info: ڕۆژانی داهاتوو کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردە دەردەکرێن

TUESDAY, 15 SEPTEMBER 2026 11:09:01

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە ڕایگەیاند، لەمەودوا ڕێکارەکانی کوژاندنەوە و قەرەبووکردنەوەی جووتیاران خێراتر دەکرێن و لە ڕۆژانی داهاتووشدا ژمارەیەک بڕیار و ڕاسپاردە لەبارەی پرۆسەکەوە دەردەکرێن.

 
لە سنووری سەیدسادق و سورێن یادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەرز ڕاگیرا

TUESDAY, 15 SEPTEMBER 2026 09:09:29

سەیدسادق-KDP.info- لە کەشێکی سەربەرزانە و پڕ لە شانازیی نەتەوەییدا و بە بەشداریی جەماوەرێکی بەرچاو، یادی ٦٥ ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە سنووری قەزای سەیدسادق بەرز ڕاگرترا.

 
لیوا تاریق وردەکاریی پڕۆژەی چاکسازی و نوێکردنەوەی پۆلیسی خستەڕوو

MONDAY, 14 SEPTEMBER 2026 21:09:00

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی چاکسازی و نوێکردنەوەی پۆلیسی ھەرێم لەسەر بنەمای ٢٠ خاڵی سەرەکی داڕێژراوە و ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی پۆلیسە لەسەر سیستەمێکی سەردەمیانە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact