Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 24 AUG 2026 22:16 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

دوو به‌شداربووی داستانی خواكوڕك بۆ KDP: ھەموو پێشبینییەکانی سەرۆک بارزانی هاتنە دی
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- دوو بەشداربووی داستانی خواکوڕک، بەشداریی خۆیان لەو داستانەدا دەگێڕنه‌وە و ئاماژە دەدەن: کاتێک چووین بۆ بەشداری لەو داستانەدا، پێمان وابوو بۆ "شایی" دەچین. چیرۆكی زۆر جیاواز له‌ داستانه‌كه‌ هه‌یه‌ و دەشڵێن، ھەموو پێشبینییەکانی سەرۆک بارزانی هاتنە دی.

سوپای بەعسی گۆڕبەگۆڕ لە 19ی تەممووزی ساڵی 1988، ھێرشێکی بەرفراوانی بۆ سه‌ر ناوچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان لە دەڤەری خواکوڕک دەست پێکرد. لەو هێرشه‌دا سوپای بەعس بە بەشداریی زیاتر لە پازدە لیوای سەربازی، تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگی و، تەنانەت چەکی کیمیایشی بەکار ھێنا، له‌ ڕۆژى 5ی ئەیلوولى ساڵى 1988، پاش 46 ڕۆژ لە خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، داستانی خواکوڕک تۆمار کرا، داستانی خواکوڕک لە داستانە بەناوبانگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرکردایەتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعوود بارزانی، توانی چۆک بە سوپای عێراقی ئەوکات دابدات.

شەڕەکە لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ستراتیژییەوە، بایەخێکی مەزنی ھەبوو، چونکە پێشمەرگە له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ توانی دەستکەوتێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی بەدەست بهێنێت، لە ڕووی سیاسیشەوە لەگۆڕنانی ئەو خەونەی به‌عس بوو، کە باوەڕی وابوو بە کۆتاییهاتنی جەنگی عێراق-ئێران، گیانى بەرگریی نه‌ته‌وه‌ى كورد و شۆڕشی کوردستانیش لەناو دەچێ، بەڵام بەرگریی پێشمەرگەى كوردستان لە خواکوڕک خەونەکانی ڕژێمی بەعسی لە گۆڕنا.

سەرۆک مەسعوود بارزانی، لە سەنگەرەکانی شەڕی خواکوڕکدا، گوتارێكی مێژوویی پێشكه‌ش كرد و  ئاماژەی دا، كه‌ لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بارودۆخی ناوخۆى عێراق گۆڕانی بەسەردا دێت و دوژمن ناچار دەبێ لە بەرامبەر ئەم جۆرە بەرگرییەی پێشمەرگەدا بەخۆیدا بچێتەوە.

داستانی خواکوڕک بوو به‌ هەوێنێک بۆ گیانی بەرگری و وه‌ستانه‌وه‌ به‌ ڕووى زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس و ڕاپەڕینه‌ شکۆدارەکەی ئاداری ساڵى 1991ى لێ هاتە بەرهەم.

ڕزگار سه‌جادی، بەشداربووی شەڕی داستانی خواکوڕک، کە یەکێک بووە لە پێشمەرگە بچووکەکان و ئەوکات تەمەنی ١٩ ساڵ بووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کاتێک بەشداریمان لە شەڕی خواکوڕکدا کرد، تەمەنمان بچووک بوو، من تەمەنم ١٩ ساڵ بوو، ئەو کات ورەیەکی بەرزمان ھەبوو، ھەر پێشمەرگەیەک لە ڕووی ورەوە بە فەوجێک حیساب بوو، بۆیە کە لە شاری مەریوانی سه‌ر به‌ پارێزگای سنه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بەڕێکەوتین، وەکو ئەوە ودابوو بۆ "شایی" دەڕۆین نەک بۆ شەڕکردن، لە ڕێگە گۆرانیمان دەگوت تا گەیشتینە لای سەرۆک بارزانی لە سێگۆشەی (عێراق-تورکیا-ئێران)، لەوێ سەرۆک بارزانی ئامۆژگاری کردین و قسەی بۆ کردین، دواتر بۆ شەڕکردن بەڕێكەوتین.

ناوبراو دەیگێڕێتەوە: سەرۆک بارزانی بەردەوام لەگەڵ ھەموو میحوەرەکان بە سەردان و لاسلکی (بێتەل) لەگەڵماندا بوو، ئەوکات ڕه‌حمه‌تی حەمید ئەفەندی سەرپەرشتیی دەکردین، لە ڕێگەی ئەوەوە جەنابی سەرۆک پەیامی دەنارد: "ئاگاتان لە خۆتان بێت و خۆتان بپارێزن، پێویستە سەرکەوتنی گەورە بە کەمترین زیان بەدەست بێت، ئەو شەڕە بۆ گەلی کوردە و ھەوڵ بدەن قوربانی نەبێت".

سەجادی باسی لەوەش کرد: ئەوەی ئێمەی سەر خست، ئیرادەی بەھێزمان بوو، ھەستمان دەکرد کلاشینکۆف ئارپێچییە بەدەستمانەوە، بەو شێوەیە توانیمان بەسەر ئەو ھێزە گەورەیەدا سەرکەوین، چونکە لاشەی دوژمن ھێندە کەوتبوو لە ھەژمار نەدەھات، زۆرمان بەدیل گرتن و چەکی زۆرمان دەست بەسەردا گرت.

هاوكات بەشداربوویەکی دیكه‌ی داستانی بەناوبانگی خواکوڕک محەممەد حاجی عەبدوڵڵا،  ناسراو بە (محەممەد کۆنفۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای کۆتاییھاتنی شەڕی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران و پڕۆسەی ئەنفال، حکوومەتی عێراق ھەموو ھێزەکانی کۆکردبووەوە تا ھێرشێکی بەرفراوان بکاتە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی خواکوڕک، سەرۆک بارزانی بروسکەی بۆ لێژنه‌ی ناوچەکانی لقەکانی (یەک و دوو و سێ و چوار) کرد ھەر ناوچەیەک پەنجا پێشمەرگە بنێرن بۆ بەرەکانی شەڕ، ئێمەش وەک لیژنەی ناوچەی قەڵادزێ خۆمان ئاماده‌ كرد و نزیکەی ١٩ کاتژمێر بەڕێكەوتین و گەیشتنە ناوچەی زێوەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە زێوە دوای وەرگرتنی پشوو، بە ڕێکكەوتین بۆ ناوچەی خواکوڕک، كه‌ ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە بەشدارییان لە داستانی خواکوڕكدا کردووە، چونکە جگە لەو ھێزانەی لقەکانی پارتی، چەندین ھێزی دیکە و ھەتا خەڵکی خۆبەخش ھاتبوونە بەرەکانی شەڕ لە خواکوڕک شەڕێکی یەکجار دژوار بوو، لەبەر ئەوەی ئەوکات سوپای عێراق پێنجەمین سوپای جیھان بوو.

(محەممەد کۆنفۆ) دەشڵێت: "لە داستانی خواکوڕكدا زیانێکی ئێجگار گەورە بە ھێزەکانی بەعس گەیشت و بە دەیان سەرباز و چەکداری بەکرێگیراو و ئەفسەری بەعس کوژران، شەوی ١٢ لەسەر ١٣ی ١٩٨٨ سەرۆک بارزانی بە ئامێری بێتەل پەیوەندی بە سەنگەرەکانی پێشەوە کرد، کە ڕژێم نیازی ھێرشێکی زۆر گەورەی ھەیە و لە ئامادەباشیدا بن، ئەو شەوە ھێرشی دوژمن دەستی پێکرد و تەنیا لەو شوێنەی ئێمە وەک لیژنەی ناوچەی قەڵادزێ لێی بووین، ١٦ تەرمی سەربازانی دوژمن کەوتبووە سەر زەوی".

زیاتر قسه‌ی كرد و ده‌ڵێت: "ژمارەیەکی زۆری سەربازانی ڕژێم کەوتنە دەست ھێزەکانی پێشمەرگە و دەستگیر کران، بە چاوی خۆم بینم و ژماردم كه‌ 51 كه‌س بوون، ھەرچەندە ئەوان دوژمن بوون و ئێمە شەھیدمان ھەبوو، بەڵام کاک (قادر قادر) فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ لقی 4ی پارتی، پێی گوتین دەستیان لێ مەدەن، ئەوانە میوانی جەنابی سەرۆکن، واتە سەرەڕای ئەو ھەموو کوشت و بڕەی ھێزەکانی ڕژێم بەرامبەر بە کورد و پێشمەرگە، مامەڵەیەکی زۆر مرۆڤانە لەگەڵ دیلەکان دەکرا".

لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە داستانی خواکوڕک، محەممەد عەبدوڵڵا گوتی: "سەرۆک بارزانی بەردەوام ھێزەکانی پێشمەرگەی بەسەر دەکرده‌وە و سەرپەرشتیی بەرەکانی شەڕی دەکرد، بە درێژایی ڕۆژانی داستانی خواکوڕک کە نزیکەی دوو مانگی خایاند، باوەڕ ناکەم لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا سەرۆک بارزانی دوو کاتژمێر پشووی دابێت، بەردەوام لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ پێشمەرگە، لە کاتی سەرکەوتنی داستانی خواکوڕک سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ڕەوشەکە دەگۆڕێت و ھەموو پێشبینییەکانی سەرۆکیش بەدیھاتن و ئەوەندەی نەبرد ڕاپەڕین دەستی پێکرد.

 

قائید میرۆ و بڵند ئیبراهیم




دوایین هەواڵەکان

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (جەژنی مەولود)

MONDAY, 24 AUGUST 2026 22:08:00

هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی ھاتنەوەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) و جەژنی مەولوودەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیھان کرد و ھیوای خواست ئەم یادە پیرۆزە ببێتە ھۆی بەدیھاتنی ئاشتی، ئارامی، خێر و دادپەروەری بۆ ناوچەکە و تەواوی مرۆڤایەتی.

 
فازڵ میرانی: با ئەم یادە مەزنە ببێتە هەوێنی تەبایی و یەکگرتوویی گەلەکەمان

MONDAY, 24 AUGUST 2026 21:08:00

هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و هیوادارە ئەم یادە ببێتە هەوێنی تەبایی، ئاشتی، لێبوردەیی و یەکگرتوویی.

 
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی ساڵانەی مھاباد قەرەداغی بەڕێوەبرد

MONDAY, 24 AUGUST 2026 21:08:00

ھەولێر-KDP.info- لە مەراسیمێکی تایبەتدا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حکوومی، مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، خەڵاتی ساڵانەی مھاباد قەرەداغی بۆ ئافرەتی خوێنەر و ڕۆشنبیری بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بەخشییە سەرکەوتووانی پێشبڕکێی خوێندنەوە و شیکردنەوەی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد.

 
سبەی ئاھەنگێکی گەورەی ئایینی لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت

MONDAY, 24 AUGUST 2026 19:08:17

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت  "بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام درودی خوای لەسەربێت، سبەی ئاهنگێکی گەورە لە هەولێر ساز دەکرێت و لە سەرجەم شارەکانیش ماوەی مانگێک یادەکە بەرز ڕادەگیرێت." 

 
سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین كۆبوویەوە

MONDAY, 24 AUGUST 2026 17:08:47

ھەولێر-KDP. info-  ڕۆژی دووشەممە 24ی ئابی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین كۆبوویەوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact