Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 9 OCT 2026 23:30 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مەسروور بارزانی: لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەنتەرێكی تایبەت بە كاروباری پۆستە و گەیاندنی لە هەولێر كردەوە و ڕایگەیاند: "كەرتی پۆستە و گەیاندن كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان دەكات و بارگرانی كەم دەكاتەوە."

ئەمڕۆ یەكشەممە 9/6/2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەنتەری ئیگڵ پۆست، کە تایبەتە بە کاروباری پۆستە و گەیاندن، لە هەولێر كردەوە و گوتی: "ئەمڕۆ یەکێک لە پڕۆژە هاوبەشەکانی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت دەکەینەوە، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پێشخستنی خزمەتگوزارییەکانی گەیاندن و بە تایبەتیش خزمەتگوزاریی پۆستە کە خوازیارین ئەم کەرتە لە ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بێت."

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەش دا: "ئەم کۆمپانیا و سەنتەرە، دەبێتە هۆی زیاتر بەیەکەوەبەستنەوەی شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکتر، هەروەها بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و جیهان، ئەمە بەشێکە لە پلان و بەرنامەکانی حکوومەت بۆ بەسەردەمیکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەدیجیتاڵکردنیان و کەمکردنەوەی بیرۆكراسی."

هەر لە وتارەكەیدا، مەسروور بارزانی باسی لەوەش كرد: "لەم سەردەمەدا، پۆستە و گەیاندن، دامەزراوەیەکی زۆر گرنگ و چالاکە و خزمەتێکی زۆر بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت و ئاسانكاریی زۆر بۆ راییكردنی ژیان و كاروباری رۆژانەی هاووڵاتیان دروست دەكات، كاتێكی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە و بەم هۆیەوە كاروبارەكانیان بە شێوەیەكی خێرا ڕایی دەکەن، لە هەمانکاتدا دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بە شێوازێکی پێشکەوتوو، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و بارگرانی لەسەر دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و کەرتی تایبەتیش."

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستە ڕوو، كە دەکرێ ئەم سەنتەرە ببێتە هۆکارێک بۆ بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بە تایبەتی بازرگانی ئەلیکترۆنی لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوە و بەپێچەوانەشەوە، دەشڵێت: "پێویستە ئیشوکارەکانی ئەم کۆمپانیایە بە شێواز و سیستەمێکی پێشکەوتوو و لە چوارچێوەی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان ئەنجام بدرێت و کارئاسانی پێویست بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دابین بکات و ببێتە وەرچەرخانێکیش لە بواری پۆستە و گەیاندندا."

مەسروور بارزانی ڕاشیگەیاند: "هەر ئەم بابەتە راماندەكێشێتە بوارێكی دیكە كە ئەویش سیستەمی ناونیشان و ئەدرێسە كە پێویستە لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گونجاو و سەردەمیانە ڕێك بخرێتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەبێت لە زووترین كاتدا لەسەر ئەم بابەتە كار بكەن."

هەر لە ڕێوڕەسمەكەدا، سەرۆكی حكوومەت گوتی: "پێش ئەوەی كۆتایی بە وتارەكەم بێنم، دەمەوێ جارێكی تر لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هاووڵاتیان و بە تایبەتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكەم كە پاڵپشت و پشتیوان و پشوودرێژ بوون و خۆڕاگر بوون بەرامبەر ئەو پیلانەی هەندێك كەس و لایەن بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان ویستیان قەوارەی هەرێمی كوردستان بەوە لاواز بكەن كە داوای ئەوە بكەن كە مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێتە سەر پارێزگاكان. خۆڕاگریی ئێوە وایكرد ئەم پیلانە سەرنەگرێت و ئێمە بەردەوام لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بووین و گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی، هیوادارم كە ئێمە توانیبێتمان لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا كارێكی وا بكەین بابەتی بودجە و مووچە بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێت، هەروەك پێشتریش من باسم كردووە. هیوادارین لە ماوەیەكی نزیك لە پێش جەژن، تەواوی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكان و هی مانگی پێنجیش بۆ هەموو هاووڵاتیان دابین بكرێت. هیوادارم چیتر بابەتی مووچە نەبێتە هەواڵ و نووچەی میدیاكان و ئێمە بتوانین پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی بخەینە ئاستێكی دروست و بەرەو پەیوەندیی باشتریش هەنگاو بنێین."




دوایین هەواڵەکان

ئەکبەر حەیدەر: بڕیاری ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان ئاسانکاریی باشی بۆ کادیرانمان دروست کردووە

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئاماژە بە ئەنجامی گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوە ئۆرگانییەکانی حیزب دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی لقەکەیان بۆ سەر مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان-خانەقین ئاسانکاریی زۆری بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی کادیران و ئەندامان دروست کردووە و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خێراتر کردووە.

 
د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact