Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 10 OCT 2026 14:11 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ئەنجومەنی وەزیران: بەپێی یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی پەنجا ساڵەی شەهیدانی بۆمببارانکردنی قەڵادزێ و قوتابییانی زانکۆی سلێمانی لە ساڵی 1974 و گولله‌بارانکردنی خۆپێشاندانێکی ئەو شارە لە ساڵی 1982 دەکەینەوە کە لە سایەی خوێن و قوربانیدانەکانی شەهیدەکانمان ئەو دەسکەوتانەی ئێستا بەدەستهاتوون. سەرۆکوەزیران دووپاتیکردەوە کە هەمیشە خەبات و قوربانیدانی شەهیدەکانمان لەیادە.

پاشان سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی سەردانی سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانێکی گرنگ بوو و کاریگەریشی لە سەر پێشخستن و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە دەبێت.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێکی لە بارەی هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو بۆ مووچەی مانگی نیسان کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، بە فەرمی لیستی وردبینیکراو و پەسەندکراوی مووچەخۆرانی هەرێم بە زانیاری پێویستەوە بۆ مانگی نیسان ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە، کە چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، لەگەڵ مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێردرێت.

دواتر وەزیری دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا کە بە هاوبەشی لەگەڵ شاندی دانوستانکار ئامادە کرابوو، چەند میکانیزمێکی خستەڕوو بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا بە گوێرەی دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ، ئەمەش وەک دەستپێشخەری حکومەتی هەرێم بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە، بەجۆرێک کە بابەتی داهاتەکان، نەبێتە ڕێگر لەبەرامبەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، جەختی کردەوە کە نابێت هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بهێڵرێتەوە تا بکرێتە بیانوو بۆ خەرج نەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، هەر بە ئەم ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەستهاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.

سەبارەت بە بابەتی بەبانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێمیش، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە بە گرنگ دەزانێت و حکومەتی هەرێم هیچ کات دژی بە بانکیکردنی( تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبووە و نابێت، لە مێژە وەک لە کارنامەی کابینەکە هاتووە بە کردارەکیی پرۆسەی بەبانکیکردن( تەوتین) لە ڕێگەی ( هەژماری من)ەوە لە هەرێم دەستپێکراوە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری و برەودان بە چالاکی بانکی و شەفافیەت لە چالاکییە داراییەکان وسوودمەندبوونی هاووڵاتیان لە هەموو ئەو ئیمتیازات و ئاسانکارییانەی بانکەکان بۆ هاووڵاتییان دەستەبەری دەکەن بەو جۆرەی لە دونیای پێشکەوتوو پەیڕەو دەکرێت، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ زیاتر لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودی پرۆسەکە، ئەم بابەتەش شایەنی چارەسەرە لە ڕێگەی دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بە جۆرێک لە بەرژەوەندی مووچەخۆر بێت و بە ئاسانی پرۆسەکە تەواو بکرێت لە ڕێگەی ئەو بانکە باوەڕپێکراوانەی لە ژێر سەرپەرشتی و مۆڵەتی بانکی ناوەندیی، سەرقاڵی پرۆسەی تەوتینن لە چوارچێوەی پڕۆژەی تەوتینی هەرێم بە ناوی (هەژماری من) کە گشت مەرج وپێداویستییەکانی بانکی ناوەندیان جێبەجێ کردووە و حکومەتی هەرێم تەنیا ڕۆڵی ئاسانکاریی دەگێڕێت، ئەگینا پڕۆژەکە بانکە ڕێپێدراوەکان ئەنجامی دەدەن کە هەندێکیان لە پرۆسەی تەوتینی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بەشدارن.

سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتیش، حکومەتی هەرێم خوازیاری هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە وەک لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەسەری ڕێکەوتبووین کە لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت و داهاتەکەشی بچێتەوە ناو گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ لە دوای یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمەش پێویستە لە چوارچێوەی دوا کۆنووسی هاوبەشی هەردوولادا بێت کە لە مانگی یەکی ئەمساڵ ئیمزاکراوە بەڕەچاوکردنی بنەما دەستوورییەکان.

لە بەرامبەر ئەم پابەندییانەش، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت لە ناویشیاندا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگا و هەرێمەکان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە خستنەڕووی چەند پێشنیارێک سەبارەت بە ئاسانکاریکردن بۆ گەڕاندنەوەی پێشینەکانی بانکە پسپۆڕییەکان لای هاووڵاتییان (پێشینەکانی خانووبەرە، كشتوكاڵی ، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، گەشتوگوزار، هاوسەرگیری).

هەروەها پەسەندکردنی چەند پێشنیارێک سەبارەت بە یەکلاكردنەوەی قەرزی بانکە بازرگانییەکان و بابەتی ڕێژەی سوودی بانکیی سەر ئەم قەرزانە و ڕێکارەکانی وەرگرتنەوەی ئەم قەرزانە بە گوێرەی یاسای چاکسازی.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە پێداچوونەوەی پێویست بکات لە چوارچێوەی ئەو پێشنیارانەی لە کۆبونەوەکە خرانەڕوو، لەگەڵ پۆڵێنکردنی پێشینەکان، بەجۆرێک کارئاسانیی پێویست بکرێت بۆ هاووڵاتییان کە ڕەچاوی پاراستنی بەرژەوەندی گەنجینەی گشتی و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی پارەی گشتی بکرێت.

لە بڕگەی سێیەمدا، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان ڕەشنووسی پەیڕەوی ( پۆلێنکردنی بەڵێندەران و دانان لە لیستی بێبەشکردنی لە بەشداربوون لە هەرێمی کوردستان ) خستەڕوو.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەندی کرد، کە ئامانج لەم پەیڕەوە، پۆلێنكردنی بەڵێندەرانە لە هەرێم بەپێی پێوەرە کارپێکراوەکان لە بواری پسپۆریی و توانا و لێهاتوویی تەکنیکی و دارایی و دوورخستنەوەی بەڵێندەری نالێهاتوو كە توانا و كارامەیی نییە بۆ جێبەجێكردنی كارەكان، هەروەها مسۆگەركردنی هێنانەكایەی دادوەریی و شەفافیەت لە کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پڕۆژەکان و بێبەشکردنی ئەو بەڵێندەرانەی کە پابەندییەكانی گرێبەست پێشێل دەکەن لە بەشداریكردن لە گرێبەستە حكومییەكان.




دوایین هەواڵەکان

ئەکبەر حەیدەر: بڕیاری ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان ئاسانکاریی باشی بۆ کادیرانمان دروست کردووە

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئاماژە بە ئەنجامی گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوە ئۆرگانییەکانی حیزب دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی لقەکەیان بۆ سەر مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان-خانەقین ئاسانکاریی زۆری بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی کادیران و ئەندامان دروست کردووە و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خێراتر کردووە.

 
د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact